دۆسیە
ده‌ستگیركردنی ساڵه‌ح موسلیم یاسایی بوه‌؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

25-2-2018 لە پراگی پایتەختی چیك ساڵح موسلیم هاوسەرۆكی پێشووی پارتی یەكێتیی دیموكراتی(پەیەدە) لەرۆژئاوای كوردستان لەلایەن پۆلیسی چیكه‌وه‌ دەستگیركرا.
له‌ دوای ده‌ستگیركردنی ساڵح موسلیم كاردانه‌وه‌كان زۆر بون وده‌وترێت نایاسیه‌ومه‌به‌ست لێی له‌ناوبردنی كوردی هه‌رچوارپارچه‌ی كوردستانه‌ ،هه‌روه‌ها باس له‌وه‌شده‌كه‌ن دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانه‌،به‌رپرسانیش به‌مجۆره‌ بۆچونی خۆیان خۆستۆته‌ ڕوو.

قوباد تاڵه‌بانی داوای ئازادكردنی "ساڵح موسلیم" ده‌كات

 قوباد تاڵه‌بانی" جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم داوای ئازادكردنی "ساڵح موسلیم" ده‌كات و دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناو ده‌بات.
"قوباد تاڵه‌بانی" له‌ لاپه‌ڕه‌ی ره‌سمی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستگیركردنی  "ساڵح موسلیم"  هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ و لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤده‌م په‌یامێكی بڵاوكردۆه‌وه‌ و نوسیوێتی ئازادی بۆ به‌ڕێز "ساڵح موسلیم" ودیالۆگ وتێگه‌یشتنی ژیرانه‌ باشترین رێگه‌ چاره‌یه‌ بۆ كێشه‌كان.

بڕیاری ده‌ستگیركردنه‌كه‌ نایاساییه‌ و پێویسته‌ به‌زووترین كات ئازاد بكرێت

''شاهۆز حه‌سه‌ن'' هاسه‌رۆكی پارتی یه‌كێتی دیموكراتی ( په‌یه‌ده‌) له‌باره‌ى ده‌ستگیركردنی "ساڵح موسلم" لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ته‌ڤده‌م و هاوسه‌رۆكی پێشووی په‌یه‌ده‌ رایگه‌یاندوه‌: "ساڵح موسلم" كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری سیاسی خۆرئاوای كوردستانه‌و له‌ قۆناغی ئێستای شۆڕشی خۆرئاوای كوردستاندا هه‌وڵ و تێكۆشانێكی زۆری كردووه‌، بۆیه‌ ده‌ستگیركردنی نایاساییه‌و ئه‌و كاره‌ش له‌سه‌ر داوای توركیا ئه‌نجامدراوه‌. 


حكومه‌تى چیك به‌رپرسیاری پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی ساڵح موسلیمه

''شاهۆز حه‌سه‌ن'' ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، توركیا له‌ دژی گه‌لی خۆرئاواو باكوری سوریا، سیاسه‌تی له‌ناوبردن په‌یڕه‌و ده‌كات و به‌و هه‌ڵوێستانه‌شی ده‌یه‌وێت ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌لی كورد له‌ناوببات،هه‌روه‌ها حكومه‌تى چیك به‌رپرسیاری پاراستنی ژیان و سه‌لامه‌تی ساڵح موسلیمه‌ و داواشى له‌ گه‌لانی ئه‌وروپا كردووه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركردنیدا هه‌وڵوێستیان هه‌بێت.
هاوسه‌رۆكی په‌یه‌ده‌ ده‌شڵێت، توركیا له‌سه‌ر حسابی كورد ده‌یه‌وێت به‌ئامانجه‌كانی بگات، چونكه‌ له‌هزری ئه‌و وڵاته‌دا گه‌لی كوردو كه‌سانی دیموكراتخواز بوونیان نییه‌و له‌ پیلانه‌كانیدا ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه‌ ده‌كاته‌ هاوكاری خۆی، له‌ كۆتاییشدا داوا ده‌كات كه‌ به‌زووترین كات ساڵح موسلم ئازاد بكرێت. 

دەستبەسەرکردنی ساڵح موسلیم شەرمەزاریە

سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی پەرلەمانی کوردستان د. یوسف محەمەد لەسەر ساڵح موسلیم هاتە دەنگ و لە پەیامێکدا دەڵێت " دەستبەسەرکردنی شەرمەزارییەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
یوسف محه‌مه‌د ده‌ڵێت،لە بری پاداشت کردنی گەلەکەمان لە ڕوبەڕوبونەوەی پاڵەوانانەی گروپی تیرۆریستیی داعش، چ لە باشور و چ لە ڕۆژاوای کوردستان لە بری هەمو جیهانی ئازاد، کەچی ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر پەلامارە یەک لەدوای یەکەکان بۆ سەر خاک و خەڵک و دەستکەوتەکانی گەلەکەمان، بێدەنگیی هەڵدەبژێرێت".
یوسف محەمەد دەڵێت "گەلی کورد لە ڕۆژاوا بە سەرکردایەتیی ئەم جوامێرە (بەڕێز ساڵح موسلیم) تا بە ئەمڕۆش لە جەنگدایە دژ بە گروپە تیرۆریستیەکان و دەوڵەت و دەسەڵاتە پشتیوانەکانیشیان، بە تایبەت لە عەفرینی کوانوی بەرخودان و بەرگری. کەچی ئەمڕۆ بە شێوەیەکی گوماناوی لە پراگی پایتەختی چیک، بەڕێز موسلیم دەست بەسەر کراوە."

ئاوا پاداشتی گەلێک نادرێتەوە کە کە بە هەزاران قوربانیی داوه‌

یوسف محەمەد دەڵێت " وێڕای ئیدانە کردنی ئەم کارە ناپەسەندە، داوا وڵاتی چیک دەکەین کە بە زوترین کات ساڵح موسلیم ئازاد بکەن. هەروەها داوا لە یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی دۆستی گەلەکەمان لە یەکێتیی ئەورپا و، ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەکەین، کە فشار بکەن لەم پێناوەدا. ئاوا پاداشتی گەلێک نادرێتەوە کە کە بە هەزاران قوربانیی دا و بەردەوامیشە لە پێناو شکست پێهێنانی دوژمنانی مرۆڤایەتیی و ئازادی لە جیهاندا".

چاودێری ساله‌ح موسلیم كراوه‌ بۆئه‌وه‌ی تێرۆربكرێت

(هەندرێن هەورامی) رۆژنامەوانی میدیاکانی نزیک پەکەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک زانیاری نوێ لەسەر چۆنێتی گرتن و هەوڵی میتی تورکی بۆ تیرۆرکردنی ساڵح موسلیم بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " ئەمانەی دەیابینن بەشێک لەو تاقمە چەتانەی ڕژێمی تورکبوون، کە لە پراگی پایتەختی چیک بەشوێن هەڤاڵ ساڵح موسلمەوە بوون و بە ئەگەری هەر زۆر ویستویانە بیکوژن، یان بیفڕێنن، بەڵام دیارە ئەو هەوڵەیان پوچەڵ کراوەتەوە،ئەوان لە چەند تویتێکدا بەئاشکرا باسیان لە چاودێریکردنی موسلم کردە. دەسەڵاتدارانی چیک، کە دەبوو یەکسەر ئەم تاقمە چەتەی دەزگای بەدناوی هەواڵگری میت دەستگیر بکەن، کەچی تا ئێستا هیچ ڕێوشوێنێکێیان دژیان نەگرتووەتە بەر و پۆلیشیش لەو بارەوە هیچ لێدانێکی نەداوە

بەپێی یاسای چیک چاودێریکردن یاساخە

بەپێی یاسای چیک چاودێریکردن و بەشوێنەوەبوونی هاوڵاتیان و گەشتیاران لەلایەن دەزگاکانی هەواڵگرییەوە یاساخە و لێپێچینەوەی یاسایی و دەستگیرکردن و زیندانیکردنی بەدوادا دێت،کەچی ئەوەی سەمەرەیە ئەم تاقمە چەتانەی تورکیا لەو لێپێچینەوە و سزا یاساییەی چیک بێبەری کراون، ئەوەش گومانانە زیاد دەکات، حکومەتی چیک لە پیلانگێڕی لە دژی موسلم تێوەگلابێت.

جێگای باسه‌،به‌مه‌به‌ستى به‌شداى كردن له‌ كۆنفرانسێك له‌ وڵاتى چیك ساڵح مووسیلم هاوسەرۆكی پێشووی پەیەدە و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی تەڤگەری كۆمەڵگەی دێمۆكراتی – تەڤدەم سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ى كردووه‌،به‌ڵام له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستگیر كراوه‌ وپۆلیسی ئه‌و ولاته‌ش ڕایگه‌یاندووه‌: ده‌ستگیركردنه‌كه‌ى ساڵح موسلیم له‌سه‌ر سكاڵاى توركیا بووه‌.


ڕاپۆرت:عه‌بدول نه‌جم 

2236 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2/26/2018 12:00:43 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ