بیروڕا
ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكاو رۆژئاوای كوردستان
له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج

هیچ كات هێنده‌ی ئێستا رۆژئاوای كوردستان له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بووه‌ ، ئه‌ردۆغان و توركیا ده‌یانه‌وێت به‌ته‌واوه‌تی ئه‌و خۆ به‌ڕێوه‌به‌ریه‌ نه‌هێڵن ، ئه‌مه‌ریكاش به‌رژه‌وه‌ندی خستوه‌ته‌ سه‌روو دۆستایه‌تی و ئه‌و قوربانیدانه‌ی كورده‌وه‌ ، ئێستا له‌ هه‌ر كات زیاتر ، پێویسته‌ كورد له‌ هه‌موو دنیاو له‌ ڕێگه‌ی ئازادیخوازانه‌وه‌ فشار له‌ سه‌ر بڕیار به‌ده‌ستان دروستبكه‌ن ، بۆ دروستكردن و پاراستنی ناوچه‌ی ئارام ، ئه‌مه‌ریكیه‌كان تا ئێره‌ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ریان بووه‌ كردوویانه‌ ، به‌ڵام له‌ ناكاوا جێهێشتن ، جۆرێكه‌ له‌ بێئه‌مه‌كی ، دیبلۆماتێكی فه‌ڕه‌نسی پێی ووتم هه‌رگیز ئه‌مه‌ریكیه‌كان تا سه‌ر كورد ناپارێزن ، ئه‌مه‌ قسه‌ی نزیكه‌ی ساڵێك له‌مه‌وبه‌ره‌ ، ئه‌و كاته‌  وای وت كه‌ من داوام لێكرد فه‌ڕه‌نسیه‌كان كوردی رۆژئاوا بپارێزن ، ئه‌و زۆر دیبلۆماسیانه‌ خۆی له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ پاراست و وتی هه‌ر ئێمه‌ نین .
ئه‌وروپیه‌كان فه‌ڕه‌نسای لێده‌ربچێت ئه‌وانی تر به‌ تایبه‌ت ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیا زۆر بێهه‌ڵوێستن به‌رانبه‌ر كوردانی رۆژئاواو هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا ، ئه‌وان ته‌نانه‌ت  تا ئێستا وه‌ك پێویست ئه‌و داعشانه‌شیان وه‌رنه‌گرتوه‌ته‌وه‌ كه‌ ناسنامه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپیان هه‌یه‌ ، فه‌ڕه‌نسا كه‌م و زۆرهاوكاری كردووه‌ ، به‌ڵام گه‌ر مه‌به‌ستی بێت ده‌توانێ‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر بكات ، هه‌ڵبه‌ت هه‌موو ئه‌وروپا ده‌زانن كه‌ توركیا سڵ له‌ جینۆسایدو كوشت و بڕی به‌ كۆمه‌ڵ ناكاته‌وه‌ ، بۆ هه‌ڵوێستیان نیه‌ ئه‌مه‌یان مایه‌ی پرسیاره‌ .
له‌ دۆخی وه‌ك ئێستای رۆژئاوای كوردستاندا ئه‌ركی هه‌موو كوردو به‌ تایبه‌ت هه‌رێمی كوردستان و پارله‌مانی كوردستان و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێره‌یه‌ داوا له‌ ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا بكه‌ن ، رێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببێته‌ گۆمی خوێن له‌و باره‌یه‌وه‌ جوڵاندنی كوردانی تاراوگه‌ له‌ لایه‌ك و له‌ ناوه‌وه‌ش دروستكردنی رای گشتی بۆ به‌ گژاچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی پاكتاوكردن زۆر پێویسته‌ .
ماوه‌یه‌كی زۆر له‌مه‌وبه‌ر دۆگلاس سیلمانی باڵیۆزی پێشوی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراق ئاوا باسی یه‌په‌گه‌ی بۆ كردین كه‌ دۆست و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكایه‌ ، قسه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئایه‌ ده‌كرێت ده‌وڵه‌تێك هه‌ر وا به‌ ئاسانی دۆست و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی به‌ جێبهێڵێت و بڕوات ، بۆ ئه‌مه‌ریكا گرنگه‌ به‌رهه‌می پاراستنی ئه‌و ناوچه‌یه‌ ببینێت كه‌ تێیدا هاوپه‌یمانه‌كه‌ی شه‌ڕی ده‌سته‌و یه‌خه‌ی داعشی كرد ، ئه‌مه‌ش به‌ هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئاكاریه‌ ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ریكا په‌یڕه‌وی ده‌كات یان بڕوای پێیه‌تی " ئیداره‌ دانی جیاوازی بێتوندو تیژی و قوڵكردنه‌وه‌ی دیموكراتی له‌ ناوچه‌كه‌ " 
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ بۆ ئه‌ڵمانیاو فه‌ڕه‌نساو وڵاتانی ئه‌وروپیش گرنگه‌ ، ئارامی ناوچه‌كه‌ رۆڵی زۆری ده‌بێت له‌ سه‌ر دورخستنه‌وه‌ی فشاری كۆچبه‌ران له‌ سه‌ر ئه‌وروپا ، گرنگترین كار له‌ ئێستادا دوورخستنه‌وه‌ی كه‌ڵبه‌ی ئه‌ردۆغانه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستان ، ئایه‌ ناتوانرێت ئه‌وه‌ بكرێت ، بێگومان ده‌توانرێت .
‌‌ زیاتر ...
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ