بیروڕا
ماڵئاوا دەروێشی كوردایەتی
له‌تیف نێروەیی

زۆر بەداخەوە عبدالحمید دەروێش یەكێك لە دێرینترین و دیارترین سەركردەی كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان لە كاتێكدا ماڵئاوای كرد كە ڕۆژئاوای كوردستان لە قۆناغێكی زۆر سەخت و هەستیاردا تێپەردەبێت و لەم قۆناغەدا ڕۆژئاوای كوردستان زیاتر لە هەموو كاتێكی دیكە پێویستی بە ڕوڵ و ئەزموونی دەروێشی كوردایەتی هەبوو كە هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدابوو نێوان لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ئاشتبكرێتەوەو كورد  ناوماڵی خۆی ڕێكبخات بە یەكریزی و تەبایی داوای مافەكانی خۆی بكات و بەدیهێنانی ئەو یەكریزیەش ئەركێكی قورسی خستبووە سەر شانی بۆیە لەپێنیاو ئەو ئامانجە هەندێك جار باجێكی زۆری داوەو  جاری واش هەبووە ژیانی خۆی خستووتە مەترسیەوەو بەوتەمەنەوە سەردانی هەندێك شوێنی مەترسیداری كردووە .
 بۆ یەكێتیش عبدالحمید دەروێش لە ڕووی مەعنەوییەوە وەكو یەكێك لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی مامەڵه‌ی  لەگەڵدا دەكرا چونكە دۆستێكی نزیكی هەڤاڵ مام جەلال بوو هەروەها هەرلەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیه‌وە تا دواساتەكانی ژیانی خۆی عبدالحمید  دەورێش بە مەبەستی گەشەكردن و پێشخستنی یەكێتی و دەستپێكردنی شۆڕشی نوئ شانی خستە بەر ئەركێكی میژۆی و نیشتمانی و ئەخلاقی و لەو بوارەشدا هەندێ جار ژیانی خۆی خستۆوتە مەترسیەوە بە تایبەتی لەكاتی گواستنەوەی پێداویستیە لۆجستیەكانی شۆڕش لەناو سوریا بۆ ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان  بەشێوەیه‌كی نهێنی و ئەوەی لە توانایدا بووە لە هەموو بوارێكدا لەو قۆناغە سەختەدا یارمەتی یەكێتیی داوەو ماڵیشی هەمیشە ماڵ و بارەگای یەكێتیی بووە . بۆیە خۆمان وەك یەكێتیی بەقەرزداری ئەو سەركردە نەمرە دەزانین .
 لە دوا ساتەكانی ژیانی خۆی دوو ئومیدی هەبووە  كە زۆر حەزی دەكرد بەرلە ماڵئاوایكردنی ئەو دوو ئومێدە جێبه‌جێبكرێن  .
 یەكەم .. یەكێتیی نیشتمانی كوردستان كۆنگرەی خۆی ببەستێت و خۆی نوی بكاتەوە لە دوا سەردانیدا بۆ سلێمانی و ئەنجامدانی چەندین دیدارو كۆبوونەوە لەگەل سەركردە باڵاكانی یەكێتیی تاكە داواكاری و ئومێدی ئەوەبوو یەكێتیی كۆنگرەیه‌كی سەركەوتووانە ببەستێت و ڕایدەگەیاند بەهێزبوونی یەكێتیی بەهێزبوونی گەلی كوردوو دیموكراتییه‌ لە ناو ناوچەكە دا. 
ئومێدی دووەم ..حزب ولایەنە سیاسیەكانی ڕۆژئاوای كوردستان ناوماڵی خۆیان ڕێكبخەن و پێكەوە بەیەكگرتووی دەست بەدانوستان بكەن لەگەڵ حكومەتی دیمەشق بۆ بەدیهێنانی مافەڕەواكانی گەلی كوردستان لە سوریاو لەو بڕوایەدابوو كورد بەیەكگرتووی دەتوانێت لە سوریا مافە نەتەواییەكانی خۆی بەدی بینێت .  
ئومێدیكی تایبەت بەخۆیشی  هەبوو كە لەدوا ماڵئاوایكردنیدا مەزارێكی شایستەو لەشوێنێكی شایستە بۆی دره‌ست بكرێت  هەرچەندە ئەم ئومێدە بە ڕاستەو خۆ ڕاینەگەیاند بەڵام لەقسەكانیدا ناڕاستەوخۆ ئاماژەی پئ دا .  لەدواسەردانیدا بۆ شاری سلێمانی و دوای ئەوەی سەردانی مەزاری سەرۆك مامجەلالی كرد و ئەنجامدانی لێدوانی ڕۆژنامەوانی و نووسینی پەیڤێك لە دەفتەری یادەوەریەكاندا . داوایكرد سەردانی مەزاری هاوڕیانی دیكەی خۆی بكات و تاجەگوڵینەی وەفاداری لەسەر مەزاری هەڤاڵان عادل موراد و عبدالرزاق فەیلی دابنێت و دوای دانی تاجە گوڵینە . خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر شێوازی دروستكردنی مەزاری ئەو دوو هەڤاڵه‌ نەمرە دەربڕی و ووتی دروستكردنی ئەم مەزارانە وەفادارییە بەرامبەر خەباتیان وئەوانەی خزمەتی گەلەكەیان دەكەن شایستەی ئەوەن كە  لە دوای ماڵئاوایكردنیان  لەشوێنێكی گونجاو مەزاریێی شایستەیان بۆ درهوست بكرێت و زیاتر لە نیوسەعات لەلای مەزاری هاوڕێكانی خۆی مایەوەو  هەستمان دەكرد كە لەناخەوە حەزی دەكرد پێمان بڵێت خۆزگە لە دوای ماڵئاوایكردنم مەزارێكی شایستەم  لە شوێنێكی شایسته‌دا بۆ دروست بكرێت وەك وەفادارییه‌ك بەرامبەر بە زیاتر لە ٦٠ ساڵ خزمەتكردنی گەلەكەم . ئیدی نازانم كێ ئەو ئەركە لە ئەستۆ دەگرێت و ئومێدەكەی جێبه‌جێ دەكات . 
ماڵئاوا دەروێشی كوردایەتی ..
‌‌ زیاتر ...
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ