بیروڕا
ھەرێم ، لەنێوان مەرکەزیەت و لا مەرکەزیەتدا
مقداد کانی توویی

دوا بەدوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و دواتر ھەڵبژاردنی یەکەم پەرلەمانی کوردستان و دامەزرادنی حکومەتی ھەرێم و دام و دەزگا ئیدارییەکانی ھەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ ، ھەرێمی کوردستان  جۆرێک لە حوکمی لامەرکەزی لە چوارچێوەی عێراقدا  بنیات نا ، بێ ئەوەی ئەو جۆرە ئیدارە خۆبەڕێوەبەرییە لە ھیچ یاساو ڕێسایەک و دەستوری عێراقدا دانی پێدابنرێ یان  پێناسەکرابێت .

 ئەم دۆخە درێژەی کێشا تا پرۆسەی ئازادی و دواتر نووسینەوەی یەکەم دەستوری ھەمیشەیی لەدوای ڕژێمی پێشوو لەساڵی ٢٠٠٥ ، کە کورد بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدار بوو لە نووسینەوەی ئەو دەستورەداو دەستورەکەش بەڕوونی دانینا بە ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی فیدراڵی لەچوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵدا .
بەمەش ھەرێم لەھەرسێ پارێزگای ئەوکاتی ھەرێم ( ھەولێر ، سلێمانی - دھۆک ) بوو بەخاوەنی  دەسەڵایێکی لامەرکەزی دانپێدانراو لەچوار چێوەی سیستمی فیدراڵی دەوڵەتی عێراقدا ، ئەمەش ھەرێمی کوردستانی بردە قۆناغێکی پێشکەوتووتری ھەمەلایەنەی کارگێڕی و دارایی و سیاسی و گەشەکردنێکی بەرچاو  بوو بەخەسڵەت و سیمای ھەرێم .

 ھەرچەندە دوای یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی سلێمانی و ھەولێریش ، بەڵام لەواقعدا سیمای دوو ئیدارەیی ھەر مایەوەو ئیدارەی جارانی سلێمانی جۆرێک لە لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی خۆی پاراست و تا ڕاددەیەکی باش توانی  لەھەموو بوارێکدا شان بەشانی ھەولێرو دھۆک  سەرکوتووبێت لە بەڕێوەبردنی سنورەکەو دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئەمن  ئاسایش و جێبەجێکردنی ھەزاران پڕۆژەی گەورەو  بچوک ، بێگومان ئەمەش بێ کەم وکوڕی نەبووەو بەدەر نەبووە لە ڕەخنەو گلەیی .

ئەم دۆخەش بەدرێژایی سەرجەم کابینەکانی حکومەتی ھەرێم بەردەوام بوو ، بەڵام ئێستاو لەسەردەمی کابینەکەی مەسرور بارزانیدا  بەبەرنامە ھەوڵی چەسپاندنی مەرکەزیەت دەدرێت و کار بۆ گێڕانەوەی زۆربەی دەسەڵاتە کارگێڕی وداراییەکان دەدرێت بۆ ھەولێرو کۆکردنەوەی دەسەڵات و بڕیارەکارگێڕی و سیاسییەکان بۆدەستی سەرۆکی حکومەت یان ڕوونتر بڵێم بۆ دەستی پارتی ، کەئەمەش بۆدۆخی ئێستای ھەرێم نەگونجاوە ، چونکە تائێستاش واقعی دووئیدارەیی و ململانێی ھەردوو ھێزی باڵادەست لەھەرێم دریژەی ھەیەو  بەرپرسانی حیزبی و ئیداری سلێمانی ڕەخنەی جددیان ھەیە لەشێوەی مامەڵەی ھەولێر یان باشتر وایە بڵێم پارتی لەگەڵ  سلێمانی و ئەو ئاستەنگییانەی بۆیان دروست دەکرێت ، بەتایبەتیش دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەبڕیارێک ھەموو داھاتەکان و بڕیارە داراییەکانی گێڕایەوە بۆ ھەولێر ، ئەمەش بەواتایەکی تربەستنی دەست و پێی ئیدارەی زۆنی سەوزەو ناوە ناوە باس لە سە رفکردنی داھاتی ئەم زۆنەدەکرێت بۆتەواو کردنی  پڕۆژەکانی زۆنی زەرد ، ھەروەک چۆن دەوترێت ( بەپارەی  سلێمانی شەقامی سەدوپەنجا مەتری ھەولێر دروست دەکرێت )،  بۆیە بەخوێندنەوەی واقعی ئێستاو  بۆبەرژەوەندی خەڵکی سنورەکەو کەم کردنەوەی ڕۆتینیاتی تاقەت پڕوکێن باشترین چارەسەر پێدانی لامەرکەزیەتی ئیداری و داراییە بە سلێمانی و ھەڵەبجەو ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ، بێ ئەوەی  لەڕووی سیاسییەوە ھیچ زیانێک بەر فیدراڵییەتی ھەرێم بکەوێت و ئەوانەشی لامەرکەزیەتی ئیداری و دارایی بە  ھەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ھەرێم و فیدڕاڵیەت دەزانن یان ھیچی لێنازانن یان بەمەبەست دەیانەوێت ڕای گشتی بەلاڕێدا بەرن .
‌‌ زیاتر ...
پارێزه‌ر نسار مسته‌فا
شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ