بیروڕا
دیوی دووەمی ڕادەست نەکردنی نەوت
مقداد کانی توویی

نەوت وەک سەرچاوەیەکی سەرەکی وزەو کاڵایەکی ھەرە گرنگی بازرگانی بەتایبەتی لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا  تا ئەمڕۆ بووەتە باشترین چەکی دەستی وڵاتانی خاوەن ئەو سامانە سروشتییە کە بەھۆیەوە وێڕای بەھێزکردنی ئابوری وڵات و تەمویلکردنی حکومەتەکانیان و فاکتەرێکی گرنگی بەھێزکردنی پێگەی سیاسیشیان بووە .

 ھەرێمی کوردستانیش بەھۆی بوونی یەدەگێکی زۆری نەوتی خاو لەژێر خاکەکەیدا چانسێکی باشی داوە بە حکومەتی ھەرێم کە بتوانێت بەھۆیەوە ھەم پایەی ئابوری خۆی لەسەر بنیات بنێت و ھەم لەڕێگەی پێدانی ھەلی کار بە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوتی وڵاتانی زلھێزی خاوەن بڕیار لەجیھانداندا  ھەرێم بخاتە سەرنەخشەی جیھانی وزەو ھەم بەھۆی دەستەبەر کردنی بەرژەوەندی ئەو وڵاتانە پێگەی سیاسی ھەرێم بەھێزبکات و پشتیوانی زلھێزەکان بۆخۆی زامن بکات .

 بەڵام بەھۆی سروشتی حکومەتی ھەرێم کە ھێشتا سیستماتیک نەکراوەو ھەژموونی حیزب بەسەریدا زاڵە ، ھەر زوو بەھۆی چاوچنۆکی حیزب وبەرپرسانی باڵای حکومەت و چاوتێبڕینیان لە داھاتی نەوت ، ئەو دەرفەتەیان خستە لێواری لەبار بردن و بەبنەماڵەیی کردنی سێکتەری نەوتیان کردە دیارترین سیمای ئەم ھەرێمە ، بەتایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان  کە لەدوای ٣١ی ئابەوە توانی پێگەی سیاسی و حکومڕانی خۆی بەھێزبکات و بەھۆی ئەوساختەکارییانەی لەھەڵبژاردنە یەک لەدوای یەکەکاندا کردوویەتی توانی ھەژموونی خۆی بەتەواوی بەسەر حکومەتدا بسەپێنێ و زۆربەی جومگەگرنگەکان بۆخۆی کۆنتڕۆڵ بکات .

 ھەربۆیە لەکاتی پێکھێنانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتدا وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی بۆخۆی قۆرخکردو بەمەش سێکتەری نەوتی وەک  مەلەفێکی نھێنی بەبیانوی پاراستنی ئەمنی قەومی و سەروەری نیشتمانییەوە لەدەستی خۆیدا ھێشتەوە ، تەنانەت گرێبەستی پەنجاساڵەی لەگەڵ تورکیاو سەرجەم گرێبەستەنەوتییەکانی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان و بەرھەم ھێنان و بەبازاڕکردنی نەوت و بڕی بەرھەم و شێوازی فرۆشتن و داھاتەکەی نەک لە خەڵکی کوردستان شاردەوە .

 بەڵکو پەرلەمانیش وەک گەورەیرین دامەزراوەی تەشریعی و چاودێریکردن ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو سێکتەرە گرنگە نییە ،  ھەرچەندە لەکابینەی ڕابردوو لەژێر گوشاری لایەنەکان پارتی ڕازی بوو بەپێکھێنانی سندوقی داھاتە نەوتییەکان و پەرلەمان بەپێی یاسایەک ئەو سندوقەی دامەزراند ، بەڵام تا ئێستاش ئەو سندوقە بەبەتاڵی ماوەتەوەو یەک دیناری نەوت نەخراوەتە ئەو سندوقەوە ،  ئەمەش وایکرد مەلەفی نەوت بەناشەفافی و گوماناوی بمێنێتەوەو نەوت نەک ھەر نەبۆتە مایەی بەھێزی ئابوری وڵات و خۆشگوزەرانی خەڵک ، بەڵکو حکومەتی ھەرێمی لەسایەی ئەوەی ناویان ناوە ( ئابوری سەربەخۆ ) دەیان ملیارد ۆلار قەرزدارە ، ئەمە جگە لەو گرفت و ناکۆکییانەی کەلەنێوان  ھەولێرو بەغدا دا دروست بووە  لە سەر نەوتی ھەرێم .

ئەوەی کەجێگای گومانە لەلای خەڵک و چاودێرانی سیاسی و ئابوریەوە  ئەوەیە کە کەس نازانێت داھاتی نەوت چەندەو لای کێیە ، ئەوەی گومانەکەی زیاتر کردووە ئەوەیە کەلەدروستبوونی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە تا ئێستا ئەو وەزارەتە ھەرلای پارتییەو کەسێکی نزیک لەبنەماڵەی بارزانی کراوە بەوەزیری ئەو  وەزارەتە تەنانەت لەم کابینەیەی ئێستادا خودی سەرۆکی حکومەت کە مەسرور بارزانییە خۆی سەرپەرشی ئەو وەزارەتە دەکات و وەزیری بۆدانەنراوە ، ھەربۆیەش پارتی ڕازی نییە بەپێی ڕێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا بڕێک لەنەوتەکە ڕادەستی بەغدا بکات و لەبەرامبەریشدا مووچەو بودجەی ھەرێم مسۆگەر بکرێت ،  چونکە ڕادەستکردنی نەوت بوار بۆ دیزە بەدەرخۆنەکردنی نەوت و داھاتەکەی بۆ ئەوان ناھێڵێتەوە .
‌‌ زیاتر ...
چاوەڕوان محمود
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
بێستون سابوراوایی
بورهان شێخ ڕه‌ئوف
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ