بیروڕا
لە دەوڵەتەوە بۆ دوولەت
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

بە گشتی ئەو بۆچوونە زۆر دەقیق و راستە كە دەڵێت "هەندێك شت كە مرۆڤ خەونی پێوە دەبینێت و روونادات، خێری تێدایە"، بۆ نمونە راگەیاندن و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان!، خێری تێدا بووە كە ئەم دەوڵەتە لە دۆخێكی وەك رۆژگاری ئەمرۆی كوردستاندا دانەمەزرا، ئەگەر دەوڵەتی كوردستان بەم سیاسەتەی ئەمرۆ دابمەزرێنرایە، ئێستا نیوەی كورد بەهۆی برسێتییەوە لە سەرە مەرگدا بوون، ئەمەش بەهۆی ئەو سیاسەتی برسیكردنەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژی هێزە سیاسییەكانی دیكە بەكاری دەهێنێت، لە رابردوودا زوو زوو بەرگوێمان دەكەوت كە دەوڵەتی كوردستان نزیكە رابگەیەنرێت، ئەوانەی بەرواری دەوڵەتە كوردییەكە و وەرزی بەهاریان بۆ راگەیاندنی دەوڵەتەكە دادەنا، هەر ئەوانە ئێستا داوا دەكەن هەرێمی كوردستان ببێتە دوو لەت و "دوو ئیدارەیی".

وەکو هەڕەشە بەکاری دەهێنن

پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەوانەی ئێستا داوای دوو ئیدارەیی و دوو لەت بوونی كوردستان دەكەن، ئەم ویستە وەكو هەڕەشە بۆسەر دەسەڵاتدارانی زۆنی سەوز بەكار دێنن، ئەوەشی لێی تێناگەین ئەوەیە ئەم هەڕەشەیە بۆچی؟ موچە و بودجە و پرۆژە و خزمەتگوزاری و بابەتی دەرمان و تەندروستی و ئاوەدانییەكانی حكومەتێك بۆ زۆنەكەی خۆی بێت و نەگاتە زۆنی سەوز، ئیدی نازانم بوونی یەك ئیدارەیی چیە و چی مانایەكی بۆ حكومەتداری هێشتووەتەوە؟ بەپێچەوانەوە چەندان ساڵە دوو ئیدارەیی بوونی هەیە و بە واقیع لە كوردستاندا هەستی پێدەكرێت، ئیدی ئەم دوو ئیدارەییەی ئێستا باسی دەكرێت راگەیاندنی دوو ئیدارەییەكەیە و هیچی دیكە.

سیاسەتی کورد لە بەغدا

رۆژانێك كە سەرۆك "مام جەلال" سیاسەتی كوردی لە بەغدا دەجوڵاندن و پێگەی كوردی لەلای یار و نەیار بۆ ئاستێكی باڵا هەڵكشاند بوو، ئەو سەردەمە نوسەرێكی وەك "ئۆفرا بینگیۆ"ی ئیسرائیلی گەشتبووە ئەو بڕوایەی كە "هەرێمی كوردستان دەوڵەتێكە لە ناو دەوڵەت دا"، بەڵام لە غیاب و ژیانئاوایی مام جەلالدا، ئیدی رێسەكە بە خوری كرایەوە و هەندێك كەس و لایەن سواری سەری خۆیان بوون و قەوارەیەكی گەورە و بەهێزی وەك هەرێمی كوردستانیان خست بە ناو موزایەدەی رێفراندۆمەوە و تەواوی جوانی و بەهێزی و پێگە سیاسی و دپلۆماسی و كاریگەرەكەی لەدەست درا، ئەگەر ئێستا ئۆفرا بینگیۆ و هەر كەسێكی دیكە لە دۆخی هەرێمی كوردستان بڕوانێت، نەك باسی دەوڵەت ناكات لە ناو دەوڵەتی عیراقدا، بەڵكو دوو هەرێمی سەوز و زەرد دەبینێت لە ناو یەك عیراقدا كە ئەگەر ریفراندۆم و كەتنی ئابووری سەربەخۆ نەبوایە، عیراق هەرگیز وەك ئێستا بەهێز نەدەبوو.

ئازادی و ژیان و دڵنیایی

دوو ئیدارەیی و دوو لەت بوون كە پارتی دەیەوێت و وەك پاڵەپەستۆ بۆسەر زۆنی سەوز بەكاری دەهێنێت، پێش ئەوەی شەقام و باڵەخانەی هەور بڕ بێت، ئازادی و ژیان و دڵنیاییە و كورد ئەزمونی هەیە لەم بوارەدا و ئەوەشی ئێستا لە سلێمانی و هەڵەبجە هەیە بەزۆری!  لەسەردەمی دوو ئیدارەیی پێشوودا كراوە نەك یەك ئیدارەیی و حكومەتەكانی پێشوو كە پارتی پێكیهێناون، بە پێچەوانەی دوو ئیدارەیی پێشوو لەسەردەمی هوتافی ناوبۆش و بەتاڵی یەك ئیدارەیی و حكومەتی هەرێمدا ناوچەی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان پەراوێزخران و لەدوای یەكگرتنەوەی دوو ئیدارەكەوە پرۆژەیەكی ئەوتۆ لە ناوچەكانی زۆنی سەوزدا نابینرێت كە مرۆڤی كورد شانازی پێوەبكات، چونكە هەمیشە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ ناوچەكانی زۆنی زەرد زیاتر بووە لە زۆنی سەوز، ئەوەشی پارتی شانازی پێوە دەكات كاری حكومەتی هەرێم نییە كە ئیدارەی سلێمانی گەندەڵە و ئیدارەی هەولێر بێ كێشەیە.

پرۆژەکانی زۆنی زەرد

دەبێت هەموو كەسێك ئەو راستییە بزانێت و بەدواداچوونی بۆ بكات كە ئەو پرۆژانەی لە ناوچەكانی زۆنی زەرددا هەیە هەمووی كۆمپانیای توركییە كە ئامادەن لەوەش زیاتر بۆ ئەو زۆنە ئەنجام بدەن لە پێناو چەند بوار و مەبەستێكدا، لەوانە:

یەكەم: بۆئەوەی توركیا شوێن دەستی خۆی لە تەواوی ئەو ناوچانە بدات و لە هەر رۆژگار و زەمەنێكدا وەك مێژووی قەڵەمڕەوی توركیا بیكەن بە بەڵگەی تورك بوونی ئەو ناوچانە.

دووەم: بۆ ئەوەی توركیا لە رێگەی پرۆژەكانییەوە زیاتر دەستی بگاتە ناوچەكانی باشووری كوردستان، بەمەش زیاتر داهاتی سەرزەوی و ژێر زەوی بۆ خۆی هەڵدەلوشێت و بەتاڵانی دەبات و كەس و هیچ هێزێكیش نییە رێگری لەو تاڵانییە بكات و بەری پێ بگرێت.

سێیەم: یەكێكی دیكە لە مەبەستەكانی توركیا و تەواوی كۆمپانیا توركییەكانی زۆنی زەرد ئەوەیە تەنها پرۆژەی بازرگانی ئەنجام نادەن بەڵكو، تاكو زیاتر ئاشنای ناوچەكانی زۆنی زەرد ببن، ئەوەندەش بۆ دۆخی ئەمنی هێزەكانیان لە باشووری كوردستان و ئاگابوون لە جوڵە و جێگۆڕكێی حزبە كوردییەكانی باشووریش دەبن.

چوارەم: توركیا لە رێگەی كۆمپانیاكانییەوە جەنگی نەیارە سەرسەختەكەی دەكات كە پارتی كرێكارای كوردستانە، تاكو توركیا زیاتر پرۆژە لە زۆنی زەرددا ئەنجام بدات هێندەش بەهێز دەبێت لە بەرامبەر پارتی كرێكارانی كوردستاندا و دەیەوێت لەو رێگەیەوە پێگەی ئەو پارتە لە باشووری كوردستاندا كەم بكاتەوە.

كەواتە ئەوەی بۆمان دەردەكەوێت تەنانەت لە رووی كۆمپانیاكانی ئاوەدانكردنەوەیشەوە ئەو جیاوازییە زۆرە لە نێوان زۆنی سەوز و زەرددا هەیە، كۆمپانیا توركییەكان لەبەرئەوەی پارەكەیان لەناوخۆی هەرێمدا نییە، هیچ كاتێك لە كاركردن نەوەستاون، ئەمەش بەپێچەوانەی كۆمپانیاكانی زۆنی سەوزە كە ناوخۆیین و چاوەڕێی دەستی حكومەت دەكەن ساڵانە یان مانگانە بڕێك پارەیان پێبدات. بەمەش هەركاتێك پارە نەبوو ئەوا كاركردن لە پرۆژەكانی زۆنی سەوزدا دەوەستێت و ئەوەی لێ بەرهەم دێت كە ئەمڕۆ دەیبینین.

دوو ئدارەیی

بۆیە، ئەگەر بابەتی دوو ئیدارەیی و دوو لەت بوونی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی رەهەندە نیشتمانی و نەتەوەییەكەیەوە، لای پارتی شتێكی قبوڵكراو و پەسەندە، ئەوا پێویستە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ئەوەی لە رووی پێگەكەیەوە لە حكومەت و یەك ئیدارەییدا زەرەری كردووە و پشكی خۆی بەر نەكەوتووە، هاوكات هاوڵاتیانی زۆنی سەوزیش كە قوربانی سیاسەتی برسی كردن و دژایەتی حكومەتن بۆ زۆنی سەوز، دەبێت بۆ دوو ئیدارەیی"كڕڕەی میللی سوور بكەن" وەك پەندە كوردییەكە ئاماژەی بۆ دەكات.

ئەو ویست و داواكارییە زۆرەی پارتی بۆ راگەیاندنی دوو ئیدارەیی و دوو لەت بوون، هێزێكی نەرێنی پارتییە بۆسەر یەكێتی بەو هیوایەی دەرئەنجامی ئەرێنی بۆ پارتی لێبكەوێتەوە و یەكێتی بە خاتری رێزگرتن لە بنەمای نیشتمانی و نەتەوەیی قەوارەی هەرێم بە دوولەتی و دوو ئیدارەیی قبوڵ نەكات و هەرچی شتێك پارتی بیەوێت یەكێتی قبوڵی بكات. بەڵام لە راستیدا هاوكێشەكە تەواو پێچەوانەیە، پارتی لە یەك ئیدارەییدا قازانج دەكات و دوو ئیدارەیی وەك پەستان بۆسەر یەكێتی بەكار دەهێنێت و ئەوەی پارتی كۆیكردۆتەوە لە قۆناغی یەك ئیدارەییدا بووە، هاوكات یەكێتیش لە دوو ئیدارەییدا قازانج دەكات بەڵام بەبیانووی پرسی نیشتمانیی و نەتەوەیی وەك رەهەندی مێژوویی ئەم حزبە و فیكری رابەرەكەی، نایەوێت ئەم قەوارەیە تووشی لێكترازان ببێت و زمانی گفتوگۆ و سازان رەت ناكاتەوە و بە چارەسەری دەزانێت.

‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ