بیروڕا
ھەرێم بۆچی بەم دۆخە گەیشت ؟
مقداد کانی توویی


دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق و پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق پەیوەندی نێوان ھەرێم و بەغدا چووە قۆناغێکی نوێوەو گۆڕانێکی گەورەی پۆزەتیڤی بەخۆوە بینی کە زیاتر لە بەرژەوەندی ھەرێمدا بوو ، چونکە عێراق بوو بەخاوەنی دەستورێکی نوێ و لەو دەستورەدا ھەرێم تاڕادەیەكی زۆر مافە سیاسی و ئابووریەکانی چەسپا.

 ھەرچەندە ھەندێ کێشەی ھەڵپەسێرراو مانەوە کەپەیوەندی بە ناوچە جێناکۆکەکانەوە ھەبوو ، ئەویش چارەسەرەکەی لەماددەیەکی دەستوریدا دیاریکرا کە ماددەی (١٤٠ ) بوو،  لەڕووی سیاسێیەوە قەوارەی ھەرێم وەک ھەرێمێکی فیدڕاڵ لەچوار چێوەی عێراقی فیدڕاڵداچەسپی ئەمە وێڕای پێدانی چەندان پۆستی گەورەی سیادی لەعێراق وەک سەرۆک کۆمارو جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەو جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەندان وەزارەت و پۆستی تری باڵاو بوونی ژمارەیەکی زۆری پەرلەمانتار لەبەغدا، ئەمەش مانای ئەوەیە کە کورد لەبەغدا بەکردەیی بوو بەشەریک لەبڕیاری سیاسیدا .

 لەڕووی ئابوریشەوە ڕێژەی ٪‏١٧ بودجەی عێراق بۆھەرێم تەرخان کرا ، جگە لەو سەدان ملیۆن دۆلارەی کە وەک بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان دەدرا بەھەرێم ، لەسەروی ئەمانەشەوە سەرجەم داھاتە ناوخۆییەکانی ھەرێم و داھاتی گومرگەکان وخاڵەسنوریەکانیش کە ھەمووی لەدەستی ھەرێم خۆیدا مایەوە ، لەو ماوەیەدا وێڕای ناشەفافیەت لەداھات و خەرجییەکان و گەندەڵی و بەھەدەردانی داھاتی ھەرێم ، بەڵام ھەرێم لەھەموو ڕوویەکەوە گەشەکردنێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی ،ژمارەیەکی زۆر خەڵک لەھەموو سێکتەرەکان دامەزران و ھەزاران پڕۆژەی گەورەو بچووک ھاتە واری جێبەجێکردن ، ھەلی کار تاڕاددەیەکی باش فەراھەم بوو ، بازاڕ گەرم و گوڕ بوو ، بەڵام زۆری نەخایاند پارتی کەزۆرینەی جومگە سەرەکیەکانی حکومڕانی بەدەست بوو بەھۆی خۆ بەزل زانی و غروری سیاسییەوە ھەرێمی بەرەو کۆمەڵێک ھەڵەی ستراتیجی برد ،

 پڕۆژەی ناکامڵی ئابوری سەربەخۆیان  ھێنایە ڕۆژەڤەوە ، دەستیان کرد بە گەڕان و کنەکردن بەدوای نەوتدا ، چەندەھاگرێبەست وپرۆتۆکۆڵی ژێربەژێرو ناشەفافیان لەگەڵ تورکیاو چەندکۆمپانیایەکی زەبەلاحی نەوت ئیمزاکرد، ڕێککەوتنی پەنجا ساڵەی تەم و مژاوی نەوتیان لەگەڵ تورکیا واژۆکرد بێ ئەوەی پەرلەمان و حیزبەکان ودام ودەزگا پەیوەندیدارەکان ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەو گرێبەستانە بن ،

 ژێربەژێر کەوتنە وەررگرتنی پارەو شیرینی نەوت لەکۆمپانیاکان بێ ئەوەی کەس ئاگاداری بڕوچەندێتییەکەی بێت و بزانێت کێ وەریگرت و کێ خواردی ،لەڕووی سیاسیشەوە پارتی کەوتە دژایەتی بەغداو بەفیتی تورکیا بارزانی ھەوڵیدا بۆکۆکردنەوەی دەنگی پەرلەمانتارانی بەغدا بۆوەرگرتنەوەی متمانەلە مالیکی ، لەکاتێکدا ئەوکات مالیکی لەلایەن ھەردوو وڵاتی ئێران وئەمریکای خاوەن ھەژموون و بڕیار لەعێراق وناو چەکەوە پشتیوانی لێدەکرا ، ئەمە جگە لەوەی بارزانی سەرۆکی پارتی و سەرۆکی ھەرێم ھەموو نەورۆزێک خیتابی ئاگرینی ئیستیفزازی دژ بە عێراق و جووڵاندنی پرسی سەربەخۆیی کردبوو بە خوو ، 

ئەوە لەکاتێکدا کە ھەل ومەرجی ناوخۆیی وناوچەیی و جیھانی لەبار نەبوون بۆ ئەوجۆرە لەخیتاب و خێتابێکی نامەنتقی وناواقعی بوو، ھێندەی بۆ خۆدەرخستن و موزایەدەی سیاسی و شەرعیەتدان بوو بەمانەوەی خۆی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی ھەرێم ، ھێندە ئەجێندای جددی بارزانی نەبوو ،

   تا بەشێوەیەکی نالۆژیکی ڕیفراندۆمیان  بەسەرخەڵکی کوردستاندا کرد بەنەگبەتی و گوێیان لەئامۆژگاری دۆستەکان و ھەڕەشەی نەیاران نەگرت و نامە مێژووییەکەی تیلەرسۆنیشیان ڕەتکردەوەو ( ئیھیندە حیسبیان بۆڕەئی چ بەشەران نەکرد )، سەرەنجامیش کارەساتی ١٦ی ئۆکتۆبەریان بەسەر خەڵکی کورد بەتایبەتی ناوچە دابڕاوەکاندا ھێناو ھەرێمیان دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە  ، دواتر نەچوونە ژێرباری داواکاری عێراق بۆ ڕادەستکردنی بڕێک لەنەوتی ھەرێم بەبەغداو زامنکردنی مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستان ،بەمەش  ھەرێمی کوردستانیان توشی قەیرانێکی دارایی کرد، ئەم سیاسەتە چەوتە بەردەوام بوو تا کابینەکەی مەسرور بارزانی کە حکومەتی ھەرێم خەریکە بەتەواوی نابووت دەبێت و  کار گەیشتە ئەوەی بەغدابەیەکجاری بڕیاری بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دەربکات .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ