بیروڕا
لە خەمی ژنانەوە بۆ جوانكاری
پەرێز سابیر


لە هەرێمی كوردستان وردە وردە پێناسەی چەمكەكان ماناكانی خۆیان لەدەست دەدەن، خەریكە شتەكان لە ماناكانی خۆیان دەردەچن، هەروەك كارەكتەرەكانیش لێرە و لەوێ لە پێستی خۆیان دەچنە دەرەوە و بەجۆرێكی دیكە دەردەكەون و خۆیان نمایشدەكەن.
هێشتا لە هەرێمی كوردستان ژنان تا ئەندازەیەكی زۆر دەچەوسێنرێنەوە، كوشتن و ئەتككردن بەردەوامن، جار جار گوێبیستی هەواڵی دەستدرێژیكردنە سەر كچانی منداڵیش دەبین، زۆریش سەیر نییە و كۆمەڵگا و زۆرینەی ژنان بەو هەواڵانە شۆك نابن، هۆكارەكانی هەرچین دەرئەنجامەكە یەك شتە و ئەویش: دۆزی ژنان نەبووەتە دۆزی كۆمەڵگا و زۆرینە خاوەندارێتی لێناكەن.
خوێندنەوەی مێژووی كۆمەڵگانی ئێستا كە بە پێشكەوتوو ناویان دەبەین راستییەكمان لا دەچەسپێنێت ئەویش ئەوەیە زۆرینە خاوەندارێتی لە دۆزی ژنان دەكەن، بەو واتایەی دۆزی ژنان بووەتە دۆزی كۆمەڵگا بەگشتی، لە دەرەوەی ئەوەیش ژنان بۆ خۆیان (هەڵبەت زۆرینەیان) بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانیان بوونەتە سەرمەشق، لەمەیاندا كۆمەڵگای كوردەواری پێچەوانە بیردەكاتەوە و ئاراستەكە روو لەپێشەوە نییە.
ژنانێك هەن لە هەرێمی كوردستان خۆیان بە چالاكوان دەناسێنن، لێ كەمترین ئاگایان لە دۆزی ژنان هەیە، ئەوان هەر سەنتەر و كۆڕ و كۆبوونەوەكان دەبینن و ناچنە لادێ و كەنارەكان، ژنانی گوندەكان بەسەر ناكەنەوە و خەمی ئەوانیان لە ئامێز نەگرتووە، هاوتەریب لەگەڵ ئەمەیشدا باشترین دكتۆرەكانی جوانكاری دەناسن و بەپێی قۆناغ جەستەی سروشتیی خۆیان دەشێوێنن، نموونەیەكی باش نین و ئاساییشە بڵێین بارن بەسەر دۆزی ژنانەوە.
ژنانی چالاكوان پێویستە لەو جۆرانەبن زۆر گوێ بە جەستە و جوانكاری نەدەن، بەڵكو بۆ وەرگرتنەوەی مافەكانی ژنان زیاتر كار لەسەر ناوەڕۆك و بیركردنەوە و هەوڵدان بدەن، بچنە شوێنە دوورە دەستەكان و خۆیان لە سەنتەری شارەكان قەتیس نەكەن، واوەتریش تا دوور بڕۆن دروستتر دێنەوە و بۆ رەوایەتی دۆزی ژنان پشتیوانی زیاتر وەدەستدەهێنن.
چالاكوانە ژنەكان زۆر نین، هەروەك بۆریش نین، بەڵكو هەوڵەكان پەرشوبڵاون و تائێستا نەیانتوانیوە وەكو ئەوەی پێویستە خەباتەكەیان ببەنە پێشەوە، ئەمە پێویستی بە بەخۆداچوونەوەیە بۆ ئەوەی زۆرترینی ژنان لە ئازار و چەوساندنەوە رزگاربكەن، ئەوەیش تەنیا خەم و ئەركی سەرەكی ئێمەیە كە بۆی تێدەكۆشین.
مەودای خەباتی ئازادیخوازیی ژنان زۆر فراوان نییە، هەروەك یەكسانیخوازەكانیش زۆر نین، بەڵام ئیرادەیەك بۆ پێشڤەچوون هەیە، هەر كەمتەرخەمییەك گەیشتن بە ئاسۆ دوادەخات، ژنانیش كەموكوڕییان هەیە و وا پێویست دەكات پێكەوە بەخۆماندا بچینەوە و كۆدەنگییەك دروست بكەین. 
خەمی ژنان جوانكاری و خۆ نمایشكردن نییە هێندەی ئەوەی خەمی یەكسانیخوازی و هێنانەدی دادپەروەرییە، خەمێك كە مێژووی چەندین ساڵەی غەدر لەپشتییەوە خۆی مەڵاس داوە، جوانكاریی هەندێك گرفتە، بەڵام خەباتكردن بەڕووخسارێكی جوانەوە بۆ نمایشكردنێكی راستەقینە نابێتە گرفت و با لەمایاندا ژنان پێكەوە هاوهەڵوێست بین.
‌‌ زیاتر ...
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هونه‌ر ره‌سوڵ ئه‌حمه‌د
کاروان ئەحمەد عبدالرحمن
شادمان مەلا حەسەن
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ