هەمەڕەنگ
نەخۆشی هاری لەئاژەڵا ندا چیە؟
 ئاڕاسته‌:به‌شى هه‌واڵ


نەخۆشی هاری ٤ هەزار ساڵە زانراوە، ماڵپەڕی ئاڕاستە ئاشناتان دەکات بەکۆمەڵێک ئاژەڵ کە نەخۆشی ترسناکی هاری دەگوازنەوە بۆ مرۆڤ، ئەو ئاژەڵانەش(سەگ، ڕێوی، چەقەڵ، گورگ، پشیلە، مەڕ، مانگا، حوشتر،  شەمشەمەكوێرە)یە، بەدەگمەن مشك و كەروێشك توشی ئەم نەخۆشییە دەبن، هەروەها چۆن خۆمان بپارێزین.
لەجیهاندا ئەو نەخۆشییە هاوبەشانەی دەگوازرێنەوە بۆ مرۆڤ واتە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵ (zoonotic diseases) ژمارەیان لە(200) نەخۆشی تێپەڕ دەكات.
یەكێك لەو نەخۆشیانەش نەخۆشی سەگە واتە هاری (rabies)، زیاتر سەگ و ڕێوی نەخۆشی هاری دەگوازنەوە. 
هاری نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە لەڕێگەی لیكەوە لەئەنجامی گەستنی ئاژەڵێكی توشبو بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەپێی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی تاكو ئێستا ساڵانە نزیكەی (55000) كەس لەجیهاندا بەم نەخۆشییە دەمرن كەزۆرینەیان لەئەفریقیاو ئاسیان.

نیشانەكانی نەخۆشی هاری لەسەگدا چیە؟
- سەگەكە ترسناك و دڕ دیارە.
- لیكێكی زۆر دەردەدات كەناتوانێت قوتی بداتەوە.
- زۆر دەحەپێت (دەوەڕێت)
- ناتوانێت بەهاوسەنگی بڕوات و هەموو لەشی دەلەرزێت.
- سەگ لەقۆناغی هاریدا بێ ئەوەی توڕەكرابێت، وەكو لەلایەن كەسێكەوە دار و بەردی تێگیرابێت یان ئاژەڵان و كەسانی دیكە ببنە مایەی توڕەبوونی زۆر دڕندانە پەلامار دەدات و گەز دەگرێت.

نیشانەكانی نەخۆشی هاری لەمرۆڤدا چیە؟
- سەرەتا نەخۆشەكە هەست بەترس دەكات.
- پلەی گەرمی لەشی بەرزدەبێتەوە.
- سەر ئێشەو گەدە گیران (نان پێنەخوران)
- لەئاو و هەوا دەترسێت.
- ماسولكەكانی هەناسەدانی گرژدەبێت كەناتوانێت ئاو قوت بدات.

چۆن خۆمان بپارێزین لەنەخۆشی هاری بەر لەگەستنی ئاژەڵان؟

- دەستەبەر كردنی دەرمانی کوتاو (vaccin)و سیرەمی هاری (immunoglobulin).
- كوتانی ئاژەڵە ماڵی و كەوییەكان وەكو سەگ و پشیلە.
- دەست بەسەرداگرتن و بەستنەوەی ئاژەڵە ماڵییەكان بەتایبەتی لەشوێنە قەرەباڵغەكاندا.
- چاودێریكردنی ئاژەڵە ماڵییەكان و ڕێگەنەدرێت لەگەڵ ئاژەڵە كێویەكاندا تێكەڵ ببن، ئەگەر ئاژەڵێكی كێوی توشبو بەنەخۆشی هاری و ئاژەڵەماڵییەكەتانی گەست بەتایبەتی سەگ ئەوا دەبێت چاودێری ئاژەڵەكەت بكەیت، چونكە لەكاتی تووشبوون بەنەخۆشی هاری هەڵسوكەوتی دەگۆڕێت(ئاژەڵەكە خاوەنی خۆی ناناسێتەوە). 
- لەئاژەڵی كێوی نزیك مەبەوە، چونكە ئەو ئاژەڵەی تووشی نەخۆشی هاری بێت لەكەس ناترسێت.
- ئەوانەی دوچاری سەگ گەستن دەبنەوە، بەهۆی سروشتی كارەكەیان (وەكو ئەوانەی لەكەرەنتینەكانی ڤێتەرنەریدا یان ئەوانەی لەباخچەی ئاژەڵاندا كاردەكەن، یان شوانەكان و ئاژەڵدارەكان) یان ئەوانەی گەشت بۆ ئەو شوێنانە دەكەن پەتای ئەم نەخۆشییەی تێدایە پێویستە خۆیان بەماكوتەی دژە هاری بكوتن.
- هەڵمەتی ڕۆشنبیری تەندروستی بكرێت لەسەر گرنگی لەناوبردنی سەگی بەڕەڵڵا و كوتانی سەگ بەماكوتەی هاری.
چۆن خۆمان بپارێزن لەکاتێکدا کە گەستراوین؟ 
- شوشتنی شوێنی گەستنەكە بۆماوەی ۱۰ خولەك بەئاو و سابون.
- هەر كەسێك سەگ یان هەر ئاژەڵێكی دیكە قەپی لێبگرێت، دەبێت سەردانی نزیكترین دەزگای تەندروستی بكات، بەتایبەتی نەخۆشخانەی فریاكەوتن بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو لەلایەن پزیشك وەرگرێت بەتایبەتی (ماكوتە و سیرەمی دژە هاری سەگ)
- پێویستە گەستراوەكە پەیڕەوی ڕێنماییەكانی پزیشك بكات، بەتایبەتی تەواوكردنی ژەمەكانی كوتان، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو ئاژەڵەكە بەڕەڵڵابوو.
- نابێت برینەكە بدورێتەوە.
چۆن خۆمان لەگەستن بپارێزین؟
- بەهیچ جۆرێک نزیکی ئاژەڵی بەچکەدار(توتەڵە) مەکەوە.
- هەروەها ڕاستەوخۆ سەیری چاوی مەکە.
- ئەگەر سەگێکی دڕ لێت نزیک بویەوە سەیری زەوی بکەو بەهێواشی بەرەو دواوە بگەڕێوە.
چۆن ئەم ئاژاڵانە توشی هاری دەبن؟
بەپێی قسەی کوردەواری، جۆرە باڵندەیەک هەیە کە زۆر بەرز دەبێتەوە بۆ ئاسمان بەوهۆیەوە خۆر دەیسوتێنێت و بۆگەن دەکات، بەمەش ئاژەڵان وەکو ژەمە خۆراکێک دەیخۆن دواتر توش دەبن.
سەرچاوەکان: گۆگڵ و ویکیپیدیا
913 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/13/2018 10:35:47 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ