سلێمانی
حەپسەخانی نەقیب كێیه‌؟
ئاڕاسته‌:عه‌بدول نه‌جم
حەپسە خانی نەقیب ئەو ژنەیە كە فیكر و كردار و ئامانجەكانی پێش سەردەمەكەی خۆی كەوتبوون. ئەو لە سەردەمێك ژیا كە زۆر دەگمەن بوو تێیدا ژن هەڵبكەوێت و دەستەڵاتی هەبێت و شان لە شانی پیاوان بدات و باس لە مافەكانی ژنان بكات.
حەپسەخان، کچی مەعرووفی بەرزنجی و نەوەی کاک ئەحمەدی شێخە و لە ساڵی ١٨٩١دا لە سلێمانی ھاتۆتە دنیاوە.
ئەم ژنەی نزیكەی سەدەیەك لەمەوبەر دەستی داوەتە پەروەردەكردنی ژنان لە رێی دامەرزراندنی یەكەم قوتابخانەی كوردی و دواتریش لە ساڵی ١٩٣٠ دا یەكەم رێكخراوی ژنانی دامەزراندووە.
ئەمانە چەند زانیاریەکی گرنگ لەسەر حەپسە خانی نەقیب :
۱ـ حەپسەخانی نەقیب، ئامۆزای شێخ مەحموودی حەفید و ھاوسەری شێخ قادری حەفید “برای شێخ مەحموود” بوو.
٢- دیوەخانەکەی حەپسەخان ھەردەم پڕ بووە لە ژنانی سلێمانی و دەوروبەری و ـ ھەر ژنێک تووشی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان دارایی ئەبوو یان زۆری لێ دەکرا، پەنای دەبردە بەر حەپسەخان.
٣ـ ئەو ماڵەکەی خۆی کردبووە خوێندنگا بۆ ئافرەتان، ماڵەکەی ئەو یەکەمین قوتابخانەی ئافرەتان بووە لە سلێمانی و لە ھەموو کوردستاندا. ژنان لەو مەڵبەندە، ھەستی کوردایەتییان دەورووژا و بیری ڕامیارییان لەلا پەروەردە دەبوو.
٤ـ لە ساڵی ١٩٣٠دا لە سلێمانی یەكەمین كۆمەڵەی ژنانی بەناوی “كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد” دامەزراند، هەبوونی كۆمەڵەیەكی لەم چەشنە بۆداكۆكیكردن لە ماف ‌و داواكانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەدەی رابردوودا، نموونەیەكی كەم وێنەیە، تەنانەت لە سەرئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش.
.٥ـ کاتێک کۆماری مەھاباد دامەزرا، حەپسەخان بە ھەموو توانایەکی دارایی پشتگریی ئەو کۆمارەی کرد و قازی موحەممەد سوپاسنامەیەکی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێنا.
٦ـ حەپسەخان زۆرخەمخۆرانە دەستی داوەتە هۆشیاركردنەوەی کۆمەڵگە بۆخوێندنی كچان، چونکە ئەو کات تەنها پیاوان مافی خوێندیان هەبووە ئەویش لە حوجرەکان بۆیە كاتێك یەكەم قوتابخانەی سەرەتایی كچان لەساڵی ١٩٢٦ لەسلێمانی دەكرێتەوە لەگەڵ مامۆستاكاندا ماڵ بەماڵ گەڕاوە بۆناونووسكردنی كچان.
۷ـ لە تەمەنی ٦٢ساڵیدا و لە ڕۆژی ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کردووە. لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.

1021 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/1/2017 1:51:40 PM
زیاتر ...