بیروڕا
دەسەڵاتی هەرێم بە ژنان بسپێرن
سۆما خالید

ئەگەر سەیری میژووی ولاتان بکەین، لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە لە ئەوروپا داوای مافی یەكسانی هەردوو رەگەز لە ناو كۆمەڵگەدا كرا، کە لە بەریتانیا بە شێوەیەكی فەرمی دەستەی چالاكی سیاسیی ئافرەتان بۆ وەرگرتنی مافیان لە كاروباری سیاسی لە ساڵی ١٨٦٥ دامەزرا. لە ویلاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كۆنگرەی ئافرەتان لە ساڵی ١٨٥٠ بۆ بەرگری لە مافی مێینە بەسترا و بایەخی پێدرا، وە ساڵی ١٨٦٩  ئەنجومەنەكانی سیاسیی ئافرەتان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپایی دامەزران و چالاكی خۆیان دەست پێكرد. لە ١٩١٨ تا ١٩٢٨ئافرەتان لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی مافی دەنگدان و بەشداری لە كاروباری سیاسییان هاوشێوی پیاوان بە دەست هێنا و سیستمی دیموکراسی پەیرەو کرا و هەر ئەو سیستەمەش رێگا دەدات ژن لەناو سیاسەتدا کار بکات و دەستی باڵای هەبێت، وە لە ئێستادا لە ولاتە پێشکەوتووەکان ژنانی سیاسەتمەتدار زیاتر دەبینرێت لەچاو ژنانی کورد کە رێژەیان زۆرە، ئەمەش لەرووی دیموکراسییەوە هەوڵی جدی بۆ نراوە کە مێینەکان زیاتر بهێندرێنە ناو بواری سیاسەت.

هەروەها هەرێمی کوردستان کە باس لە دیموکراسیبوون دەکات و خۆی بە دیموکراسی ناو دەبات، پێویستە لەمەودوا پیاوانی دەسەڵات، هەرێم بە ژنانی باشوور بسپێرن و ئەوەی پیاوانی سیاسەتمەدار و سەرکردە تا ئێستا نەیانتوانیوە پرسی کورد چارەسەر بکەن، جگە لە بەرهەمهێنانی هەرێمێکی شکستخوارد کە جێگای حاشا کردن و نکولی کردن نییە و رووداوەکانی ئەمڕۆ شاهیدی ئەو ڕاستین. ئیتر کاتی ئەوەیە ئافرەتان بەشداری سیاسەتیان پێبکرێت و جگە لە پۆستە باڵاکانی حکومەت، نەتەوە و گەلیان پێی بسپێردرێن و بەرێوەی ببەن، نابێت چیتر لە چوارچێوەی پۆستە لاوازەکانی حکومەت ببینرێت، چونکە سیاسەت ئەو زانست و مەعریفە قورسە نییە كە ئافرەتان توانای پلان و بەڕێوەبردن و رێكخستنی نەبێت، پاشان بە بەشداری پێکردنیان نەتەوەی کورد بەرەو پرۆسەی رزگاری و سەروەری دەبات و هەر کۆمەڵگایەک گرینگی بە ژنان بدات گەشەی بەخۆیەوە دەبینێت و پەرە دەسەنێت و سەروەری نەتەوەکەی مسۆگەر دەکات. بەڵام هوکاری رێگری کردنی پیاوان و دروستکردنی ئاستەنگ و گرفت لەبەردەم ژنان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێیان قەبولناکرێت ئافرەتێک رابەرایەتیتان بکات و لە ژێر فەرمانیدا بن، بە بیانوی لاوازی و هەلسوکەوتیان کە ئەمەش پەیوەندی بە نواندنی رەق و نەرمی ئافرەتەوە نییە، چونکە سیاسەت پرۆسەیەکی تایبەتە و ململانێ و ركابەری و توندوتیژی هەیە. هەرچەندە بە درێژای خەبات و شۆڕشەکانی کورد ئافرەتانیش شانبەشانی پیاوان پێشمەرگایەتی و کاری رێکخستنیان کردووە، بەڵام پێکهاتەکانی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان پێگەیان کەمتر کردونەتەوەو کردویانن بە پاشکۆی خۆیان، ئەو ژنانەشی لە بواری کارکردنی سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهوی عەقڵیەتی پیاوسالاریدا دەبیندرێت وەک ئامرازێک بەکاریان هێناون لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان بۆ بەهێزکردنی پێگەیان، چونکە ئەگەر ئەو توانایە بۆ بەهێزكردن و پشتگیریكردنی پیاو بەکاری نەهێنن ئەوا رێی پینادرێت وەك ئافرەتێک و بۆ بەرژەوەندی ژن و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكەی كار بكات. ئێستا کاتی شۆڕشی ژنانە بە یەکدەنگی داوای ماف و بەشداریکردنیان لەناو کاری سیاسی بکەن و ئەو دەسەلاتە بەدەست بهێنن، تا کاریگەری خۆیان لە پێشخستنی گشت لایەنەکانی کۆمەڵگا بسەلمێنن.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ