بیروڕا
هه‌ر لایه‌ك براوه‌ى ئاسته‌نبوڵ بێت خاوه‌نى هه‌موو توركیاش ده‌بێت !
نەوزادی موهەندیس
دواى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ 31/3/2019دا یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان له‌ توركیا له‌ دواى گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ په‌ڕله‌مانیه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجامدرا،هه‌موو حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كانى توركیا كه‌وتنه‌ خۆ بۆ بردنه‌وه‌ى زۆرترین ژماره‌ى شاره‌وانیه‌كان  له‌ 81 ولایه‌تدا.ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌مووان گرنگى گه‌وره‌ و تایبه‌تى هه‌بوو،به‌ڵام بۆئه‌ردۆگان و ئاكاپه‌ له‌هه‌مووان زیاتر،چونكه‌ سه‌رۆكایه‌تى كۆمار و په‌ڕله‌مان و شاره‌وانیه‌كانیشى له‌یه‌ك كاتدا له‌لا ده‌بوو،وه‌ده‌یتوانى به‌ سانایى هه‌موو پلان و به‌رنامه‌كانى خۆى جێبه‌جێ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ ڕوویدا پێچه‌وه‌وانه‌ى خواست و ئاواته‌كانى ئه‌ردۆگان و ئاكاپه‌ بوو،به‌هۆى له‌ده‌ستدان و شكستخواردنى ئاكاپه‌ له‌ 3 شارى گه‌وره‌ و گرنگى وه‌كو ئه‌نقه‌ره‌ و ئاستانبوڵ و ئیزمیر،كه‌ هه‌رسێكیان  گرنگى تایبه‌تى سیاسى و ئابورى و كه‌لتوریان هه‌یه‌ گه‌ر لاى هه‌ر حیزبێك بن.
دواى ئاشكراكردنى ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و ده‌ركه‌وتنى شكستى ئاكاپه‌ له‌و 3 شاره‌دا و به‌تایبه‌تیش له‌ شارى ئاسته‌نبوڵدا،ئه‌ردۆگان و ئاكاپه‌ توشى هیستریا بوون و هه‌ر زوو كه‌وتنه‌ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ئه‌نجامه‌كان و داواى دووباره‌ى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌نگه‌كان و له‌ئێستاشدا ودواى زیاتر له‌مانگ و نیوێك تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌توركیاوه‌ ئه‌نجامى شاره‌وانى ئاستانبوڵ ڕه‌تكرایه‌وه‌ و بڕیاره‌ له‌ 23/6/2019دا دووباره‌ بكرێته‌وه‌،كه‌ئه‌م كار و هه‌نگاوه‌ى ئه‌ردۆگان له‌لایه‌ك بۆ گێڕانه‌وه‌ى هه‌یبه‌ت و شكۆى شكاوى خۆى و حیزبه‌كه‌یه‌تى و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ ڕێگه‌گرتنه‌ له‌ هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان و به‌تایبه‌تیش جه‌هه‌په‌ كه‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ى وه‌ده‌ستهێناوه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌و هه‌موو فشار و ڕێگریانه‌ى كه‌ ئاكاپه‌ و ده‌سه‌ڵات سه‌پاندبویان به‌سه‌ر هه‌موو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كاندا له‌ عیلمانى و ئاینى و كورد و ته‌نانه‌ت نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیش.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، بۆچى ئه‌م هه‌موو گرنگیه‌ به‌ شاره‌وانى ئاستانبوڵ ده‌درێت له‌لایه‌ن حیزب و سه‌ركرده‌ سیاسیه‌ گه‌وره‌كانه‌وه‌ و به‌تایبه‌تى ئاكاپه‌ و جه‌هه‌په‌وه‌؟چ جیاوازیه‌ك هه‌یه‌ له‌نێوان ئاستانبوڵ و شاره‌كانى تردا؟ئاستانبوڵ بۆ ئاكاپه‌ و جه‌هه‌په‌ چى ده‌گه‌یه‌نێت و به‌ماناى چى دێت؟ئایا ئه‌وه‌ ده‌هێنێت كه‌ ململانێى دیموكراسى توندى له‌سه‌ر بكه‌ن؟ و ده‌یان پرسیارى تریش.
پێشه‌كى ده‌بێت باش له‌ گرنگى و كاریگه‌رى شارى ئاستانبوڵ بگه‌ین ئه‌وكات وه‌ڵامى پرسیاره‌كانمان چنگ ده‌كه‌وێت و ئه‌وكات ده‌زانین كه‌ بۆچى ئه‌م هه‌موو ململانێیانه‌ له‌سه‌ر ئاستانبوڵ ده‌كرێت.
شارى ئاستانبوڵ له‌ڕووى مێژووییه‌وه‌ خاوه‌نى 8500 ساڵه‌ و دێرینترین شارى دونیایه‌ و پایته‌ختى سیاسى دێرینى خه‌لافه‌تى عوسمانى و له‌ ئێستاشدا پایته‌ختى ئابورى و دارایى و پیشه‌سازى و گه‌شتیارى و كه‌لتورى توركیایه‌.
ئاستانبوڵ گه‌وره‌ترین شارى توركیایه‌ له‌ڕووى ڕووبه‌رى زه‌وى ته‌واوى پارێزگاكه‌وه‌ 5467كم دووجا و 40 شاره‌وانى له‌خۆده‌گرێت و به‌ته‌نها 27 شاره‌وانى له‌ناو سه‌نته‌رى شاره‌كه‌دایه‌.
 ژماره‌ى دانیشتوانى 16 ملیۆن كه‌سه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 5ر18% له‌ كۆى ژماره‌ى دانیشتوانى توركیا كه‌ 80 ملیۆن كه‌سن و نیوه‌یان له‌ ژێر ته‌مه‌نى 30 ساڵیه‌وه‌ن.
 ژماره‌ى ده‌نگده‌رانیشى 10 ملیۆن كه‌سه‌ له‌كۆى 57 ملیۆن ده‌نگده‌ر.
ئاستانبوڵ به‌ته‌نها ده‌توانێت 20% هه‌لى كار بڕه‌خسێنێت.
 22% به‌ه‌شدارى له‌داهاتى نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌كات .
 40% باجى هه‌موو وڵاتى تیادا كۆده‌كرێته‌وه‌ .
 55% ده‌توانێت هه‌نارده‌ى زۆربه‌ى كه‌لوپه‌ل و به‌رهه‌مه‌ پیشه‌سازى و كشتوكاڵى و خۆراكى و خزمه‌تگوزاریه‌كان بكات .
 54% هاورده‌ ده‌كات بۆ ناو توركیا .
 38% كه‌رتى پیشه‌سازى هه‌موو توركیا له‌ خۆده‌گرێت .
 له‌ساڵى 2013دا  زیاد له‌ 10 ملیۆن گه‌شتیار ڕوویان تێكردوه‌ .
 له‌ساڵى 2014شدا بڕى 175 ملیار دۆلار داهاتى كۆى توركیاى وه‌ده‌ستهێناوه‌.
داهاتى مانگانه‌ى تاك له‌ ئاستانبوڵ بریتیه‌ له‌ 640 دۆلار كه‌ به‌رزترینه‌ له‌هه‌موو توركیادا.
ئاستانبوڵ ژماره‌یه‌ك پڕۆژه‌ى زۆر گه‌وره‌ و ستراتیژى تیادا بونیاتنراوه‌ كه‌له‌سه‌ر ئاستى ئه‌وروپا و دونیاشدا یه‌كه‌من،وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ نوێیه‌كه‌ كه‌ 60 وڵات ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئاستانبوڵه‌وه‌ وسێیه‌م فڕۆكه‌خانه‌ى گه‌وره‌یى نێوده‌وڵه‌تیه‌ له‌ ئاستانبوڵدا.
ده‌توانێت ساڵانه‌ بڕى 20 تریلیۆن دۆلارى ئه‌مریكى داهاتى هه‌بێت.
پڕۆژه‌ى كه‌ناڵى ئاستانبوڵ كه‌ به‌ پڕۆژه‌ى سه‌ده‌ ده‌ناسرێت له‌سه‌ر ئاستى جیهان یه‌كه‌مه‌.
 پڕۆژه‌ى كه‌ناڵى ئۆراسیا كه‌ هه‌ردوو به‌رى ئاستانبوڵ به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت له‌ژێر ئاودا به‌درێژایى 6ر14 كم. 
پردى سوڵتان سه‌لیم و مۆڵى ئۆف كه‌ به‌گه‌وره‌ترین موڵى هه‌موو ئه‌وروپا داده‌نرێت.
به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینین كه‌ ئاستانبوڵ بنكه‌یه‌كى گه‌وره‌ و گرنگى ئابورى توركیایه‌ و پێگه‌یه‌كى جیۆسیاسى گرنگى نێوان ئاسیا و ئه‌وروپاى هه‌یه‌ و له‌سه‌ر ڕێگاى وشكانى و ده‌ریاییه‌. ناپلیۆن و بۆناپارت وتویه‌تى ((گه‌ر دونیا یه‌ك وڵات بێت ئه‌وا به‌بێ ڕكابه‌ر ده‌بێت ئاستانبوڵ پایته‌خته‌كه‌ى بێت))له‌به‌ر گرنگى سیاسى و ئابورى و جوانى سروشته‌كه‌یه‌وه‌.
كه‌واته‌ ئاستانبوڵ به‌م هه‌موو گرنگیه‌ سیاسى و ئابوریه‌وه‌ كه‌هه‌یه‌تى ئه‌وه‌ ده‌هێنێت كه‌ هه‌موان شه‌ڕى بردنه‌وه‌ى بكه‌ن له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا،ئیسلامیه‌كان له‌ساڵى 1994وه‌ ئاستانبوڵیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئاكاپه‌ش له‌ساڵى 2002وه‌ ئه‌م شاره‌ى بۆخۆى پاوان كردوه‌ و جه‌هه‌په‌ش ماوه‌ى 25 ساڵه‌ لێى دابڕاوه‌ و ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ى جه‌هه‌په‌ له‌ هه‌رسێ شارى ئه‌نقه‌ره‌ كه‌پایته‌ختى سیاسى و ئاستانبوڵ پایته‌ختى ئابورى و گه‌شتیارى و كه‌لتورى و ئیزمیر شارى ده‌ریایى و پیشه‌سازى و بازرگانى ناوه‌كى و ده‌ره‌كى توركیا به‌ماناى بردنه‌وه‌ى هه‌موو توركیا دێت و زۆر جاران ئه‌رۆدگان خۆى وتویه‌تى ((ئه‌وه‌ى ئاستانبوڵ بباته‌وه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ وایه‌ هه‌موو توركیاى بردبێته‌وه‌)) كه‌واته‌ به‌م پێیه‌ بێت جه‌هه‌په‌ توانیویه‌تى گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتن له‌ 25 ساڵى ڕابووردوودا وه‌ده‌ستبێنێت و ئاستانبوڵ و توركیاش بۆخۆى مسۆگه‌ر بكات و ئاكاپه‌ و ئه‌ردۆگانیش له‌ توركیا و ئاستانبوڵه‌كه‌یان دووربخاته‌وه‌.چونكه‌ گرنگى ئه‌م 3 شاره‌ گه‌وره‌یه‌ له‌وه‌دایه‌  له‌لایه‌ك قه‌واره‌ و ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى جه‌ماوه‌رى حیزبه‌كان ده‌رده‌خات و ده‌توانن كاریگه‌رى گه‌وره‌یان له‌سه‌ر ڕه‌وتى ڕووداوه‌كان و به‌رنامه‌ و سیاسه‌تى حكومه‌ته‌كان هه‌بێت.و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌ ڕووى مادیه‌وه‌  ئه‌و حیزبه‌ى باڵاده‌ست بێت ده‌بێته‌ خاوه‌نى گه‌وره‌ترین سه‌رچاوه‌ى داهات و ده‌توانێت زۆرترین پڕۆژه‌ و لایه‌نگرانى خۆى جێگه‌ بكاته‌وه‌ و هه‌لى كاریان بۆ بڕه‌خسێنێت وه‌ك ئاكاپه‌ له‌ 17 ساڵى ڕابووردوودا كردویه‌تى.
ئه‌نقه‌ره‌ى پایته‌ختى سیاسى هه‌رزوو ئاكاپه‌ى ڕه‌تكرده‌وه‌ كاتێك له‌ ڕیفراندۆمى سه‌ر گۆڕینى سیسته‌مى حوكمڕانى له‌ ساڵى 2017دا ده‌نگى به‌نه‌خێردا و ئیدى له‌وكاته‌وه‌ گڵۆڵه‌ى ئاكاپه‌ كه‌وتۆته‌ لێژى و ئه‌نجامه‌كه‌ش له‌ 31/3دا وه‌ده‌ركه‌وت،هه‌رچى شارى ئیزمیریشه‌ كه‌ سێیه‌م ولایه‌تى گه‌وره‌و گرنگه‌ هه‌میشه‌ پێگه‌ى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ عیلمانیه‌كان بوه‌ و ئاكاپه‌ هیچ گه‌شه‌كردنێكى تیادا وه‌ده‌ستنه‌هێناوه‌،هه‌ربۆیه‌ ئاستانبوڵ بۆ هه‌موان گرنگ بوو چونكه‌ خاڵى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ى كاندید و حیزبى گه‌وره‌ و به‌هێز و سه‌ركه‌وتوو بوه‌ هه‌میشه‌.
له‌ ئێستاوه‌ تاكو 23ى حوزه‌یران كه‌ ته‌نها كه‌متر له‌40 ڕۆژى ماوه‌ هه‌موان و به‌تایبه‌تى ئاكاپه‌ و جه‌هه‌په‌ كه‌وتونه‌ته‌ خۆیان بۆئه‌وه‌ى ئاستانبوڵ به‌لاى خۆیاندا كه‌مه‌ركێش بكه‌ن و تاجى سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌كه‌یان له‌سه‌ر بنێن و خۆیان به‌براوه‌ى گه‌وره‌ و یه‌كه‌م دابنێن و شانازى و مه‌ستى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌شیان پیشانى هه‌موان له‌ناوخۆ و دونیاشدا بده‌نه‌وه‌.ئه‌ردۆگان و ئاكاپه‌ كه‌وتونه‌ته‌ خۆ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرترین ده‌نگى ئه‌و 10 ملیۆن ده‌نگده‌ره‌ بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن به‌دڵنیایى و دوور له‌ ڕاڕایى بردنه‌وه‌ مسۆگه‌ر بكه‌ن، جاله‌و پێناوه‌شدا و له‌به‌رئه‌وه‌ى شارى ئاستانبوڵیش هه‌مه‌ چه‌شن و هه‌مه‌ جۆر نه‌ته‌وه‌ و ئاین و مه‌زهه‌بى تیادا نیشته‌جێیه‌ هه‌ر له‌ تورك و كورد و عه‌ره‌ب و ئیسلام و مه‌سیحى و ئه‌رمه‌ن و چه‌ركه‌س و شیعه‌ و سونه‌ و كاسۆلیك و ئه‌رسۆده‌كس و ...هتد.ئه‌وا هه‌موان و هه‌ر ده‌نگێك گرنگى و كاریگه‌رى گه‌وره‌ى ده‌بێت،ئه‌وه‌تا ئاكاپه‌ له‌ دواى زیاد له‌ 5 ساڵ له‌ قه‌ده‌غه‌كردنى سه‌ردانى ئۆجه‌لان یه‌كه‌م هه‌نگاو و بینینى ڕێكخست ته‌نها له‌ پێناو ڕاكێشانى ده‌نگ و سۆزى كوردانى ئاستانبوڵدا كه‌ ته‌نها وه‌كو تاكتیك به‌كاریدێنێت نه‌ك وه‌ك ستراتیژێك بۆ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌ى كورد و دانوسان له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌داو به‌م جۆره‌ش به‌رده‌وام ده‌بێت و دووریش نیه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ و فێڵ و گزیكارى و ...هتد.هه‌رچى جه‌هه‌په‌شه‌ هه‌وڵى خۆى ده‌دات كه‌ دووباره‌ سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر بكات و ئه‌ویش په‌نا بۆ هه‌موو هاوكارى و پشتیوانى و پشتگیریه‌ك ده‌بات و زۆر باش ده‌زانێت كه‌ كورده‌كانى ئاستانبوڵ قورساییان چه‌نده‌ و بردنه‌وه‌ى ئه‌م جاره‌شیان هه‌ر به‌ڕێكه‌وتن بوو له‌گه‌ڵ هه‌ده‌په‌ و كورد و عیلمانى و چه‌په‌كاندا.
له‌كۆتایدا هه‌موان چاوه‌ڕوانى هاتنى 23ى حوزه‌یرانى داهاتوو ده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ى ببینین كه‌ كێ و كامیان له‌ ئاكاپه‌ و جه‌هه‌په‌ گره‌وى سه‌ركه‌وتنى ئاستانبوڵ بۆخۆیان مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن و له‌ڕێگه‌ى ئاستانبوڵیشه‌وه‌ هه‌موو توركیا ده‌خه‌نه‌ ژێر ڕكێفى خۆیانه‌وه‌.دۆڕاندن و شكستى ئاكاپه‌ زۆر كاریگه‌ر ده‌بێت بۆ ئاینده‌ و لانى كه‌م بۆ 5 ساڵى داهاتووى ئاكاپه‌ و ئه‌ردۆگان وه‌كو سه‌رۆك كۆمار و زۆرینه‌ى په‌ڕله‌مان،چونكه‌ له‌توركیادا شاره‌وانیه‌كان خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى زۆر و فراوانن و له‌ڕووى ئابوریه‌وه‌ و ده‌توانن گه‌لێك خزمه‌تى گه‌وره‌ به‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان بكه‌ن بۆ خزمه‌تى حیزبه‌كه‌یان و باشترین به‌ڵگه‌ش 17 ساڵى ڕابووردووى ئاكاپه‌ بوه‌ كه‌ توانیویه‌تى له‌ 2002وه‌ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ و حكومه‌تى به‌هێزى تاك لایه‌ن بۆ 4 خولى په‌ڕله‌مانى مسۆگه‌ر بكات.بۆیه‌ به‌دڵنیایى ده‌نگه‌كانى كوردان لاى هه‌ر لایه‌ك بێت سه‌ركه‌وتن مسۆگه‌ر ده‌كات،به‌وهیوایه‌ى كه‌ كوردانى باكور به‌ عه‌قڵ و ژیرى و مه‌نتیقه‌وه‌ بیربكه‌نه‌وه‌ و باشترین هه‌ڵبژارده‌ى خۆیان دیاریبكه‌ن كه‌ بتوانن له‌ ئاینده‌دا مافه‌كانى كورد له‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ و ته‌واوى توركیاشدا مسۆگه‌ر بكه‌ن.
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ