سلێمانی
سلێمانی هەردەم پێشەنگ و ڕابەر بوە
ئاڕاسته‌ :به‌شی هه‌واڵ
سلێمانی هەردەم پێشەنگ و ڕابەر بوە و پێش 93 ساڵ داوای سەربەخۆیی كردوە نەك ڕیفراندۆم، هەڵوێست و توانا و زیرەكی وپێشكەوتووخوازی و سەربەخۆخوازی سلێمانی لە دوو وێسگەی جیاوازی مێژوودا:
1. لە 17/7 و 24/7/2017دا لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئەنجامی پۆلەكانی 9 و 12 ڕاگەیەندرا..ئەوەی جێگەی سەرنج بوو ئەوەبوو كە سەرەڕای ئەوەی زیاد لە 2 مانگ بایكۆتی دەوام لەلایەن مامۆستایانی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەرین و كۆیە و هەڵەبجە و چەمچەماڵ و دواكەوتنی خوێندكاران لە خوێندن ،بەڵام زۆرینەی ڕێژەی دەرچوان لەم دەڤەرەدا بوە و زیاد لە 60% بوە، لەبەرامبەریشدا هەولێر و دهۆك ڕێژەی دەرچوون تیایاندا لەسلێمانی كەمتر بوە.كە هیچ بایكۆت و دواكەوتنێك لە دەوامدا نەكراوە.
ئەمە ئەو ڕاستیە دەردەخات كەلەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ دانیشتوانی دهۆك و هەولێر سەرەڕای ئاشتی و ئارامی(( بەناو هەبوو )) بەڵام ترس و زوڵمی دەسەڵاتی ئەو دەڤەرە وایكردوە كە نەمامۆستا و نە خوێندكارەكان بیرو هۆشیان لای خوێندن نەبێت هەربۆیە ئەنجامەكان بەو شێوەیە بوە. لەلایەكی تریشەوە ئەو ڕاستیەی سەلماندەوە كە دانیشتوانی سلێمانی و ئەم دەڤەرە هەمیشە پێشەنگ و ڕابەر و داهێنەرن , دەسەڵاتەكەشی دیموكراسی و ئازادیخواز و پێشكەوتوخوازە.چونكە هیچ كات لەسایەتی ترس و تۆقاندنەوە داهێنان نایەتەدی.
2. لە 20/9/1924دا عوصبەتولئومەم بڕیاریدا لیژنەیەكی (( دەرخەری ڕاستیەكان )) بنێرێتە ولایەتی موصڵی كۆن بۆئەوەی ڕاستەوخۆ ڕای دانیشتوانی ناوچەكە بزانێت لەسەر مانەوەیان لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی توركی ئەتاتوركد؟ یان سەربەخۆبن و بخرێنە سەر دەوڵەتی عێراقی تازە دروستبوو بەمەرجی كوردەكان؟
• لە ئەنجامدا لیژنەكە ڕاپۆرتی خۆی بۆ عوصبەتولئومەم نوسیوە لە 16/7/1925دا وڕایگەیاندوە كە:
بۆیان دەركەوتوە كە:
• كوردەكان 5/8 ی دانیشتوانی ولایەتی موصڵ. نە تورك و نە عەرەبن.گرنگترین لایەنی كێشەكەن.
• كوردەكان هەستێكی كوردانەی گەورەیان هەیە و سەربەخۆییان دەوێت یان بخرێنە سەر دەوڵەتی عێراقی نوێ‌ بەمەرجی ئەوەی ئیدارەیەكی خۆییان هەبێت.
• عێراقی عەرەبی سنورەكەی تەنها تا تكریت یان شاخەكانی حەمرینە.
• ولایەتی موصڵ هیچ كات لەسەردەمی فتوحاتی عەرەبیەوە تا ساڵی 1925 وەك ناوچەی جێگە ناكۆك نەهاتوە وەك بەشێك لە خاكی عێراق.
• شاری كەركوك كوردەكان و باب و باپیرانی كورد دروستیان كردوە ((گۆتیەكان)كە پێش هاتنی عەرەب بۆ باشوری عێراق لە كەركوك نیشتەجێبوون.
• هەربۆیە لیژنەكە پێشنیاز دەكات گەر :
1. لایەنی نەتەوەیی لێكبدرێتەوە دەبێت دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی دابمەزرێت.
2. گەر لایەنی ئابوریش لێكبدرێتەوە دەبێت بخرێتە سەر دەوڵەتی عێراقی نوێ‌ بۆ ئەوەی توانای ژیان و بەردەوامی هەبێت .بەمەرجێك مافەكانی كورد پارێزراوبن.
• كاتێك كوردەكانی سلێمانی بەهاتنی لیژنەكەیان زانیوە یەكسەر نامەیەكیان ناردوە بۆ عوصبەتولئومەم لە 1/10/1924دا و دژی داواكاریەكانی توركیا بون بۆ بەستنەوەی ولایەتی موصڵ بە توركیاوەو ڕەتیانكردۆتەوە كە هیچ پەیوەندیەكیان بە توركەوە هەبێت جگە لە دین.
• كاتێك لیژنەكەش هاتۆتە سلێمانی و ڕاوبۆچونی دانیشتوان بەگشتی و پیاوماقوڵان و ڕۆشنبیرانیان پرسیوە لەماوەی 3 ڕۆژدا كە ماونەتەوە بۆیان دەركەوتوە كە زۆرینەی ڕاوبۆچونەكان كوردانەبوە و بەرەو ئاڕاستەی سەربەخۆبوون چوە. و هەموانیان بە ئاشكرا دژی حوكمی توركیابون و داوای سەربەخۆبونیان كردوە.
• بەم شێوەیە خەڵكی ئەم دەڤەرە و سلێمانی پێش 93 ساڵ داوای سەربەخۆییان كردوە وداگیركاریان ڕەتكردۆتەوە، بەمەش جارێكی تر سلێمانی بەجیا لەناوچەكانی هەولێر و بادینان ئەم هەڵوێستە كوردانەیان نواندوە.
• بەڵام لەئێستادا كە دەزانن ئەم ڕیفراندۆمە خێر و سەربەخۆیی بۆ كورد تیادا نیە جگە لەماڵوێرانی و لەدەستدانی ئەم دەسكەوتانەی كە هەمانە بۆیە ڕەتیدەكەنەوە و كاتەكەیان پێ گونجاو نیە.
بۆیە دەبێت سەركردە و حیزبە سیاسیەكان لەم هەڵوێستەی خەڵكی سلێمانی تێبگەن،چونكە ئەم ناوچەیە هەستیار و دووربین و خوێندنەوەی ڕاست و دروستی هەیە بۆ گۆڕانكاریەكان و پێشبینیەكانیشی هەمووی ڕاست و دروستن.
• جا ئەمەیە نهێنی زیندوێتی و دەستپێشخەری و داهێنەری سلێمانی لەهەموو بوارەكاندا،لەگەڵ ڕێزی زۆرم بۆ هەموو ناوچەكانی تری كوردستان.
نه‌وزادی موهه‌ندیس
732 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/26/2017 12:04:41 PM
زیاتر ...