بیروڕا
گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان
ئەرکان جەبار

دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌ پڕ خۆت كرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی دابه‌شكردنی كاره‌با ‌و شاره‌وانی ‌و هاتووچۆ ‌و تاپۆی سلێمانیدا، هاووڵاتیان به‌ مامه‌ڵه‌كانیانه‌وه‌ به‌ره‌و پیرت هاتن و كێشه‌ و داواكارییه‌كانیان پێت گه‌یاند. ئه‌م دیمه‌نه‌ چه‌نده‌ بۆ مێژوو و ئه‌زموونی حوكمداریت گرنگ و زه‌رووره‌، بۆ هاووڵاتیانیش زیاتر مایه‌ی پێزانینه‌، به‌وه‌ی كه‌سی دووه‌می ناو حكومه‌ت بێ مه‌وعید و رێوڕه‌سمی پرۆتۆكۆڵی، خۆی ده‌كات به‌ ناو ئاپۆڕای هاووڵاتیاندا و له‌ خه‌م و كێشه‌كانیان ده‌كۆڵێته‌وه‌.

باشتروایه‌ له‌ ئێستاوه‌ حوكمی به‌ په‌له‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌ چاكسازییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران نه‌ده‌ین، لێگه‌ڕێین تا ئه‌وكاته‌ی ئه‌نجامه‌كان ده‌بینین. عه‌ره‌ب وته‌نی « العجول مخطئ ولو ملك، والمتآني مصيب وان هلك». چونكه‌ رۆژانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی په‌رچه‌كرداری رێكخراودا، ده‌بینین و ده‌بیستین كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ جگه‌ له‌ تای هه‌ڵبژاردن، هیچ جه‌دوایه‌كی ئه‌وتۆیان نییه‌، به‌ڵام له‌ بنه‌ڕه‌تدا وانییه‌، به‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ هه‌ر كار و هه‌نگاوێك له‌ خزمه‌تی هاووڵاتیاندا بنرێت، جێگای ده‌ستخۆشی و هاندانه‌. نه‌ قوباد تاڵه‌بانی و نه‌ هیچ كه‌سێكی دیكه‌ خاوه‌نی عه‌سای سیحراوی نین كه‌ به‌ شه‌و و رۆژێك بتوانێت گه‌نده‌ڵی و رۆتینات و كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی نزیكه‌ی 28 ساڵ به‌ "كن فیكون"ێك بنه‌بڕ بكات.

راسته‌ ده‌توانرا له‌و ماوه‌یه‌دا به‌شێكی زۆری گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكرانایه‌، به‌ڵام دیمه‌نی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان لای زۆربه‌مان روونه‌، كه‌ له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كاندا رێگری گه‌وره‌ هه‌بووه‌ له‌به‌رده‌م هه‌ر كار و هه‌نگاوێك به‌ ئاراسته‌ی چاكسازی و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیدا.

زۆركاتیش ئه‌هلی پشتی ئه‌و رێگرییانه‌ له‌ حكومه‌ت به‌هێزتر بوون، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا تێبینی ده‌كرێت، هه‌نگاوه‌كانی تاڵه‌بانی كوڕ له‌و جومگانه‌دا چڕبوونه‌ته‌وه‌ كه‌ پێشتر خه‌زێنه‌ی حكومه‌تیان هه‌ڵته‌كاندبوو، بۆیه‌ ده‌ستپێكی هه‌نگاوه‌كانی له‌ دانیشتن له‌گه‌ڵ بازرگانان و سه‌رمایه‌داران سه‌رچاوه‌ی گرت و دواتر به‌ره‌و كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان و ئێستاش رووبه‌ڕوو بۆ گوێگرتن له‌ كۆژانی هاووڵاتیان.
خواستی هه‌موانه‌ كه‌ ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌رده‌وام بێت و له‌ كوێ و له‌ كێ كه‌مته‌رخه‌می و گه‌نده‌ڵی ببینێت، له‌ رێگه‌ی دادگاوه‌ سزا بدرێن.

تموحی هه‌موانه‌ كه‌ رێكاره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی قوباد تاڵه‌بانی، هه‌موو جومگه‌كان بگرێته‌وه‌، ئاگاداری بارودۆخی (فه‌رمانگه‌كان، خزمه‌تگوزاریی گه‌ڕه‌كه‌ هه‌ژار و سیتییه‌كان، بازاڕ و بازرگانان، په‌روه‌رده‌ و فێركردن…تد) بێت و چاره‌سه‌ری ریشه‌یی بۆ كێشه‌ و گرفته‌كان بدۆزێته‌وه‌. ئه‌وكاتیش هه‌م مێژوویه‌كی پرشنگدار له‌ حوكمداریی تۆمار ده‌كات و هه‌میش پارێزه‌ری رێبازه‌كه‌ی مام ده‌بێت كه‌ هه‌میشه‌ ده‌یووت "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خانووه‌ قوڕه‌كان".

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ