بیروڕا
عیراقی عیراقییەکان و عیراقی ئەوانی دیکە !
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
.


هەر شیکەرەوەیەکی سیاسی، هەر پسپۆڕێکی ئەمنی، تەنانەت هەر کەس و لایەنێک، دوو تەقینەوەکەی مەیدانی تەیرانی بەغدای ڕۆژی پێنج شەممەی 21_ 1_ 2021  پێ سەیر و نامۆ بێت، ئەوا نە شتێک لە مێژووی چەندان سەدەی رابردووی عیراق دەزانێت، نە لە رووی ئەمنیشەوە ئاشنایەتییەکی ئەوتۆی لەگەڵ دۆخی ئەمنی عیراق هەیە.

بەپێچەوانەوە عیراق لە هەر گۆشەیەکەوە و بە هەر شێوەیەک پێناسە بکرێت دەبێت دۆخی ئەمنی ناوخۆیی بەشێکی پێناسەکردنەکە بێت، ئەم دۆخە ئەمنییە خراپە لە هۆزەکانی کوفە و کەربەلاوە کە هێشتا بناغەی بەغداش دانەنرا بوو دەستپێدەکات و تاکو ئێستای سەدەی 21 بوونی هەیە، هەموو ئەو رابردووەی عیراق تێڕوانینێکی جێگیرکردووە کە ئەمڕۆ شوناسی عیراق سوناسێکە تێگەشتنی ئاسانە لە ڕوانگەی ڕووداوەکانییەوە کە هەموویان ڕووداوی هاوشێوە و نزیک لەیەکترن لەناو مێژووی ئەم وڵاتەدا.

بەوپێیەی مێژووی ئەم دۆخە ئەمنییە خراپەی عیراق درێژترە لە مێژووی ئەم دەوڵەتە لەژێر ناوی "عیراق" دا و کۆنتریشە لە مێژووی دڵی عیراق کە بەغدایە، کەواتە گەرا دانانی نەیارێتی لە عیراقدا ئاسانە. چ لایەنە ناوخۆییەکان و چ بەرژەوەندی ناوچەیی و جیهانیش لێناگەڕێت ئەم عیراقە پشوویەک بدات و بۆ ساتێک لەم دۆخە خراپە ئەمنییە دوور بکەوێتەوە و بچێتە دەرەوەی مێژوو، لەبەرئەوەیە عیراق تاکە جەستەی سیاسی جیهانە زۆرترین پێکدادانی لەسەر دەکرێت و زۆرترین دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ هەموو نەیارەکان تۆڵەکردنەوەیان لەیەکتر لەسەر خاکی عێراق ئاسان بێت، بۆیە هەموو ئەو تەقینەوانە و کوشتن و کارە تیرۆریستیانەی لە عیراق روودەدەن مەرج نییە لایەنە عێراقییەکان بێت بەرامبەر یەکتر ئەنجامی بدەن، بەڵکو بەشێکی پەیوەستە بە ململانێ و پێکدادانی وڵاتانەوە لەسەر خاکی عیراق و دواجار هەر عیراقییەکانیش دەبنە قوربانی "قوربانی جەستەیی و ڕۆحی" ناو ڕووداوەکان.

لە ڕاستیدا، بە خوێندنەوەی هەموو ئەو رووداو و یارییە سیاسی و ئەمنییانەی چ لە رابردوودا و چ لە ئێستادا لەسەر ساحەی سیاسی عیراق بینراون، پێماندەڵێن عیراق هەرگیز عیراقی عیراقییەکان خۆیان نەبووە، بەڵکو عیراق هەمیشە عیراقی وڵاتانی ناوچەیی و جیهانی بووە، هیچ کاتێک نەبووە عیراقییەکان لەسەر پێی خۆیان بووەستن و عیراقێکی بەهێز و کاریگەریان هەبێت ئەگەر وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزە جیهانییەکان نەیانویستبێت. بە باش و بە خراپ، ئەوە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و جیهانە بڕیار لە دۆخ و سیاسەتی عیراق دەدەن، ئەگەر وڵاتانی خاوەن بەرژەوەندی بیانەوێت ئەم عیراقە تێک بدەن و ئەمنییەتی بشێوێنن، لە کەمترین ماوەداو بەئاسانترین شێوە لەڕێگای گروپە تیرۆریستییەکانەوە، یان لەڕێگای پێکدادانی پێکهاتەو مەزهەب و هێزە سیاسییەکانی عیراقەوە دۆخی ئەمنی و سیاسی عیراق دەشێوێنن، ئەمە بە پێچەوانەیشەوە بۆ دۆخی ئارام و پێکەوەیی لایەنەکان هەر راستە.

تاکە لایەنێک لەسەر خاکی ئەم عیراقە بوونی هەیە و دەبینرێت میللەتی کوردە کە نەک نایەوێت و دەستی نییە لە خراپبوونی دۆخی ئەمنی عیراقدا بەڵکو هەمیشە و بە درێژایی مێژوو، پاشان لە دوای ساڵی 2003یشەوە لایەنی یەکەم بووە لە کۆکردنەوەی پێکهاتەکانی عیراقدا لە دەوری یەک مێزی گفتوگۆ بۆ ئاشتی گشتی و پێکهێنانی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکان لە عیراقدا، جگە لە کورد هیچ لایەن و وڵاتێکی ناعەرەبی لەعیراقدا قوربانی بەخۆی نەداوە ئەگەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی نەبووبێت.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ