بیروڕا
عێراق نێوه‌ند گیری‌ له‌ نێوان سعودیه‌و ئێراندا ده‌كات
بورهان شێخ ڕه‌ئوف


ئه‌گه‌رچی‌ له‌ سه‌رده‌می‌ كابینه‌كه‌ی‌ عادیل عه‌بدولمهدی  قسه‌وباسێكی‌ واهه‌بوو كه‌ حكومه‌تی‌ عێراق نێوه‌ند گیری‌ بكات له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران و عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ به‌مه‌به‌ستی‌ هێوركردنه‌وه‌ی‌ بارودۆخی‌ شڵه‌ژاوای‌ ناوچه‌كه‌، به‌ڵام به‌ هۆی‌ خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ عێراق كابینه‌كه‌ی‌ عه‌بدولمهدی‌ ته‌مه‌نی‌ كورت بوو ئه‌و شانسه‌ی‌ به‌رنه‌كه‌وت .
ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ له‌ دوای‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ مسته‌فا كازمی‌ بۆ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گه‌ڕێكی‌ وتوێژی‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ له‌ عێراق ئه‌نجام دراوه‌ له‌ سه‌ره‌تای‌ ئه‌م مانگه‌دا  ، له‌لایه‌ن سعودیه‌وه‌ سه‌رۆكی‌ ده‌زگای‌ هه‌واڵگری‌ خالید بن عه‌لی‌ حمیدان سه‌رۆكایه‌تی‌ شانده‌كه‌یانی‌ كردووه‌  ، لایه‌نی‌ ئێرانیش سه‌عید عرافانی‌ جێگری‌ ئه‌مینداری‌  ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ئاسایشی‌ نیشتمانی‌ ئێران   سه‌رۆكایه‌تی‌ شانده‌كه‌یانی‌ كردووه‌ .

له‌ هه‌مانكاتدا ناوه‌نده‌ دیبلۆماسیه‌كان له‌ ریازی‌ پایته‌ختی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌له‌ كۆتایی‌ ئه‌م مانگی‌ نیسانه‌دا  یان سه‌ره‌تای‌ مانگی‌  ئایاری‌ داهاتوو گه‌ڕێكی‌ تری‌ گفتوگۆكان به‌ ڕێوه‌ بچێت له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتی‌ ئێران و سعودیه‌ دا ، هه‌رچه‌نده‌  دیاریكردنی‌ كات و ئه‌جندای‌ كۆبوونه‌وه‌كان زیاتر په‌یوه‌ندی‌ به‌ پێشووه‌چوون و ئه‌نجامه‌كانی‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ڤیه‌نا ی‌ تایبه‌ت به‌ دۆسیه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌ ، له‌هه‌مانكاتدا سه‌رچاوه‌ ئاگاداره‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ گفتوگۆكان زۆر به‌ پیت بووه‌و باسی‌ زۆر بابه‌تی‌ هه‌ستیارو په‌یوه‌ندیدار به‌ هه‌ردوو لاوه‌ كراوه‌ له‌وانه‌ دۆسیه‌ی‌ یه‌مه‌ن .
داخوازیه‌كانیان له‌ یه‌كدی‌
هه‌ردوولا داخوازییان له‌ یه‌كتر هه‌یه‌ وه‌كو دوولای‌ یه‌ك هاوكێشه‌ به‌ هۆی‌ تێكچڕانی‌ كێشه‌ و ململانێ‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌و نێوان هه‌ردوولایان به‌ تایبه‌تی‌ ، له‌لایه‌ك سعودیه‌كان داخوازی‌ ئه‌وه‌یان له‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ كردووه‌ كه‌ هه‌ژموون و پێگه‌ی‌ خۆیان به‌كاربهێنن بۆ وه‌ستاندنی‌ شه‌ڕی‌ یه‌مه‌ن و به‌ تایبه‌تی‌ په‌لاماره‌ به‌رده‌وامه‌كانی‌ حووسیه‌كان كه‌ هاوپه‌یمانی‌ ئێرانن بۆ سه‌ر دامه‌زراوه‌ ئابوری‌ و نه‌وتی‌ و سه‌ربازییه‌كانی‌ عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ ، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئێرانیه‌كان داوایان له‌ سعودیه‌ كردووه‌ كه‌ هاوكاری‌ و هه‌ماهه‌نگی‌ یان بكات له‌ دۆسێه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ و ڕێككه‌وتننامه‌ی‌ ( 5+1) كه‌ ساڵی‌ 2015 ئیمزا كراوه‌  و له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی‌ ڤیه‌نا له‌ نێوان ئێران و وڵاته‌ زلهێزه‌كان .
هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ كاتێكدا ده‌وترێن هێشتا تاران و ریاز هیچیان به‌ فه‌رمی‌ دانیان به‌وه‌دا نه‌ناوه‌ كه‌ ئه‌م گفتوگۆانه‌ كراوه‌ یان نا ، به‌ڵام ئیره‌ج مسجدی‌ باڵوێزی‌ ئێران له‌ عێراق خۆشحاڵی‌ خۆی‌ ده‌ربڕی‌ به‌ نێوه‌ندگیری‌ عێراق بۆ چاككردنه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ ئێران و وڵاتانی‌ كه‌نداوی‌ عه‌ره‌بی‌ .
شایانی‌ وتنه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دیبلۆماسیه‌كانی‌ سعودیه‌ و ئێران له‌ ساڵی‌ 2016 ه‌وه‌ بڕاوه‌ و ساڵی‌ 2019  عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ ئێرانی‌ تۆمه‌تباركرد به‌ بۆردومانكردنی‌ دامه‌زراوه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ له‌لایه‌ن حوسیه‌كانی‌ یه‌مه‌نه‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر چی‌ تاران به‌ توندی‌ ئه‌وه‌ی‌ ڕه‌تكرده‌وه‌ .
تاران و ریاز جگه‌ له‌ یه‌مه‌ن له‌ زۆر دۆسیه‌ی‌ تریشدا به‌ریه‌ككه‌وتنیان هه‌یه‌ چ له‌عێراق و سوریا بێت یان دۆسیه‌ی‌ لوبنان و هه‌ژموونی‌ ئێران له‌و وڵاته‌  عه‌ره‌بستانی‌ سعودیه‌ی‌ گه‌لێك نیگه‌ران كردووه‌ به‌ تایبه‌تی‌ هه‌ژموونی‌ ته‌واوی‌ حزبوڵا به‌سه‌ر لوبناندا .
له‌ به‌ر هه‌موو ئه‌و فاكته‌رانه‌ نزیك بوونه‌وه‌ی‌ ریاز و تاران به‌ ده‌ستپێشخه‌ری‌ و ناوه‌ندگیری‌ مسته‌فا كازمی‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی‌ عێراق گرنگیه‌كی‌ زۆری‌ ده‌بێت بۆ سه‌قامگیری‌ و ئارامی‌ ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی‌ و له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ عێراق و ئنجا وڵاتانی‌ تر چونكه‌ بارودۆخی‌ شڵه‌ژاوی‌ عێراق بووه‌ته‌ گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ ململانێكانی‌ ئه‌م وڵاتانه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان .
له‌ كۆتاییدا كۆبوونه‌وه‌كانی‌  ڤیه‌نای‌ تایبه‌ت به‌ به‌رنامه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ی‌ ئێران كاریگه‌ری‌ ڕاسته‌وخۆی‌ ده‌بێت له‌ سه‌ر كۆی‌ دۆسیه‌ هه‌ڵسپێراوه‌كانی‌ ناوچه‌كه‌  ، به‌ تایبه‌تی‌ له‌ كاتێكدا سعودیه‌كان خوازیاری‌ گفتوگۆیه‌كی‌ گشتگیرترو فراوانترن له‌ مه‌ڕ دۆسیه‌ی‌ ئه‌تۆمی‌ ئێران كه‌ وڵاتانی‌ ناوچه‌ی‌ كه‌نداویش به‌شداری‌ تێدابكه‌ن و له‌و بڕوایه‌دان هه‌ر پێشووه‌چوون و ڕێككه‌وتنێك له‌ ڤیه‌نا سه‌ره‌تای‌ دروستبوونی‌ متمانه‌یه‌ بۆ گفتوگۆی‌ به‌ پیتتر .
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ