بیروڕا
مەترسییەکانی سەر هەرێم
تەحسین تەها چۆمانی
هەرێمی کوردستان بەپێی هەندێک هەواڵ و راپۆرتی نێودەوڵەتی پێناچێت چیتر لە دوورگەیەکی ئارام بێت کە دڵمان بە پانتایی زیاتری سیاسیی، ئاسایش و جوگرافیاکەی خۆش بێت. لە چەند ساڵی داهاتوودا دەچینە قۆناغێک کە بە ئەگەری زۆر هەموو بەرنامە و پلانە ناوچەییەکان بەتایبەت لە دەرودراوسێی خۆمان لە ناو خاکی هەرێم دەبنە واقیعێکی تاڵ.

سیاسەتی واقیعگەرایی «بە واتای دوور لە خاکی خۆت ئەوەی دەتوانی بیکە» سیماکانی لە تەواوی ناوچەکەدا بەدیار کەوتوون، لە هەندێکی جێبەجێکراون و لەوانی تریش لە ئان و ساتدان.

هەرێم کەوتۆتە ناو چاوتێبڕینی سیاسەتی واقیعگەرایی ناوچەیی و دراوسێکانییەوە، جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ماوەی رابردوو ئاماژەیەکی گرنگی بە گوێی بەرپرسانی هەرێمدا دا:«ئەو ئەزموونە گەرەنتی کراو نییە».

پلاسخارت بێ بینینی پێدراوە سیاسیەکانی جیهان و ناوچەکە قسەیەکی لەو جۆرە ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک ئەوەی گوێ بە فراوانکردنی زیاتری مەودای ئازادی و دیموکراسی نادات، لەبارەی داهاتووی سیاسەت و ستراتیژ و بەرژەوەندیەکانیشی کەمتەر خەمە، ئەمە بەتایبەت لە کابینەی نۆیەمدا زۆر بێباکانە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

تورکیا چنگی لە بەرزاییەکانی هەرێمی کوردستان گیرکردووە، تا 40 کیلۆمەتر قوڵایی هاتۆتە ناوچەی بەرژەوەندییەکانی هەرێم، حکومەتی هەرێم وەک ئەوەی نایەوێت لە رێی کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە رێگری لەو فراوانخوازیە بکات، رەوایەتی پێ دەدات، بەمەش روون نییە تا ئێستاش حکومەتی هەرێم ئەمەی بە مەترسییەکی جددی لەسەر داهاتووی خۆی زانی بێت.

مەترسییەکانی سەر هەرێمی کوردستان، وێڕای ئەو قەیرانە ئابووریەی کە حکومەت خۆی باسی لێوە دەکات و هێشتا لەگەڵ بەغدا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێکی کۆنکرێتی لەبارەی پرسی بودجە و مووچە، جگە لەوەی کە لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا رێکەوتنی لەسەر کراوە، پرسی ئاو، چۆڵبوونی گوندەکان، کەمبوونەوەی کۆچەرییەکان، سوتانی دارستانەکان و داگیرکارییەکانی تورکیا، لەو مەترسیانەن کە هەرێمی کوردستان لەماوەی چەند ساڵی داهاتوودا دەخاتە بەردەم ئاستەنگی زیاتر و هەموو ئاماژەکانیش بەو ئاڕاستەیەن، کە هەژموونی وڵاتانی ناوچەکە، بە عیراقیشەوە بە ئەگەری زۆر زاڵتر دەبێت بەسەر هەرێمی کوردستاندا.

پێدەچێت هەژموونی تورکیا و عیراق، لە چەند ساڵی داهاتوودا لە هەرێمی کوردستان روو لە گۆڕانی نەوعی بکەن، تورکیا چنگی لە خاکی هەرێم گیرکردووە و بێخەمە لە هاتنەناوەوەیەکی بێ رێگری، لە عیراقیش لە دوای هەڵبژاردنی داهاتوو زیاتر ئەو هەژموونە بە دیار دەکەوێت، بە جۆرێک ئەگەر دۆخەکە تا مانگی 10ی ئەمساڵ لە عیراق گۆڕانی سیاسیی و ئەمنی بەدوا دانەیەت، بێگومان میلیشیاکان دەبنە خاوەن دەسەڵاتێک کە حکومەت ناتوانێت کۆنتڕۆڵیان بکات.

بەڵام، مەترسی ئێستا لەسەر هەرێم تورکیایە، بەجۆرێک وێڕای بۆردومانەکان، دەست بۆ وێرانکردنی سروشتی کوردستانیش دەبات، بڕینەوەی دارستانەکانی کوردستان، ئاماژەی سەرەتای چاوتێبڕینە ئابورییەکانی تورکیان لەسەر هەرێمی کوردستان، دۆسیەی نەوت و گازیش لە داهاتوودا لەو دوو پرسە دەبن، کە هەژموونی تورکیا لە هەرێم زیاتر دەکەن.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نیاز سەعید عەلی
تەحسین تەها چۆمانی
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
نه‌سرین كورده‌
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ