دۆسیە
هه‌ڵه‌بجه‌ - زامێکی‌ له‌بیرنه‌کراوی گه‌لی‌ کورده‌
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم


له‌ رۆژی 16-3-1988 دا رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو به‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی و بێ به‌زه‌ییانه‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی کیمیاباران کرد.
 به‌هۆیه‌وه‌ 5000 رۆڵه‌ی سه‌ربه‌رزی ئه‌و شاره‌ شه‌هیدبوون و به‌سه‌دان که‌سیش برینداربوون و هه‌ندێک له‌و بریندارانه‌ تائێستاش به‌ برینه‌کانیانه‌وه‌ ده‌ناڵێنن.

هه‌ڵبجه‌ ئازارێک که‌ هه‌رگیز له‌یاد ناکرێت

له‌و رۆژه‌دا ژن و پیاو، کوڕو کچ، منداڵ، پیر، بێ جیاوازی بێ هیچ تاوانێک شه‌هیدبوون و له‌وکاته‌دا نه‌ک جیهان به‌ڵکو کۆمه‌ڵگه‌ی نێو ده‌وڵه‌تیش نه‌هاته‌ ده‌نگ، گه‌لی کورد ئازارێکی هه‌تاهه‌تایی چه‌شت، ئازارێک که‌ هه‌رگیز له‌یاد ناکرێت.
هه‌ڵه‌بجه‌ زامێکی‌ له‌بیرنه‌کراوی‌ گه‌لی‌ کورده‌، له‌دوای ئه‌و کیمیابارانه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هیدانی راپه‌ڕین کۆتاییان به‌ حکومڕانی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو هێناو ئازادییان بۆ نه‌ته‌وه‌ مه‌زنه‌که‌مان گه‌ڕانده‌وه‌، ئه‌و ئازادیه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیدانی کیمیاباران و هه‌ڵه‌بجه‌یه‌.
دوای راپه‌ڕین و له‌ساڵی 2003دا ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی کۆتاییان به‌ حوکمرانی رژێمی به‌عس هێناو تاوانباران ده‌ستگیرکران و دوای دادگایی کردن به‌ سزای خۆیان گه‌یشتن و سه‌دام حسێن سه‌رۆکی حزبی به‌عسی له‌ناوچوو له‌ سێداره‌درا.

هه‌موساڵیك هه‌ڵبجه‌ییه‌كان زامه‌کانیان ده‌کولێته‌وه‌ 

هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وانه‌ هه‌مووی سارێژی برینی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان ناکات، چونکه‌ هه‌موو ساڵێک له‌رۆژێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا به‌ده‌یان منداڵ و کوڕو کچ و دایک و باوک، زامه‌کانیان ده‌کولێته‌وه‌ بۆ له‌ده‌ستدانی ئازیزانیان.
هه‌وڵه‌کان به‌رده‌وامبوو بۆ سارێژکردنی زامی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان، له‌و رووه‌شه‌وه‌ ئه‌و شاره‌ وه‌ک پارێزگایه‌ک ناسێنراوه‌ به‌ لام حكومه‌تی عێراق وه‌ك پارێزگار ئه‌ژماری نه‌ركردوه‌.

بۆ بانگێشتی تەواوی خەڵكی كوردستان كراوه‌ بۆسالیاده‌كه‌

له‌لایه‌كی تره‌وه‌،وتەبێژی مەراسیمی 16ی 3 كاروبەرنامەی ساڵیادی كیمیابارنی هەڵەبجەی ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند: بۆمەراسیمی ئەمساڵ بڕی (60) شێست  ملیۆن دینار تەرخان كراوە و بانگێشتی تەواوی خەڵكی كوردستان دەكەین بۆ ساڵیادەكە.

سەرخێڵ غەفار وته‌بێژی مەراسیمی ساڵیادی كیمیابارانی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوەكان بەهاوكاری پارێزگای هەڵەبجە و بنەماڵەی شەهیدان ئەو ساڵیادە بەرزڕادەگرین كە دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت كە ڕۆژانی 16،17ی ئازارە و لە هۆڵی داخراوی یاریگای نێو دەوڵەتی هەڵەبجە دەبێت و لە ئێواره‌ی 17ی مانگدا بە كۆمەڵێك چالاكی هونەری و وەرزشی كۆتایی بە یادە دەهێنرێت .
وتیشی: لێرەوە هەموو هاوڵاتیانی كوردستان و هەموو تاكێكی خاوەن ویژدان بانگهێشت دەكەین و ماڵی هەڵەبجە ئاوەڵایەو ده‌رگای كراوەیە و پێشوازی لەتەواوی میوانان دەكەین كە بەشداری ئەو مەراسیمە دەكات ،بەپێی ئەو هەواڵانەی پێمان گەشتوە ژمارەیەكی زۆر لە میوانان لە نوێنەرو كونسوڵی وڵاتان و نوێنەری سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری دەكەن و بانگهێشت نامەمان بۆ هەموو دامو دەزگاكان ناردوە و چاوەڕوانی هاتنیان دەکەین.

ئەمساڵ مەراسیمی ساڵیادی هه‌ڵبجه‌ جیاوازده‌بێت

 ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: بۆمەراسیمی ئەم ساڵ (حەوت) لیژنە دروستكراوە بۆ سەرپەرشتی كارەكان و بڕی زیاتر لە (60)شێست ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە كە كۆمەڵێك لە چالاكی هونەری و ڕۆشنبیری لە خۆ دەگرێت ،لە ئەمساڵدا تەنها ساڵیادەكە بەرز ڕادەگرین و بەس ، ئەمساڵ مەراسیمەكە جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو كەسانێك لەگەڵمان بە خۆبەخش كاردەكەن و هەموو پێكەوە وەك هەڵەبجە یادەكە دەكەینەوە.

ئه‌مڕۆ 30 ساڵ تێپه‌ڕده‌بێت به‌سه‌ر کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌موو ساڵێک له‌م رۆژدا ئه‌م یاده‌ به‌رز راده‌گیرێت، به‌ڵام تا ئێستا حکومه‌تی‌ عیراق قه‌ره‌بووی‌ قوربانیانی‌ ئه‌م جینۆسایده‌ی‌ نه‌کردۆته‌وه‌ و نه‌شتوانراوه‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ی‌ به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌دا هات به‌ دۆکیومێنت بکرێت.

هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان له‌ 16/3/ دا کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنیان پێده‌درێت

هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان له‌ 16/3/ دا هه‌ر زامه‌کانیان ناکولێته‌وه‌، به‌ڵکو کۆمه‌ڵێک به‌ڵێنیان پێده‌درێت ، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه‌ به‌پێی‌ گه‌وره‌یی‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ خزمه‌ت به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان بکرێت و هه‌وڵبدرێت که‌مێک له‌ ئازاره‌کانیان که‌م بکرێته‌وه‌.
تا ئێستاش به‌شێک له‌ منداڵه‌ ونبووه‌کانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ که‌سوکاریان شاد نه‌بوونه‌ته‌وه‌ و ژماره‌یه‌کی‌ زۆر برینداری‌ ئه‌و کاره‌ساته‌ش ماون که‌ هێشتا برینه‌کانیان ساڕێژ نه‌بووه‌.
977 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/15/2018 2:26:20 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ