بیروڕا
میدیا و بینەر، هاوکێشەی پێچەوانە
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
یەکەم یاری نێوان دانیمارک و فیللەندا لە پاڵەوانێتی یۆرۆی 2020، یاریزانێکی دانیمارکی "کریستن ئیرکسن" بە جەڵتەی دڵ کەوتەسەر زەوی یاریگاکە و بۆ ماوەیەک یارییەکە راگیرا، لە رووداوێکی ئاوا ترسناکدا کە هاندەرانی هەردوو هەڵبژاردە بۆ یاریزانەکە دەگریان، کەناڵی BBCی بریتانی یەک وێنەی حاڵەتەکەی بڵاوکردەوە، ئەم وێنەیە دەستاودەستی کردو گوازرایەوە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بووە جێگای قسە لەسەرکردن، ئەم کەناڵە بڵاوبوونەوەی وێنەکەی خۆی بەتاوانێکی میدیایی زانی و رۆژێک دوای رووداوەکە، پۆزشی هێنایەوە و داوای لێبووردنی لەتەواوی بینەرەکانی کرد کە وێنەیەکیان بڵاوکردۆتەوە، نەدەبوو هەڵەیەکی لەم جۆرە بەسەریاندا تێپەڕ ببێت.

(پۆزش هێنانەوە و داوای لێبووردن) وەک چەمک، بە گشتی بە لای هاوڵاتی خۆرهەڵاتییەوە نەنگی و کەموکورتییە کە لەئاست هەڵەکانیاندا پیشانی بدەن، بەڵام ئەم نەریتە لەلای خۆرئاواییەکان ئاساییترە و نەک پێیان عەیبە و کەموکورتی نیە بەڵکو جێگای شانازیشیانە و وەک کارێکی ئەخلاقی و مۆراڵی لێی دەڕوانن. پۆزش هێنانەوە یان داوای لێبووردن لەناو میدیا خۆرهەڵاتی و خۆرئاواییەکاندا جیاوازی هەیە، ئەگەر بڕوانینە ساڵی 2014 و سەرەتای دەرکەوتنی داعش و ئەو قەتڵ و عامەی لە شەڕی نێوان داعش و سوپای عیراق و پێشمەرگەدا ڕوویدا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زۆرێکی سایت و هەندێک تیڤیش درێغیان نەکرد لە بڵاوکردنەوەی وێنەی کوژراوەکانی داعش، میدیاکان ئەم دۆخەیان وەک دەستکەوت و سەرکەوتن دەگواستەوە نەک پۆزش هێنانەوە بۆ کارێکی هەڵەی میدیایی لەو شێوەیە کە لێکەوتەی خراپی دەبێت بۆ هاوڵاتیان، لەکاتێکدا دەبینین میدیای بیانی بڵاوکردنەوەی وێنەی یاریزانێک لەکاتی کەوتنیدا لەنێو یاریگا بە کارێکی نا میدیایی دەزانێت و پۆزش بۆ بینەرەکانی خۆی دێنێتەوە و پێیشی عەیبە و کەموکورتی نییە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەت فەیسبووکدا، سیستمێکی هاوسەنگ هەیە، هەندێک وێنە و پۆست کە لێکەوتەی خراپی هەبێت، فەیسبووک رێگە بەبڵاوکردنەوەی نادات بۆئەوەی نەبێتە هۆی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و بیری شەڕەنگێزی و کاریگەری نەرێنی نەبێت، تەنانەت فەیسبووک وێنەیەکی داناوە، هەر بەکارهێنەرێک ئەو وێنەیە بکاتە پرۆفایل ئەوا فەیسبوکەکەی دەسووتێنێت، کەچی لە میدیای کوردیدا هیچ سانسۆرێک نییە رەچاو بکرێت بۆ تێکنەدانی لایەنی دەروونی بینەر و وەرگری کوردی.

رۆژانە لە میدیا و دەزگا کوردییەکانەوە، وەک کارێکی مەبەستداری لێهاتووە کە هەواڵە ناخۆشەکان بەگوێی بینەردا بدرێت و کەسیش داوای لێبووردن لەبینەر نەکات، میدیاکان نەک داوای لێبووردن لە بینەر ناکەن و خۆیان بە بەشێک لە قەیرانی تۆرانی بینەر نازانن لە میدیا، تەنانەت ئێستا دەبێت بینەر داوای لێبووردن بکات لەوەی سەیری میدیای کوردی ناکات و بەلایەوە گرنگ نییە لە کوردستاندا و لەناو هەواڵەکانی میدیای کوردیدا چی دەگوزەرێت؟

ئێستا پۆزش هێنانەوە و داوای لێبووردنکردن لەنێوان میدیای خۆرئاوا و خۆرهەڵاتدا هاوکێشەیەکی پێچەوانەیە، میدیای ئەوروپی و خۆرئاوایی داوای لێبووردن لە بینەر بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەپای هەر کەموکورتی و کارێکی هەڵە ئەگەر بەسەریاندا تێپەڕ بووبێت و بووبێتە مایەی نەنگی بۆ خۆیان و کارەکەیان، بەڵام لە خۆرهەڵات بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی میدیاکان سەرەڕای ئەو هەموو هەڵەیەی دەیکەن هێشتا ئامادە نین پۆزش بۆ بینەر و وەرگر بهێننەوە و پێ لە هەڵەکەی خۆیان بنێن، بەپێچەوانەوە ئەوە بینەرە داوای لێبوردن لە میدیا دەکات بەو هۆیەی ئامادە نییە سەیری میدیا کوردییەکان بکات و کاتی خۆی بە دیار میدیای کوردییەوە بەسەر بەرێت.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ