بیروڕا
لەبەردەم چوارەمین کۆنگرەى گشتیدا.. یەکێتى نیشتیمانى کوردستان چۆن کۆنگرەیەکى پێویستە ؟
نەوزادی موهەندیس
• لەم ساتە وەختەوە تا 7/کانونى یەکەمى 2019 کەمتر لە 15 ڕۆژ ماوە بۆ وادەى ڕاگەیەنراوى بەستنى کۆنگرەى چوارهەمى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، خۆشبەختانە کۆمەڵ گەلێک هەنگاو بەکردارەکى پیادەکراوە بە نیەتى بەستنى کۆنگرە لەکات و وادەى دیاریکراوى خۆیدا،لەهەڵبژاردنى نوێنەرى کۆمیتە و مەکتەبەکان و دواتریش بەستنى کۆنفرانسى مەڵبەندەکان بۆ دیاریکردنى نوێنەرانى کۆنگرە،کە وا بڕیارە 1000 نوێنەر ببنە ئەندامى کۆنگرە.هەموو ئەم هەنگاوانە مایەى دڵخۆشین چونکە بەسەرکەوتویى و تاڕٍادەیەکى باشیش بێکێشە و کەموکوڕى و ئاژاوە و پشێوى بەڕێوەچوون لە 14 مەڵبەند و دوو بازنە و 207 کۆمیتەدا.لەماوەى تەنها نێوان 16 تا کۆتایى مانگى 11/2019دا،کە بەهەموو پێوانەیەک و بە بەراوورد بە گەورەیى و فراوانى و ئاڵۆزى پڕۆسەکە سەرکەوتنى وەدیهێناوە.لەکاتێکدا کە ماوەى زیاد لە 10 ساڵە پڕۆسەیەکى ئاوها جێبەجێنەکراوە. کە بۆ خۆى ئەم کارە گەواهیدەرى زیندویەتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و ئۆرگانەکانێتى و پەرۆشى ئەندام و لایەنگران و ئاستەکانى خوارەوەى پێکهاتەکەیەتى، و ئەو ڕاستیەش دووپاتدەکاتە کە هەرکاتێک سەرکردایەتى یەکێتى ویستبێتى بە جدى کارێک یان پڕۆسەیەک چێ بکات چەندە گەورە و سەخت و ئاڵۆزیش بێت دەتوانێت بیکات و ڕێگەنادات هیچ بەربەستێک ڕێگەى بەرەو پێشچوون و نوێبونەوەى لێبگرێت،کەواتە کە 10 ساڵە کۆنگرە نەگیراوە بەماناى ئەوەدێت ئەوە سەرکردایەتى یەکێتى بۆخۆى ویستى ڕاستەقینەى نەبوە بۆ ئەو کارە.
•بەڵام ئەوەى دەخوێنرێتەوە لەم پڕۆسەیە وگەرموگوڕەیەى ئەم قۆناغە سەرەتاییانە و کەمى ماوەى بەردەم خۆئامادەکردن بۆ بەستنى کۆنگرەە لەکاتى خۆیدا،گومان دەکرێت کە کۆنگرە لە 7/12دا سازبکرێت ،بەهۆى لەلایەک ئامادەسازیەکان لەماوەى تەنها 6 ڕۆژى سەرەتاى مانگى 12/2019دا ناتوانرێت تەواوبکرێت نە لەڕووى لۆجستى و نەلەڕووى مادى لە جێگەى مانەوە و خواردن و و بانگهێشتنامەى میوانانى دەرەکى وپێداویستیەکانى ترى هەڵبژاردن و لیست و نە لەڕووى ئەمنیشەوە،و تا ئێستاش لەناوەندى دەرەوەدا هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە،کەواتە گومان دەکرێت کە کۆنگرە لەو وادەیەدا ببەسرێت،بەڵام دەبێت هەر ئەنجامبدرێت و ڕەنگە بکەوێتە کۆتایى ساڵى 2019 و سەرەتاى ساڵى 2020وە،چونکە ئیدى ئەم سەرکردایەتیەى ئێستا ناتوانێت دواى بڕینى ئەو قۆناغانە و ئەو خەرجیە زۆرە کۆنگرە چیدیکە دوابخات بەپێچەوانەوە دەکەوێتە بەر فشار و ناڕەزایەتیەکى گەورەى بنکە و ئۆرگان و نوێنەرانى هەڵبژێردراوى کۆنگرەوە.
•پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە چۆن کۆنگرەیەک پێویستە بۆ یەکێتى لەم قۆناغەدا ؟ئەى کۆنگرەى چى پێدەکرێت؟ئایا کۆنگرەش دەبێتە فریادڕەسى هەموو کێشە کەڵەکەبوەکانى 10 ساڵى ڕابووردوو؟ئایا یەکێتى بەهێز و یەکگرتوو دەمێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە بەرەوە لێکترازانى ڕیزەکان و دڕدۆنگى ناوخۆیى زیاتر دەڕوات؟ و دەیان پرسیار و گومان و ترس و دڵەڕاوکێى تر ..
سەرەتا دەبێت هەموان و بەهەموو ئاڕاستە و باڵ و تەکەتولەکانى ناو یەکێتیەوە کە بەداخەوە هەر لە ئێستاوە سەریان هەڵداوەتەوە و بەتوندیش دژایەتى یەکتر دەکەن و هەریەکەیان گەرەکێتى بەرامبەرەکەى بشکێنێت و بچوک و نابوتى بکات و خۆشى زاڵ و دەستەڕۆ بێت لەکۆنگرەدا،دەبێت هەموان سەرەڕاى ئەو پێشبڕکێیە یان ململانێ ناڕەوایانەى نێوانیان دەبێت لە مەترسى و گەورەیى ئاڵنگاریەکانى دەوروبەرى و گۆڕانکاریەکانى ناوچەکە و عێراقیش لەبەرچاوبگرن،بۆئەوەى هەنگاو و بڕیارێک نەدەن لەکۆنگرەدا کە یەکێتى لە حیزبێکى گەورە و کاریگەر و خاوەن نفوزى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و جەماوەرى و سەرتاسەرى عێراق و کوردستانى گەورەشەوە بەرەو حیزبێکى بچوکى لۆکاڵى قەتیسکراو و بێ بایەخ و کاریگەر هەنگاو بنێت،بۆیە پێویستە هەرچیدەکرێت هەموان لەسەر:
• میکانیزمێکى تەواو دیموکراسى و موتوربەکراو بە نەرمى نواندن لەبەرامبەر یەکتر و دوورکەوتنەوە لەگیانى تۆڵە و نەمان و دەرپەڕاندنى یەکترى بکەنەوە.
• پێویستە کۆنگرەیەکى تەواو ئامادەسازیکراو بۆى لەهەموو ڕوەکانەوە ئەنجامبدرێت کە لەگەڵ ئەوەى ببێتە هۆکارى نوێبونەوەى ڕوخسار و ڕەفتار و کردار و عەقڵى سەرکردایەتى و ئۆرگانەکانى ،لەهەمانکاتیشدا نەبێتە هۆى لێکترازانى ڕیزەکانى و دوورکەوتنەوە و وازهێنانى ژمارەیەکى گەورەى ئەندامانى.
• کۆنگرەیەک پێویستە کە بەسەر هەموو گوتار و کردار و هەڵوێست و ئایدیا و فکرى یەکێتیدا بچێتەوە کە لە 10 ساڵى ڕابووردوودا تەواو بەرەو پاشەکشەچوون بۆتەوە نەک پێشکەوتن و گەشەکردن.
• کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى لەڕووى ئۆرگان و پەیکەرو پێکهاتەوە بکرێتەوە حیزبێکى ڕەشیق و چوست و چالاک کە بتوانێت سەختى و قورسایى قۆناغى ئایندە هەڵبگرێت و ڕووبەڕووى ببێتەوە.
•کۆنگرەیەک پێویستە کە بنەما حیزبى و مەرکەزیەتى بڕیار و پڕەنسیپە حیزبیەکان لەخۆبگرێتەوە و تۆخیشیان بکاتەوە.
• کۆنگرەیەک پێویستە کە سەرچاوەى داهاتەکانى یەکێتى شەفاف و ڕوونبکرێت و لەدەستێکى ئەمیندا بێت و بەهەمان شێوەش خەرجیەکانیش بەپێى ڕێنمایى و یاساو لەدەسەڵاتى دیاریکراودا بێت.
•کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بکاتەوە بە حیزبى پلە یەکى کوردستان و ئەمەش بەنزیکبونەوەى لە جەماوەر و خاکیبوون و گەڕانەوە دەبێت بۆ سەرەتا شۆڕشگێڕیەکان و بەدەمەوە چوونى داواکاریە ڕەواکانى جەماوەرى پانوپۆڕى گەلەکەمان دەبێت.
•کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بکاتە حیزبێک کە ڕابەرایەتى پڕۆسە و قۆناغى نوێى دژە گەندەڵى و بێکارى و ناعەداڵەتى بکات و هەوڵى دۆزینەوەى هەلى کار و خۆشگوزەرانى و خزمەتگوزارى و پاراستنى ئەمن و ئاسایش و ڕێزیش لەدیموکراسیەت و ئازادیەکان ویاسا و مافەکانى مرۆڤ و ڕاگەیاندن و میدیا و هاوڵاتیان بگرێت.
•کۆنگرەیەک پێویستە کە یەکێتى بدروشێنێتەوە و متمانەى جەماوەرى بۆ بگەڕێنێتەوە و بیکاتەوە حیزبى داموودەزگایى و دووربکەوێتەوە لە حیزبێکى قەتیسى ناوچەگەرى و بنەماڵەیى و دەوڵەمەندان و بازرگانانى سیاسى.
•گەرەکیشە کە ئەندامانى کۆنگرە کەسانى بوێر و چاونەترس و ڕۆشنبیر و بەتوانا و لێهاتوو بن بۆ ئەوەى گفتوگۆى گەرموگوڕ و جدى بکەن و پێشنیاز و ڕەخنەى جدى پێشکەشبکەن و تەنها وەک ژمارە و بۆ دەستبەرزکردنەوە و بەڵێ ى ناڕەوا جێگە نەگرن و گرنگیشە دەستەمۆى تەنها بەرژەوەندى و بەرنامە و ڕێبازى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و شاڕێگەکەى بن نەک تولە ڕێگە کورت و کوێرەکانى تەکەتولە ناڕەواکان.
بۆیە تەنها بە کۆنگرەیەکى ئاوها دەتوانرێت یەکێتیەکى بەهێز و پتەوى دواى مام بەهێزبکەینەوە.بەپێچەوانەوە ئەوا یەکێتى دەبێتە خەبەرێک لە زەمەنى ڕابووردوودا.
•ئاشکراشە ئەم کۆنگرەیەش ناتوانێت تەواوى خەوش و کێشە کەڵەکەبوەکانى چەندین ساڵە چارەسەربکات و ببێتە عەسایەکى ئەفسوناوى،بەڵام دەکرێت لانى کەمى ئەو کێشانە چارەسەر بکات وبە هەنگاوێکى ئەرینیش لە قەڵەم دەدرێت و یەکێتى تاڕادەیەکى باش دەگێڕێتەوە بۆ سەر شارێگەکەى یەکێتى دوور لە باڵباڵێن و تەکەتولاتى ناڕەواى بەرژەوەندچێتى گروپ و دەستە و چەند سەرکردەیەکى پاوانخواز و قۆرخکارى پلەو پۆست و ئیمتیازاتەکانى حیزب و حکومەت بۆ خۆیان و ماڵ ومنداڵ و خزم و کەسوکار و عەشرەت و تەکەتولەکانیان. هەروەها دەشبێتە هۆى ئەوەى کە هەر لایەک و سەرکردەیەک قورسایى ڕاستەقینەى خۆشى بۆ دەربکەوێت ،کەهەر ئەم کارانە بونەتە هۆى ڕاز و گەلەیى زۆرینەى ئۆرگان و ئەندامەکانى یەکێتى خۆى و جەماوەرى گەلەکەشمان.کەناکرێت چیدى درێژەیان پێبدرێت بەبیانوى جیاوازەوە.هەربۆیە کۆنگرە نابێتە فریادڕەسى هەموو کێشەکان.
جاهەرکات کۆنگرەیەک کە هەموان بەخەمخۆرى و دڵسۆزى و ئەمانەتەوە کاریان بۆ سەرخستنى کرد و دروشم و ناوەڕۆکیان پێکەوەگرێداو ئامانجى ڕوونیان هەبوو بۆ ئایندە و هەموان پەرۆشى پاراستنى یەک و یەکگرتوویى ڕیزەکانى بوون و بەرژەوەندى و بازرگانى و دەسکەوتە کەسیەکانیان خستە ژێر بەرژەوەندى باڵاى یەکێتى و گەل و نەتەوەوە، ئەوا بەدڵنیایى ئەم کۆنگرەیە دەبێتە مایەى زیاتر پتەوکردن و بەهێزبوونى یەکێتى و هەستانەوە و بوژانەوە و گەشەکردنیشى بۆ قۆناغى ئایندە،بەڵام گەر بەپێچەوانەوە کاریان کرد ئەوا ئەوەى کە لە یەکێتیش ماوەتەوە لەدەستدەچێت و بەرەو پوکانەوەى زیاتر و بچوکبونەوە و لێکترازان و دڕدۆنگى زیاتر هەنگاو دەنێت.وئەوکاتیش هەموان دەڵێین خۆزیا کۆنگرەیەکى ئاوهامان نەبەستایە و ئەو زیانە گەورەیەشمان بە یەکێتیەکەمان و تەواوى مەسەلەى کوردایەتیش نەگەیاندایە،چونکە یەکێتى بەهەموو هەڵە و کەموکوڕیەکانیشیەوە تائێستا هەر بەو تروسکایە ئۆمێدبەخشە ماوەتەوە بۆ تەواوى کوردایەتى لەهەرچوار پارچەکەى کوردستاندا کە هەموان چاوەڕوانى کارى گەورەترى لێدەکەن،بۆیە ئەم کۆنگرەیە هەم چارەنووساز و گرنگ و هەمیش مەترسیدارە،جا سەرکردەى ژیر و حەکیم و دووربین لە ڕۆژە تەنگانەکاندا دەردەکەوێت نەک لەکاتى ئاشتى و ئارامیدا.
بەهیواى ئەوەى کە کۆنگرەى چوارهەمى گشتى ببێتە وێسگەیەکى ڕۆشن بۆ نوێبونەوە و بەخۆداچوونەوە و ڕاستکردنەوەى هەڵەکان و پەندوەرگرتنیش لە ڕابووردوو و خۆسازدانەوەش بۆ ئایندە و بوژاندنەوە و گەشەکردنى زیاتر یەکێتى نیشتیمانى کوردستان.
‌‌ زیاتر ...
ئاڵا ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
شه‌هریه‌ احمد
ئاری عومه‌ر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ