دۆسیە
حكومه‌ت گرەوی خۆی لەپەرلەمان بردەوە؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم
دژی‌ تێپه‌ڕاندنی‌ یاسای‌ خانه‌نشینی‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌وه‌ كاردانه‌وه‌ی هاوڵ‌تیان تا دێت زیاتر ده‌بێت و له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان خۆپیشاندان دژی یاساكه‌ به‌ ڕێوه‌چوه‌، ئەم بریارەی پەرلەمان نارەزاێکی زۆری شەقامی کوردی لێکەوتەوە پیان وایە ناکرێت ئەندام پەرلەمان بە مووچەێکی وا زۆر خانەنیش بکرێت.
په‌رله‌مانتارانی كوردستان و ڕۆشنبیرانیش بۆچونی خۆیان له‌سه‌رخانه‌نشینی په‌رله‌مانتاران خستۆته‌ ڕوو كه‌ باس له‌وه‌ده‌كه‌ن ، حکومەت هەر وەک پرۆژەیەکی کەمکردنەوەی موچە سەیری دەکات و گرەی خۆی لەپەرلەمان بردەوە،

‎حکومەت پەرلەمانی لە خشتەبرد
‎ سالار مه‌حمود ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت:گەرچی هەر ئەوە بەس نییە کە بڵێم من دەنگم بەو یاسایە نەداوەو بڕوام بە گفتوگۆکانی ناو هۆڵی پەرلەمانیش نەبوو، دەبوو هەموان ئەو راستییەیان بزانیایە کە حکومەتی شکستخواردوو ئەگەر بزانێ دەتوانێ کارێکی باش بکات نایهێنێتە پەرلەمان،بەڵکو بە هێنانی یاسای خانەنشینی بەناوی چاکسازییەوە پەرلەمانیان کرد بەشەریکی نیازە خراپەکانی خۆیان. 
‎ سالار مه‌حمود ده‌شڵێت،هەرچەندە لەناو پەرلەمانتاراندا هەوڵی زۆریاندا بەقازانجی خەڵکی هەژارو خانەنشینان مادەکان دابڕێژرێتەوە،بەڵام یاساکە هەرچەند لایەنی ئیجابیشی هەبێ حکومەت هەر وەک پرۆژەیەکی کەمکردنەوەی موچە سەیری دەکات و گرەوی خۆی لەپەرلەمان بردەوە، ئەگینا گەڕانەوە بۆ یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عیراقی هەموو گرفتەکانی چارەسەر دەکرد، ئێستاش گەڕانەوە بۆ ئینفازی یاسای خانەنشینی عیراقی بەپێویست دەزانرێ و باشتر وایە پەرلەمان ئەم کارە بکات.
پێویسته‌ نیگەرانیەکانی خەڵکیش بەهەند وەبگیرین

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌.خانەنشینکردی خەڵک بەوەزیر کە وەزیر نەبوە لەلایەن حکومەتەوە بەچ بڕیارێک کردویەتی دەبوو محاسەبە بکرێ پاشان هەر بەوبڕیارەی حکومەت هەڵبوەشێتەوە نەک بهێنرێتە پەرلەمان، سەبارەت بەخانەنشینی پەرلەمان بامیکانیزمێک دابنرێ بە پرسکردن بە رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و هاوڵاتیان رێژەیەک دابنرێ کە عەدالەتی تیا بێت.
‎له‌ كۆتایدا سالار مه‌حمود ده‌ڵێت، ‎نیگەرانم کە هەندێ لە هاوکارەکانم کە دەیانویست بەو یاسایە چاکسازی بکرێ و بەویستی ئەوان نەکەوتەوەو بۆخۆشم هەر لەسەرەتاوە دەمزانی ئەم یاسایە خراپ دەکەوێتەوە بۆیە نەدەنگم بەمادەکانی و نە دەنگم بەکۆی یاساکە داوە و لەهۆڵەکەش دەرچووبووم، بەڵام ئەمە خۆ دەربازکردن نییە لەبەرپرسیارێتی و پێویستە کاربکەین بەدیلی ئەم یاسایە بدۆزینەوەو نیگەرانیەکانی خەڵکیش بەهەند وەبگیرێن.

‎ 


په‌رله‌مانتارمافی خۆێتی بە مووچەیه‌کی شایستە خانەنشین بکرێت

ئێڤار ئیبراھیم ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسۆنی گۆران رایگەیاندوه‌ پەرلەمانتار مافی خۆێتی مووچەیه‌کی باشی پێبدرێت دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشی دەبێت ئەم مافەی لێنەخورێت بە مووچەیه‌كی باش خانەنشین بکرێت.
ئێڤار ئیبراھیم ده‌شڵێت،هه‌روه‌ها ئەرکی پەرلەمانتار قورسە دەبێت شایستەێکی دارایی وای پێبدرێت لە بەرامبەر ئەم ئەرکە قورسەی بێت و زوڵمی لێنەکرێت.

هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك دژی یاساكه‌ نه‌بووه‌

دكتۆرعیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: كۆی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌نگیان به‌ په‌سه‌ندكردنی‌ پڕۆژه‌یاسای‌ چاكسازی‌ له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینی‌ داوه‌.
عیزه‌ت سابیر راشیگه‌یاندوه‌: به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانان و ته‌واوی‌ فراكسیۆنه‌كان پڕۆژه‌یاسای‌ چاكسازی‌ له‌ مووچه‌ و ده‌رماڵه‌ و خانه‌نشینی‌ په‌سه‌ندكراوه‌ و هیچ ئه‌ندام په‌رله‌مانێك دژی نه‌بووه‌.

ئایا ئەم یاسا یه‌ھیچ خزمەت بە ھاوڵاتیان دەکات

دكتۆر پشكۆئاغجه‌له‌ری مامۆستای زانكۆی سلێمانی ده‌ڵێت:چەند پرسیارێکی سادە بۆ پەرلەمانتارانی ئێستاو رابردوو داھاتوو،یاسای خانەنشینی پەرلەمانتار بۆ؟ ئایا ئەم یاسا یه‌ھیچ خزمەت بە ھاوڵاتیان دەکات یان ئەرکیان گرانتر دەکات؟ ئایا ئەم یاسایە ھیچ خزمەت بە کەسوکاری شەھیدانی سەربەرز و نەوەکانی ئەنفال دەکات کە پەرلەمانتار خۆیان بە خزمەتکاری ئەوان دەزانن ئایا وابوو وا دەرچوو.

دكتۆ پشكۆ ده‌پرسێت،ئایا ئەم یاسایە خزمەت بە رەوشی ئێستای سیاسی و ئابوری ھەرێمی کوردستان دەکات کە پەرلەمانتار دەبوایە رەوشەکەی بە یاسا چارەسەرکردایە؟ ئایا ئەم یاسایە خزمەتە بە پێشمەرگەی دێرین و ئێستاش دەکات؟ ئایا ئەم یاسایە ئەرکی زیندانە سیاسیەکان سوک دەکات وا پەرلەمانتاری ھەموو رەنگەکان شەڕی بۆ دەکەن؟


ئەگەر پێداچوونەوە به‌ یاساكه‌دا نەکرێت کاریگەری نەرێنی زۆر دەبێت

ئه‌و مامۆستای زانكۆیه‌ ده‌شڵێت: ئەمانەو دەیان پرسیاری دیکەش لەم یاسا پڕ شەرمازاریە دەکرێت ئەگەر پێداچوونەوەی بۆنەکرێت پێمانوایە کاریگەری نەرێنی زۆر دەبێت بۆ تەواوی رەوشەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئێستاو ئایندەش، تکاتان لێ دەکەم یەک سات دروست بیرکەنەوە بۆ خزمەتی ھەموان..تەنھا بەڵێنەکانی خۆتان بیرکەوێتەوە کە دابووتان بە دەنگدەرەکانتان دەزانن چیتان دەوت؟

جێگای باسه‌.چەند رۆژی رابردوو پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی ٧٠ پەرلەمانتار یاسایی خانەنشینی پەسەندکرد ئەندام پەرلەمانیش وەکوو پلە تایبەتەکان بە مووچەی ٤ ملیۆن و ھەسەت ھەزار دینار خانەنشین دەکرێن.

ڕاپــــــــــــــۆرت‌:عه‌بـــــدول نه‌جــم

1387 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/2/2018 8:38:59 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ