دۆسیە
ئایا یه‌كێتیی كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

ئەندامان و کادران و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پێشوازی پشتیوانی خۆیان لە پێشنیارەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند دەکەن بۆ بەستنی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی لە ٥ی ئاداری ئەمساڵ.
ئاڕاسته‌ ده‌پرسێت ئایا یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟ئایا كادیران و لایه‌نگران و ئه‌ندامانی یه‌كێتی گه‌شبینن به‌وه‌ی یه‌كێتی كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت،ئایا کاره‌کته‌ره‌ گه‌نجه‌كان ده‌توانن متمانه‌ بۆ یه‌کێتیه‌کان بگه‌ڕێننه‌وه‌؟

پێویستە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی بەو بڕیارەوە پابەندبن

فەرید ئەسەسەرد ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایگەیاند: بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەبێت لە رێگەی جێگری سکرتێری گشتیەوە ئەندامانی سەرکردایەتی لە کات و شوێنی کۆبوونەوەکە ئاگادار بکرێنەوە.
وتیشی: دوو بەرزترین دەزگای یەکێتی کە لە کۆنگرە هەڵبژێردراون و بریتین لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی هەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیەکی هاوبه‌شمان ئەنجامدا و پرسی کۆنگرەمان یەکلا کردەوە و بە کۆی دەنگ بڕیاردرا 5/3/2018 کۆنگرە ببەستین پێویستە بەو بڕیارەوە پابەند بین.

تەنها كۆنگرە دەتوانیت ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنێتەوە
زوبێر عوسمان جێگری سكرتێری ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ك رایگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی یەكێتی باس لە دیاریكردنی كاتی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی كراوه‌و پێشمان وایە تەنها كۆنگرە دەتوانیت ئەو نیگەرانیانە بڕەوێنێتەوە كە لەلای ئەندامان و لایەنگرانی یەكێتی دروستبووە.
زوبێر عوسمان وتیشی: ئەنجومەنی ناوەندی ی.ن.ك بە كۆی دەنگ لەگەڵ ئەوەدایە كە لە مانگی سێدا كۆنگرە ببەسترێت و لای ئێمە بەدیلی كۆنگرە تەنها كۆنگرەیە، بۆیە دواخستنی وادەی بەستنی كۆنگرە بە پێویست نازانین و بگرە زیانیشی بۆ حزبەكەمان دەبێت.

دەبێت یەكێتی بەزووترین كات لە رێگەی كۆنگرەوە خۆی نوێ بكاتەوە
وتیشی: چەندین پێشنیار هەیە لە سەر كاتی ئەنجامدانی كۆنگرە بەڵام باشترین كات پێش دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكانی عیراقە و دەبێت یەكێتی بەزووترین كات لە رێگەی كۆنگرەوە خۆی نوێ بكاتەوە بە جۆرێك لەگەڵ پێشهات و گۆرانكارییەكانی ئێستای ناوچەكەدا بگونجێت و ببینەوە بە یەكێتییەكی جاران.



کۆنگره‌ ئیراده‌یه‌کی بوێر و شلگێری ده‌وێت

کاروان عه‌لی شاماریش ده‌ڵێت،ئه‌گه‌رچی هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی و له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌ سه‌رکردایه‌تی ئه‌و حیزبه دوای زیاتر له‌ چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر واده‌ی به‌ستنی کۆنگره‌دا‌ پێشنیاریان کرد له‌ ڕۆژی (5)ی ئازاردا که‌ هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ ساڵرۆژی ئازادکردنی شاری رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ریندا کۆنگره‌ چوار ببه‌ستێ! به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نییه‌ ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک ئیراده‌یه‌کی بوێر و شلگێری ده‌وێ که‌ بتوانێت هه‌موو ئه‌و بتانه‌ تێک بشکێنێت که‌ بونه‌ته‌ له‌مپه‌ر له‌بۆ ئه‌نجامدانی وه‌ها کارێک. مه‌خابن یه‌کێتیه‌ک که‌ له‌ هه‌شتاکاندا هیچ رێکخراوێکی سیاسی له‌ جیهاندا له‌ڕووی سیاسی و رۆشنبیری و چه‌کداری هاوتایی نه‌بوو وه‌لێ هه‌نوکه‌ خه‌ونی ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ لای کادیره‌کانی وه‌ک گۆدۆ (خه‌ونێکی بێهوده‌ی) لێهاتووه‌!


یه‌کێتی له‌ به‌رامبه‌ر گۆرانکاری پرسه‌ چاره‌نوسازه‌کان  ڕوئیایه‌یه‌کی رونی نییه‌

کاروان عه‌لی شامار ده‌شڵێت،له‌ ئێستایه‌ یه‌کێتی تاڕاده‌یه‌ک‌ له‌ به‌رامبه‌ر گۆرانکاری و پێشهاته‌ خێراو پرسه‌ چاره‌نوسازه‌کان پاسیڤه‌و روئیایه‌یه‌کی رونی نییه‌، به‌ڵام بونی ناکۆکی و خاڵی جیاواز له‌ نێو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیدا شتێکی نوێ نییه‌و هه‌ر له‌ یه‌که‌م ساتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ بونی هه‌بووه‌، له‌سه‌رده‌م و بارودۆخی زۆر سه‌خت و هه‌ستیاردا کێشه‌ و قه‌یرانی گەورەتری به‌سه‌رکه‌وتوی تێپه‌ڕاندووه‌ به‌و پێودانگه‌ش بێت تێپه‌ڕاندنی کێشه‌ هه‌نوکه‌ییه‌کانیشی ئه‌سته‌م نین به‌مه‌رجێک سه‌رکرده‌کانی له‌بری یه‌کتر شکاندن و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ بێشوماره‌کانیان گیانی تۆلێرانس و یه‌کتر قبوڵکردنیان به‌سه‌ردا زاڵ بێت گه‌ر بتوانن بارته‌قای که‌متر له‌و سازشه‌ی که‌ بۆ نه‌یارانی یه‌کێتی و پارته‌ سیاسیه‌کانی تری ده‌که‌ن بۆ یه‌کتری بکه‌ن کێشه‌کانی یه‌کێتی هه‌نگاوی باش ده‌نێ به‌ ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ردا!
سه‌رباری نه‌بونی کۆده‌نگی وهه‌بونی ڕای جیاواز سه‌باره‌ت به‌ چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی کۆنگره‌ گه‌له‌ک خاڵی هاوبه‌شیش بونی هه‌یه‌ وه‌لێ ئه‌وه‌ی گرفته‌کانی قوڵتر کردۆته‌وه‌ هه‌نده‌ک له‌و مه‌کته‌ب سیاسی و سه‌رکردایه‌تیانه‌ن که‌ به‌ربه‌ستن له‌ ئه‌نجامدانی کۆنگره‌و هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی خوێن و روخساری نوێ و چاوگی‌ سازانی زۆرێک له‌ قه‌یرانه‌کانن مه‌به‌ستم زیاتر له‌وانه‌یه‌ که‌ خوێنی شه‌هیده‌کانیان هه‌ڕاج کردووه‌ و یه‌قینن جارێکی تر چانسی ده‌رچونیان نابێت، هه‌رجارێک یه‌کێتی هه‌نگاوی باش به‌ره‌و‌ کۆنگره‌ ده‌نێ ده‌یان ئه‌رگومێنتی بێ به‌هاو بێ ئه‌رزش ده‌هێننه‌وه‌و وه‌ک به‌هانه‌یه‌ک بۆ ئه‌نجامنه‌دانی ئه‌و پرسه‌ی که‌ بۆته‌ مۆته‌که‌ بۆ گیانیان به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ دامه‌زراندنی ئه‌و حیزبه‌وه‌ ئاماده‌ نه‌بونه‌ وچانێک به‌ن و ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌کانیان بن له‌ کاتێکدا سه‌ری زمان و بنی زمانیان به‌ ئاراسته‌ی چاکسازی و گۆرانکاری و پراکتیزه‌کردنی دیموکراتیه‌!

هه‌ندێک سه‌رکرده‌و کاره‌کته‌ری گه‌نج ده‌توانن متمانه‌ بۆ یه‌کێتیه‌کان بگه‌ڕیننه‌وه‌

کاروان  شامارباس له‌وه‌شده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌کێتی هێزی چه‌کداری هه‌یه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانی له‌ ئاستێکی به‌رفراواندایه‌و به‌ ئێستاشه‌وه‌ سه‌رباری کێشه‌ نێوخۆییه‌کانی ته‌نها هێزه‌ بتوانێت به‌رامبه‌ر به‌ پارتی بوه‌ستێت و ڕێگه‌ نه‌دات سه‌رجه‌م شاره‌کانی کوردستان بخاته‌‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌ویه‌وه‌. هه‌ر ئه‌و حیزبه‌شه‌ دەتوانێت له‌به‌رده‌م هێزێکی ترسناکی وه‌ک داعشدا خۆراگر بێت و هه‌زاران کیلۆمه‌تر به‌رگری بکات و ڕێگه‌ نه‌دات به‌ میل بێنه‌ نێو خاکی پیرۆزی کوردستانه‌وه‌. جیا له‌ سه‌رکردایه‌تیه‌که‌ی یه‌کێتی باشترین کادیری خواره‌وه‌ی هه‌یه‌ به‌به‌راورد به‌سه‌رجه‌م پارته‌ سیاسیه‌کانی تر، هه‌موو ئه‌م خاڵه‌ پۆزه‌تیڤانه‌ پێمان ده‌ڵێ که‌ تا هه‌نوکه‌ یه‌کێتی حزبێکی زیندووه‌و ده‌توانێت ببێته‌ چاره‌سه‌رسازو گرێ کوێره‌ی دۆخی چه‌قبه‌ستووی سیاسی هه‌رێم بکاته‌وه‌ و وه‌ هه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌شه‌وه‌ ده‌توانێت تا پێش هه‌ڵبژاردنه‌کان چه‌ن کرده‌و گۆرانکاریی ئانی جێبه‌جێ بکات و کۆنگره‌یه‌کی باش و سه‌رکه‌وتووش ئه‌نجام بدات.
به‌هۆی شه‌ونخونی و هه‌وڵه ‌به‌رده‌وامه‌کانی هه‌ندێک سه‌رکرده‌و کاره‌کته‌ری گه‌نج و روخساری نوێی یه‌کێتیه‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی ‌هیچ به‌رپرسیارێتیه‌کیان له‌شکسته‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و یه‌کێتی به‌رناکه‌وێ و باگراوندێکی خه‌باتی چه‌کداری و سیاسیان نه‌بوه‌و ده‌ستیان له‌ خوێنی براکاندا سور نه‌بووه یه‌قینم له‌وه‌ی‌ ‌ ده‌توانن متمانه‌ بۆ یه‌کێتیه‌کانن بگه‌ڕیننه‌وه‌و ئه‌سته‌مه‌کان بکه‌ن به‌ راستی و کۆنگره‌ی پاکماڵکردنی یه‌کێتی و به‌هێزکردنه‌وه‌ی له‌ واده‌یه‌کی نزیکدا ئه‌نجام بده‌ن به‌م کاره‌ش مێژوویه‌کی پرشنگدار بۆ خۆیان تۆمار ده‌که‌ن و دواڕۆژیش یه‌کێتیه‌کان وه‌ک عه‌رابی به‌هیزکردن و ڕێکخستنه‌وه‌ی یه‌کێتی ناویان دێنێت و شه‌ونخونیه‌کانیان جێ ئەرزش و پێزانین د‌ەبێ و به‌مه‌ش یه‌کێتی ده‌توانێت به‌ فۆڕم و ستراکچه‌رو به‌رنامه‌و‌ روئیایه‌کی نوێوه جارێکی تر ئەسپی خۆی لە‌ نێو گۆره‌پانی سیاسی هه‌رێمدا تاوبدات.


جێگای باسه‌،لە کۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەندی بەسەرپەرشتی هەڤاڵ کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێری گشتی بەکۆی دەنگ بڕیاردرا رۆژی 5/3/2018 کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ببەسترێ بۆ ئەو مەبەستەیش ئەو بڕیارە وەک پێشنیار ئاراستەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کرا کە بڕیارە بەم نزیکانە ئەنجام بدرێ و لەو کۆبوونەوەدا بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێت.



ڕاپــــــــــــۆرت:عه‌بدول نه‌جم

579 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2/18/2018 3:31:43 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ