بیروڕا
گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران به‌ره‌و كوێ؟
نەوزادی موهەندیس
مێژووى ململانێ و گرژییه‌كانى نێوان ئه‌مریكاو ئێران دوورو درێژن،له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستیپێكردوه‌ كه‌ ئه‌مریكا له‌دواى جه‌نگى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ وه‌كو جه‌مسه‌رێكى كاریگه‌رى  سه‌رگۆڕه‌پانى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى دونیاى ئه‌وكاته‌ و تاكو ئێستاش ده‌ركه‌وتووه‌،ته‌نها ئه‌و كاتانه‌ دۆستى ده‌وڵه‌تى ئێرانى پاشایه‌تى حه‌مه‌ڕه‌زاشاى ئێران بوو تاسه‌ره‌تاى ساڵانى حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى ڕابووردوو ،ئاشكرایه‌ له‌ساڵى 1953دا هه‌ربه‌هه‌وڵى ئه‌مریكا بوو كه‌ توانرا  كوده‌تا به‌سه‌ر هێزى محمد موصدق بكرێت و حه‌مه‌ڕه‌زا شا بگه‌ڕێنرێته‌وه‌ سه‌ر ته‌ختى شاهانشاهى ئێران و ئیدى ئێران و شاهانشاكه‌ى خۆیان به‌قه‌رزبارى ئه‌مریكا ده‌زانى و هه‌میشه‌ ملكه‌چ و گوێڕایه‌ڵ بوون،به‌ڵام كاتێك حه‌مه‌ڕه‌زا شا هه‌ستى كرد كه‌ نرخى نه‌وت نزمه‌ و كۆمپانیا نه‌وتیه‌ جیهانیه‌كانیش كه‌وتونه‌ته‌ دوژمنایه‌تیكردنى ئێران و داهاتى نه‌وته‌كه‌ى و گه‌ره‌كیانه‌ بێهێزى بكه‌ن،كه‌وته‌ دژایه‌تیكردنى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ و دواتریش ئه‌مریكا و ئه‌وه‌بوو ئه‌نجام به‌ڕووخاندن و سه‌ره‌ونگومكردنى خۆى و ڕژێمه‌كه‌ى كۆتایى هات له‌ساڵى 1979دا، ئیدى ئه‌مریكا و ئێران دواى ئه‌و مێژوه‌ش و دواى ئه‌وه‌ى كه‌ كۆمارى ئیسلامى ئێرانى شیعه‌ مه‌زهعه‌بى توندڕه‌و وخاوه‌ن خه‌ون و خه‌یاڵى فراوانخوازى و ناردنه‌ده‌ره‌وى شۆڕشه‌كه‌ى بۆ ناوچه‌كه‌ و دونیاش هێنده‌ى تر په‌یوه‌ندیه‌كان ساردووسڕبونه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا پیلانى ڕووخاندنى ئه‌و ڕژێمه‌ش دابنێت له‌ ڕێگه‌ى هه‌ڵایسانى جه‌نگى 8ساڵه‌ى عێراق ئێران و سه‌پاندنى گه‌مارۆى 30 ساڵه‌ى سه‌رى.به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بینین كه‌ مێژووى په‌یوه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و ئێران هیچ كات په‌یوه‌ندیه‌كى دۆستانه‌ى گه‌رموگوڕ نه‌بوه‌ به‌درێژایى 70 ساڵى ڕابووردوو.
هه‌ربۆیه‌ش ئه‌م باكگراوند و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زه‌ به‌رده‌وامه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوانیان هیچ متمانه‌یه‌كى پته‌وى نه‌هێشتوه‌ له‌نێوانیاندا،له‌لایه‌ك ئه‌مریكا هه‌میشه‌ ویستویه‌تى ئێرانێكى ده‌وڵه‌مه‌ند و خاوه‌ن نه‌وت و نفوز و پێگه‌ و گرنگى جیۆسیاسى له‌پاڵ یه‌كێتى سۆڤێتى جاران و ئێستاى ڕوسیاى میراتگرى بلۆكى سۆسیالیستى له‌خولگه‌ و فه‌له‌كى سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیدا بسوڕێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ مه‌ترسى بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆى و هاوپه‌یمانه‌كانیشى له‌ناوچه‌كه‌دا له‌ وڵاتانى ده‌وڵه‌مه‌ندى كه‌نداو و ئیسڕائیل و میسر و ...هتد.له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ ئێران هه‌میشه‌ ویستویه‌تى خۆى وه‌كو وڵاتێكى زلهێزى ناوچه‌كه‌ پیشان بدات و ململانێى له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سعودیه‌ و توركیا و میسر و ئیسڕائیلدا ده‌كرد بۆ ڕابه‌رایه‌تیكردنى وڵاتانى ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین و گه‌ره‌كى بوو ببێته‌ پاڵه‌وان و یاریكه‌رى سه‌ره‌كى سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ و هه‌ژموونى سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و پلانه‌كانى خۆى بسه‌پێنێته‌ سه‌رهه‌موان.
ئێران مێژوویه‌كى دوووردورێژى هه‌یه‌ له‌ ترس و تۆقاندنى وڵاتانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌میشه‌ وه‌ك مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ خۆى پیشانیان داوه‌ و هه‌وڵى زۆریشى داوه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى به‌حره‌ین و 3 دورگه‌ى ئیمارات و له‌ڕێگه‌ى نفوزى مه‌زهه‌بى شیعه‌شه‌وه‌ خۆى خزاندۆته‌ ناو كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بیه‌كانى یه‌مه‌ن و عومان و سعودیه‌ و به‌حره‌ین و كوێت و عێراق و سوریا و لوبنان و میسر و ته‌نانه‌ت  مه‌غریبى عه‌ره‌بى و ..هتد.له‌م چه‌ند ساڵه‌ى ڕابووردوودا به‌ئاشكرا و به‌نهێنى پشتیوانى له‌هه‌ر هێزێكى تیرۆریستى یان به‌ناو مقاوه‌مه‌تى  شۆڕشگێڕى كردوه‌ له‌ لوبنان و فه‌له‌ستین و سوریا و عێراق و یه‌مه‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى و هه‌موو جه‌نگ و ململانێكانیشى له‌سه‌ر زه‌مینه‌ و ئاو وهه‌وا و له‌ناو گه‌لان و له‌سه‌ر حسابى ئه‌و وڵاتانه‌ به‌رپاكردوه‌ دوور له‌ سنوره‌كانى خۆى.به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م ململانێ مێژوویه‌ى ئه‌مریكا و ئێران بۆته‌ مۆته‌كه‌یه‌كى ترسێنه‌ر بۆ سه‌ر ته‌واوى ناوچه‌كه‌ و گه‌ره‌كه‌ چاره‌سه‌رێكى سیاسى یان سه‌ربازى یه‌كلایى بكاته‌وه‌ و ئیدى ناوچه‌كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كى كاتیش بێت دووربخرێته‌وه‌ له‌و ململانێ ناڕه‌وایه‌ كه‌ هه‌یه‌.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ،ئایا ئه‌م ململانێیه‌ تاچه‌ندى تر بڕده‌كات؟ به‌ره‌و كوێ و به‌چ ئاڕاسته‌یه‌ك كۆتایى پێدێت؟ سه‌ركه‌وتووى كۆتایى كام لا ده‌بێت؟ ناوچه‌كه‌ چى به‌سه‌ر دێت؟ و زۆر پرسیارى تریش..
پاڵپشت به‌و ڕاستیانه‌ى كه‌له‌سه‌ر زه‌مینه‌ى واقع  ده‌بینرێت و ده‌توانرێت گریمانه‌ى بۆ بكرێت،ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتى ڕێگا چاره‌سه‌رى سیاسى پیاده‌ بكات تائه‌وئاسته‌ى بڕده‌كات ،له‌ڕێگه‌ى به‌سه‌رداچوونه‌وه‌ى ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى نێوان ئێران و وڵاتانى ئه‌وروپا و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌مریكا تاك لایه‌نه‌ هه‌ڵیپه‌ساردوه‌ و ئێرانیش هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى ده‌كات.ئه‌مریكا گه‌ره‌كێتى گه‌ر ڕژێمه‌ ئیسلامیه‌كه‌ى ئێرانیش به‌ته‌واوه‌تى نه‌ڕوخێنێت و به‌ده‌ردى ڕژێمى به‌عسى صدامى عێراقى نه‌بات ئه‌وا چنگ و په‌لى بكات و نینۆك و كه‌ڵبه‌كانى كورتبكاته‌وه‌،به‌شێوه‌یه‌ك چیدى تواناى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌ى نه‌بێت له‌ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانى،گه‌ر ئێران ملكه‌چى نواند و به‌مه‌رجه‌كانى ئه‌مریكا ڕازى بوو ئه‌وا ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كى بێترس و بێهێز و له‌خولگه‌ى سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكادا بمێنێته‌وه‌ و نه‌بێته‌ مه‌ترسى زیاتر،گه‌ر به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌ڕه‌قى و بێ به‌رنامه‌ و غرورى سیاسى مامه‌ڵه‌ى كرد،ئه‌وا به‌دڵنیایى ڕووخاندنى ئه‌و ڕژێمه‌ مسۆگه‌ره‌ گه‌ر به‌جه‌نگى گه‌رمیش نه‌بێتـ،ئه‌وا ئه‌مریكا له‌ڕێگه‌ى سه‌پاندنى گه‌مارۆ ئابوریه‌ تونده‌كانى سه‌ر كه‌رته‌كانى نه‌وت و غازى سروشتى و به‌گشتى كه‌رتى وزه‌ و دواتریش كه‌رتى دارایى و بانكى و دواتر كه‌رتى سه‌ربازى و ئه‌منى و پیشه‌سازى و ده‌ریایى و ..هتد.ئیدى ئێران ملكه‌چ ده‌كات.
جا به‌م شێوه‌یه‌ به‌بێ بوونى داهات و بڕینى شاده‌مارى داهاته‌كانى ئێران كه‌ نه‌وت و غازى سروشتیه‌ ناتوانێت خۆڕابگرێت و مه‌رگ و ڕووخاندنى خۆى مسۆگه‌ر ده‌كات و به‌م شێوه‌یه‌ له‌هه‌ردوو باردا ئێران گه‌وره‌ترین زیان به‌ر هێز و نفوز و ناو وناوبانگى ده‌كه‌وێت گه‌ر ڕازیبێت یان ناڕازى و ئه‌مریكاش وه‌ك زلهێزێكى دونیایى گه‌وره‌ و به‌توانا و خاون نفوز و ده‌سه‌ڵات و ته‌كنه‌لۆجیاى نوێ سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ مسۆگه‌ر ده‌كات. ڕه‌نگه‌ جه‌نگى ڕاسته‌وخۆى گه‌رم نه‌كرێته‌ سه‌ر ئێران وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ ڕوویدا له‌گه‌ڵ عێراقدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئێران وڵاتێكى پان وپۆڕ و گه‌وره‌ و خاوه‌ن سنورێكى فراوان و خاوه‌ن گه‌لانێكى زۆرینه‌ مه‌زهه‌ب شیعه‌ى خاوه‌ن بیروباوه‌ڕى توندڕه‌و و ده‌مارگیرن بۆ ده‌سه‌ڵات و مه‌زهه‌به‌كه‌یان،به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا پێكهاته‌ى گه‌لان و كۆمه‌ڵگاى ئێرانیش یه‌ك و یه‌كگرتوو نیه‌ و گه‌لانى جیاواز له‌ فارس و كورد و ئازه‌ر و توركومان و عه‌ره‌ب و به‌لوش و ..هتد.ده‌ژین و ماوه‌ى زیاتر له‌ 40 ساڵه‌ له‌جه‌نگ و له‌ ژێر بارى برسێتى و گه‌مارۆى ئابوریدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن و چیدى تواناى به‌ره‌نگارى و برسێتى زیاتر ناگرن.
بۆیه‌ ئه‌م ململانێیانه‌ له‌كۆتادا به‌ره‌و ئاڕاسته‌ى نه‌مان و سه‌ره‌ونگومكردنى ڕژێمى ئیسلامى ئێرانى هه‌نگاو ده‌نێت و ناوچه‌كه‌ش به‌ره‌و ئارامیه‌كى كاتیش بێت ده‌چێت به‌پێى پلانه‌كانى ئه‌مریكا و پاراستنى هاوپه‌یمانه‌كانى له‌عه‌ره‌به‌كان و له‌پێش ئه‌وانیشه‌وه‌ ئیسڕائیله‌.
بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى ئه‌م وڵاتانه‌ى ناوچه‌كه‌وه‌ به‌گه‌وره‌ و بچوكیانه‌وه‌ به‌هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندیانه‌ و به‌ به‌هێز و لاوازیانه‌وه‌ ململانێكانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاى زلهێزى دونیا نه‌گه‌یه‌ننه‌ ئاستێك كه‌ خاڵى نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ تێپه‌ڕ بكات چونكه‌ هیچكات ناتوانن درێژه‌ به‌و ململانێ نابه‌رابه‌ریه‌ بده‌ن،چونكه‌ ئه‌مریكا وڵاتێكى دووره‌ ده‌سته‌ و هیچ جه‌نگێك له‌سه‌ر خاك و گه‌لانى خۆى ناكات و به‌ڵكو ته‌واوى خه‌رجى و كاولكاریه‌كان له‌سه‌ر حسابى گه‌لان و خاكى وڵاتانى ناوچه‌كه‌یه‌،بۆیه‌ ڕاستترین سیاسه‌ت و پلان بریتیه‌ له‌وه‌ى كه‌ خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بگونجێنن له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ئه‌مریكا و زلهێزه‌كانى ترى ئه‌وروپا و ڕوسیاشدا،وازبێنن له‌ ململانێیه‌ك كه‌ كۆتایى شانۆگه‌ریه‌كه‌ بۆ هه‌موان ڕوونه‌ و هه‌موو كوده‌تا و ڕاپه‌ڕین و خۆپیشاندانه‌ جه‌ماوه‌ریه‌كانى ناوچه‌كه‌ و ڕووخاندنى ڕژێمه‌ دیكتاتۆریه‌كانى ناوچه‌كه‌ هه‌موانیان به‌قازانجى ئه‌مریكا ته‌واو ده‌بن و ده‌ستى ئه‌مریكا و داموده‌زگا جاسوسیه‌كانى ئه‌و وڵاتانه‌ى له‌پشته‌وه‌یه‌.
ڕاستیه‌كى حاشاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى ،له‌م قۆناغه‌دا نه‌ ڕوسیا و نه‌وڵاتانى ئه‌وروپاش ناتوانن به‌ر به‌هه‌ژموون و سیاسه‌ته‌كانى ئه‌مریكا بگرن و به‌تایبه‌تیش له‌سه‌رده‌مى سه‌رۆك ترامپدا كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت پێشبینى هه‌نگاوه‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوه‌كانى بكات و وه‌كو ئه‌مریكیه‌كى ڕه‌سه‌ن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كاندا ده‌كات و سیاسه‌تى ((دار و گوێزه‌ره‌كه‌ى ئه‌مریكا))پیاده‌ ده‌كات ،داره‌كه‌ بۆ ئه‌و سه‌ركرده‌ و وڵاتانه‌ى ململانێى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و گه‌ره‌كیانه‌ له‌خولگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى ده‌ربچن و گوێزه‌ره‌كه‌ش بۆ ئه‌و وڵات و سه‌ركردانه‌ى كه‌ ملكه‌چده‌كه‌ن و گوێڕایه‌ڵن بۆ ئه‌مریكا.جا گره‌وى بردنه‌وه‌ تاسه‌ر لاى هیچ كام له‌ سه‌ركرده‌ى ئه‌م ناوچه‌یه‌ نیه‌،چونكه‌ ئه‌مریكا له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆیدا پشت ده‌كاته‌ نزیكترین دۆستى خۆى و ته‌نها وته‌نها به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى خۆى ده‌پارێزێت و مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ دیفاكتۆ و ئه‌مرى واقیعدا ده‌كات و هیچ كات دۆست و دوژمنى تاسه‌رى نه‌بوه‌ و ناشبێت. جاهه‌ق وایه‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كانى ئه‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌م ڕاستیه‌ هه‌رگیز له‌بیر نه‌كه‌ن و خۆیان و سێبه‌ره‌كانیان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریكادا لێ گه‌وره‌ نه‌بێت ،چونكه‌ هه‌موانیان هه‌ر له‌ڕێگه‌ى ئه‌مریكاوه‌ هاتونه‌ته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و پشتیوانیان لێكراوه‌ ،نه‌ك به‌ ده‌نگ و پشتیوانى گه‌له‌كانیان و له‌به‌رئه‌وه‌ى هیچ كام له‌و سه‌ركردانه‌ ڕێزى دیموكراسى و مافى گه‌له‌كانیان و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیان له‌لا نه‌بوه‌ و ته‌نها بڕوایان به‌ به‌كارهێنانى هێز و تۆقاندن و ترس و گرتن و كوشتن و ڕاوه‌دونانى سیاسى هه‌بوه‌ ،هه‌ربۆیه‌ش له‌ نزیكترین هه‌لدا گه‌له‌كانیان پشتیان تێده‌كه‌ن و ئاواته‌خوازن هێزێكى ده‌ره‌كى ببێته‌ فریادڕه‌سیان و هاوكارى بكه‌ن بۆ ڕووخاندنى ڕژێمه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ تاكڕه‌و و زاڵم و چه‌وسێنه‌ره‌كانیان، ئتترین ئه‌مریكاش ده‌توانێت له‌ كورتترین ماوه‌دا و به‌ ده‌رزیه‌كى بچوك میزڵدانه‌ فوتێكراوه‌كه‌یان بته‌قێنێته‌وه‌ و پوچه‌ڵ بكاته‌وه‌.وه‌كو ده‌ڵێن  ((په‌ند بۆ ئه‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ په‌ند وه‌رده‌گرن)).
‌‌ زیاتر ...
د.به‌ختیارشاوه‌یس
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
هیوا محه‌مه‌د
سەرتیپ جەوهەر
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ