دۆسیە
نه‌ورۆز چییه‌ و له‌چییه‌وه‌ داهاتووه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
نه‌ورۆز چییه‌ و له‌چییه‌وه‌ داهاتووه‌؟ ، ئایا كورد بۆچی‌ له‌جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ئاگر ده‌كاته‌وه‌؟ ، چۆن یه‌كه‌م ڕۆژی‌ نه‌ورۆز دیاری‌ كرا و په‌یوه‌سته‌ به‌ چییه‌وه‌؟. 

دكتۆر پشكۆ حه‌مه‌تاهیر مامۆستای‌ زانكۆ و شاره‌زای‌ مێژوو له‌میانی‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاڕاسته‌  وه‌ڵامی‌ ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌داته‌وه‌.

دكتۆر پشكۆ: ووشه‌ی نه‌ورۆز وشه‌یه‌كی لێكدراوه‌ كه‌ (نه‌و) واتای (نوێ) و (رۆز) واتای (رۆژ) پێكه‌وه‌ (رۆژی نوێ) دێت، وه‌ك كه‌لتورێكی‌ زۆر دێرین كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ گه‌له‌ ره‌گه‌ز ئارییه‌كان له‌به‌شی ئێرانی به‌گشتی و كورد و فارس به‌تایبه‌تی، به‌شێوه‌ی جۆربه‌جۆر په‌یڕه‌و ده‌كرێت.

 هه‌ندێك پێیان وایه‌ زاڵبوونی كاوه‌ به‌ سه‌ر زوحاك سه‌رچاوه‌ی نه‌ورۆزه‌، به‌ڵام نه‌ورۆز زۆر له‌ ئه‌فسانه‌ی زوحاكیش كۆنتره‌، شاره‌زایانی نه‌ورۆز، بڕوایان وایه‌ جه‌مشید كه‌ یه‌كێك له‌ پاشاكانی پێشدادییه‌كان بووه‌، نه‌ورۆزی داهێناوه‌. ژیانی ئه‌و پاشایانه‌ له‌ ئه‌فسانه‌ به‌ده‌ر نییه‌ و به‌ سه‌رهاته‌كانیان زۆر خه‌یاڵین و سه‌رده‌مه‌كه‌شیان به‌ر له‌ چاخی مێژووه‌، كه‌وا بێت بنه‌مای نه‌ورۆز ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چاخه‌ دێرینه‌كانی پێش مێژوو.


ئایا كورد ئاگرپه‌رسته‌؟ بۆچی له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزدا ئاگرده‌كرێته‌وه‌؟

دكتۆر پشكۆ: ئاگركردنه‌وه‌ له‌ كۆتا رۆژی ساڵێكی به‌سه‌رچوو سه‌ره‌تایی ساڵێكی نوێ یه‌كێكه‌ له‌و دیاردانه‌ی لای كورد له‌ پێش مێژووه‌وه‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ زۆر جار له‌لایه‌ن نه‌یارانی كورده‌وه‌ (كورد به‌ ئاگر په‌رست) ناو ببه‌ن و ناو و  ناتۆره‌ی جۆراوجۆری له‌ كورد بنێن، به‌ڵام ئه‌و نه‌یارانه‌ی كورد نازانن كورد له‌كردنه‌وه‌ی ئاگردا رێزگرتنه‌ له‌ ئاگر نه‌ك په‌رستن، بێگومان ئه‌و رێزگرتنه‌ی ئاگریش لای كورد له‌م راستیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌:
یه‌كه‌م// ئاگر بۆ كورد به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی تۆبۆگرافیه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی‌ شاخاوی سارد بووه‌، فاكته‌رێك بووه‌ بۆ مانه‌وه‌و خۆپاراستن له‌ سه‌رمای ناوچه‌كه‌یان.

دووه‌م// ئاگر كردنه‌وه‌ بۆ كورد گرنگیه‌كی دی بۆ خۆپارستن و دورخستنه‌وه‌ی گیانه‌وه‌ره‌ دڕنده‌كان بووه‌و بۆ ئه‌وه‌ی ئازارییان نه‌ده‌ن.

سێیه‌م// ئاگر گرنگیه‌كی تر بۆ كورد و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كانی دی دوونیا ،زۆر كات بۆ رووناكردنه‌وه‌ به‌كارهاتووه‌، ئاگر ئامێری رووناككردنه‌وه‌ی گه‌یاندووه‌ بۆ كورد.

چواره‌م//گرنگیه‌كی تر ئاگر بۆ كورد ، زۆر كات مانای گه‌یاندنی په‌یام و ته‌له‌گرافی گه‌یاندوه‌، به‌تایبه‌ت هێزی پێشمه‌ركه‌ زۆرجار وه‌ك په‌یام به‌كاری هێناوه‌، له‌ شه‌ری پارتیزانی و سه‌ركه‌وتنه‌كانییدا.

پێنجه‌م// گرنگی و پیرۆزییه‌كی تری‌ ئاگر بۆ كورد به‌شێكه‌ له‌ پایه‌كانی كۆنترین ئاینی كه‌ ئاینی زه‌رده‌شتیه‌.

شه‌شه‌م// گرنگیه‌كی تری‌ ئاگر بۆ كورد و مرۆڤایه‌تی بریتییه‌ له‌ پاكردنه‌وه‌ی و ئاماده‌كرنی خۆراكه‌ بۆ خواردن.

چۆن یه‌كه‌م ڕۆژی نه‌ورۆز دیاری كرا و په‌یوه‌سته‌ به‌ چیه‌وه‌؟

د.پشكۆ ئه‌غجه‌له‌ری:سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستنیشانكردنی رۆژی نه‌ورۆزیش وه‌ك یه‌كه‌م رۆژی ساڵی نوێی كوردی، ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ گرنگی دانی میدییه‌كان كه‌ ئه‌و رۆژه‌ییان ده‌ستنیشانكردووه‌ بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی (ده‌وڵه‌تی ماد)، چونكه‌ هه‌مووان ئه‌و راستیه‌ باشده‌زانین كه‌ رۆژژمێری كوردی په‌یوه‌سته‌ به‌دامه‌زراندنی یه‌كه‌م ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كوردی كه‌ (ده‌وڵه‌تی ماد)ه‌ و   ٢٧١٦ ساڵ پێش ئێستا بونیادیان ناوه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یوه‌ستیه‌كیشی هه‌یه‌ به‌ گۆرانكاری سروشت و ئاوهه‌واوه‌ له‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستاندا.

ده‌توانرێت بوترێت نه‌ورۆز واتایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ و بۆته‌خاڵیكی هاوبه‌ش له‌نێوان كوردانی هه‌رچوارپارچه‌دا؟

دكتۆر پشكۆ: لێره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و راستیه‌ی كه‌ بوترێت رۆژی نه‌ورۆز بۆ كورد زیاتر له‌ واتایه‌كی هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مانای ئاینی‌ و دونیاشی‌ تێدا به‌دی ده‌كرێت ، هه‌ر ئه‌مه‌شه‌ وایكردووه‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز لای كورد جه‌ژنێكی تایبه‌ته‌ و مێژوویه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌، له‌ هه‌موو ناوچه‌ كوردیه‌كاندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، یه‌كێك له‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان له‌ نێوان ته‌واوی كورددا ئاگر ڕۆشن كردنی نه‌ورۆزه‌.

ڕۆژی‌ 20/3/ ی‌ هه‌موو ساڵێك وه‌ك پێشوازییه‌ك له‌ یه‌كه‌م ڕۆژی‌ به‌هار و هاتنی‌ ساڵی‌ نوێی‌ كوردی‌ له‌ سه‌رجه‌م به‌شه‌كانی‌ كوردستان ئاگری‌ نه‌ورۆز ده‌كرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێستا ته‌نها دوو به‌شی‌ كوردستان ئازاده‌ و به‌ ئازادی‌ ئه‌و ئاگره‌ی‌ تێدا ده‌كرێته‌وه‌، له‌ ڕۆژهه‌ڵات و باكوری‌ كوردستانیش هه‌ندێك كۆت و به‌ند هه‌ن بۆ كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئاگره‌ و یادكردنه‌وه‌ی‌ نه‌ورۆز به‌ڵام كورد هه‌ر سوره‌ له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و ئاگره‌ و تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ڕێگری‌ لێبكرێت.

جێگای باسه‌،نەورۆزی ئەمساڵ لە باشووری کوردستان بەهۆی رەوشی عەفرین جیاواز دەبێت زۆربەی ئەو پلانانەی بۆ نەورۆز دانرابوون هەڵوەشێنراونەتەوە سالأنی ڕابردوو شەقامی سالم و گردی مامەیارە مەشخەڵیان لێ هەڵدەکرا و، خەڵک بە جلی رەنگاورەنگی کوردی شەقامەکەیان دەتەنی، بەڵام پارێزگار هەموو چالاکییەکانی راگرت و لەجیاتی ئاهەنگگێڕان، سێ رۆژ ماتەمینی بۆ عەفرین راگەیاند.



دیداری:عه‌بدول نه‌جم

1030 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/21/2018 5:02:12 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ