سلێمانی
مۆزه‌ی شه‌هیدانی ده‌ستی داعش كرایه‌وه‌
ئاڕاسته‌:جه‌عفه‌ر حسێن
ئه‌مڕۆ 16/9 به‌ ئاماده‌بونی به‌رپرسانی حكومی و حزبی و هاووڵاتیه‌كی زۆر ، مۆزه‌ی شه‌هیدانی ده‌ستی داعش له‌ مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌ سووره‌كه‌ كرایه‌وه‌،كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نمایشكردنی  وێنه‌و كه‌لوپه‌لی شه‌هیدانی ده‌ستی داعش.
ئاكۆ غه‌ریب به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ده‌رباره‌ی مۆزه‌ی شه‌هیدانی ده‌ستی داعش وتی: مۆزه‌خانه‌ی شه‌هیدانی دژی تیرۆرستانی داعش، یه‌كێكی تره‌ له‌ پڕۆژه‌ گرنگه‌كانی تری ئه‌منه‌ سوره‌كه‌ ، ئێمه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ بیرمان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دۆكۆمێنته‌كان كۆبكه‌ینه‌وه‌ و مۆزه‌خانه‌یه‌كی لێدروست بكه‌ین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش 25-5-2015 ده‌ستمان پێكرد و دوای 16 مانگ گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئاكامه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ مۆزه‌خانه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌ پێكهاته‌ی مۆزه‌خانه‌كه‌ش وتی: لێره‌ كۆمه‌لًَێك وێنه‌ی شه‌هیدانی تێدایه‌ ، ئێره‌ بۆته‌ چه‌ترێكی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نها شه‌هیدانی باشوری تێدا نیه‌، به‌ڵكو شه‌هیدانی ڕۆژئاواشی تێدایه‌، لێره‌دا نزیكه‌ی 2 هه‌زار و 400 شه‌هیدی رۆژئاوا دانراوه‌، هه‌روه‌ها یه‌ك هه‌زار و 755 شه‌هیدی باشوریش هه‌یه‌ له‌و ژماره‌یه‌ یه‌ك هه‌زارو 152 وێنه‌ی شه‌هیدانمان داناوه‌، ئه‌وه‌ی تریش كه‌ ده‌ستمان نه‌كه‌وتوه‌ ناویمان نوسیوه‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك كه‌لوپه‌لی شه‌هیدانیشمان نمایش كردووه‌، هاوكات ڕۆڵی ڕاگه‌یاندن و ته‌ندروستیمان له‌به‌رچاو گرتووه‌ و كاره‌كانی ئه‌وانیشمان نمایش كردووه‌ و وه‌ك په‌یكه‌ر نمایشمان كردوون.
له‌كۆتایشدا وتی: ئه‌م مۆزه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دروستكراوه‌ و چه‌ندین كه‌سایه‌تی و ده‌زگاش هاوكاریان كردوین.

690 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/16/2017 3:07:06 PM
زیاتر ...