دۆسیە
بێ کاری تابێت کافتریاکان قەرەباڵەخ تر دەکات
 ئاڕاسته‌:به‌شى هه‌واڵ


بۆ ماوەیەکی زۆرە بەشێوەیەکی بەرچاو ژمارەی کافتریاکان روویان لە زیادبوون کردووە و تابێت قەرەباڵەخی لە کافتریاکان ڕێژەکەی روو لەبەرزبوونەوە دەکات،وەک گەنجان باسی لێوە دەکەن ھۆکاری سەرەکیشی دەگەڕێتەوە بۆ بێ کاری و بێزاری لەنێو ھاوڵاتییاندا.

کارزان محەمەد کە بەشی میوزیکی تەواو کردووە و لە کافتریایەکدا چاومان پێ کەوت بۆ ئاڕاستە وتی: قەرەباڵەخی کافتریاکان لە ئێستادا دەگەڕێتەوە بۆ ھەبوونی بێ کارییەکی زۆر و نەبونی داھات و وڵات لەروی ئابورییەوە داروخاوە.

وتیشی: ئێرە بووەتە جێگایەکی خەمڕەوێن بۆ گەنجان چونکە لە ماڵەوە بێزارە و کاریشی نییە ناچار دێت لە کافتریاکان خۆی سەرقاڵ بکات و لەگەڵ برادەرانە ھەوڵ بدات کاتێکی خۆش بەرێ بکات.

ھەروھا محەمەد عەباسیش یەکێکی تر بوو لەو گەنجانەی کە لەگەڵ ھاوڕێکانیدا سەرقاڵی یاری کردن بوو باسی لەوە کرد: وەکو من تێبینیم کردووە کافتریاکان لەو پەڕی قەرەباڵەخیدایە،ئەوەشی لەرووخساری گەنجەکاندا دەیبینی بێ تاقەتی و روویەکی خەماوییە.

ئاماژەی بەوەش کرد: دێین لێرە خۆمان بە ئینتەرنێت و یاری دۆمینە و تاوڵە و کۆنکان سەرقاڵ دەکەین،بەس گرنگ ئەوەیە کاتەکەمان بڕوات.

ئەو گەنجە ئەوەشی وت: ئیشیش نیە بڕۆین چی بکەین، روو لە کوێ بکەین بۆ کارکردن،ھەموومان دەزانین لە ئێستادا کەرتی تایبەتیش نەماوە.

خاوەن کافتریایەکیش بەناوی نێچیرڤان عەلی محەمەد کە زانکۆی تەواو کردبوو ڕایگەیاند:دوای ئەوەی کە نائومێد بووم لە دامەزراندن ھەوڵمدا بۆ خۆم کارێک بکەم، بڕیارمدا بۆ دەرباز بوون لەو بێ کارییەم کافتریایەک دانێم.

ڕاشیگەیاند:بەھۆی بێ کارییەوە ڕۆژانە خەڵکێکی زۆر روومان تێ دەکەن چونکە نازانن کاتەکەیان بە چییەوە بەسەر بەرن،بۆیە دێن لێرە بەیارییە جۆراوجۆرەکان خۆیان سەرقاڵ دەکەن.

ئەو خاوەن کافتریایە روونیشی کردەوە:ئەو کەسانەی دێنە ئێرە تەمەنیان لەنێوان  ٢٠ ساڵ تا ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵ دەبن و ھەمووشیان پێیانەوە دیارە لایەنی مادییان لاوازە چونکە لەگەڵ ئەوەی کاتێکی زۆر لێرە دەمێننەوە بەڵام سەرفیاتێکی وا ناکەن،ئەگەر جارانی ١٠ ھەزاری خەرج بکردایە ئێستا ٣ بۆ ٥ ھەزار خەرج دەکات.
614 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/12/2018 9:10:05 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ