دۆسیە
کاریگەری درێژبوونەوەی قەیرانەکان لەسەر ھاوڵاتییان
 ئاڕاسته‌:به‌شى هه‌واڵ

درێژبوونەوەی قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان بێزارییەکی زۆر لەلای ھاوڵاتییان دروست دەکات و وەک ھاوڵاتییان باسی لێوە دەکەن تاکو ئەم قەیرانانە درێژە بکێشێت دەبێتە ھۆی زیادبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی و کاریگەریشی لەسەر لایەنی دەروونی تاک دروست دەکات،ئابوری ناسێکیش دەڵێت:ھاوڵاتییان ھۆشیاری ئابورییان زۆر کەمە و نەیانتوانیوە پلانیان ھەبێت بۆ کاتی ڕووبەروو بوونەوەیان بۆ حاڵەتی پێویست وەک نەخۆشی یان ھەر کارەساتێک.

مرۆڤ لە سەرەتاوە تاکو ماوەیەک دەتوانێت تەحەمولی بکات 

محەمەد سابیر وەک فەرمانبەرێک بۆ ئاڕستە سەبارەت بە درێژەکێشانی قەیرانەکان وتی:لەچەند روویەکەوە کاریگەری ھەیە، یەکێک لەوانە لایەنی دەرونییە،مرۆڤ لە سەرەتاوە تاکو ماوەیەک دەتوانێت تەحەمولی بکات و ئیرادەی بەھێزە بەڵام کەدرێژەی کێشا ئەو ئیرادەیەش وردە وردە نامێنێت و پەل بۆ کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکێشێت.

بە دومانگ جارێک ٥٠٠ ھەزار دینار وەربگرین بەش خەرجییەکان ناکات

وتیشی: بۆ نمونە یەکێک لە کێشەکۆمەڵایەتییەکان جیابوونەوەی خێزانەکان دروست دەکات چونکە بە دومانگ جارێک ٥٠٠ ھەزار دینار وەربگرین بەش خەرجییەکان ناکات لەھەمان کاتدا پارەی دوکان و خانوو قەرزار بیت و لەگەڵ ئەوەشدا خێزان داوای ماڵی تازەی لێ ئەکات ھەموو ئەمانە گرفتی گەورە رووبەرووی خێزان دەکاتەوە.

دیار جەباریش وەک دوکاندارێک باسی لەوە کرد: ئه‌م قه‌یرانه‌ راسته‌وخۆ کاریگه‌ری خراپی کردووه‌ته‌ سه‌ر بازاره‌کانی هه‌رێم به‌شێوه‌یه‌ که‌هه‌موو کار و کاسبییه‌کی گرتووه‌ته‌وه‌ هه‌ر له‌ بازاری که‌ره‌سته‌کانی بیناسازی و خواده‌مه‌نی و مۆبایل و کۆمپیوته‌ر و جل و به‌رگ و ته‌نانه‌ت بازاری ده‌لاکیش کز بووه‌.

خه‌ڵکی هه‌رێم به‌گشتی گیرفانی خاڵی و بێ پاره‌ و بێ کار بووه‌

ئەو دەکاندارە جەختی لەوەش کردەوە: خه‌ڵکی هه‌رێم به‌گشتی گیرفانی خاڵی و بێ پاره‌ و بێ کار بووه‌،من وه‌کو کاسبکارێک ئه‌گەر پێش ئه‌م قه‌یرانه‌ رۆژانه‌ ٣٠ هه‌زار دینار داهاتم هه‌بوایه‌ ئێسته‌ نزیکه‌ی ١٠ هه‌زار داهاتم ھەیە ئه‌م بڕه‌ش زۆر که‌مه‌و به‌شی خه‌رجی رۆژانه‌مان ناکات،هه‌ندێ جاریش بۆ کرێی دوکان وکاره‌با ده‌بێت له‌پاره‌ی مایه‌ی دوکانی بخه‌ینه‌ سه‌ر،به‌راستی ئه‌م قه‌یرانه‌ به‌ته‌واوه‌تی ژیانی خه‌ڵکی قورس کردووه‌.

هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م باره‌ گرانه‌ش بۆ خه‌ڵکی، حکومه‌تی هه‌رێمه‌

دیار جەبار حکومەتی بەھۆکاری سەرەکی قەیرانەکان زانی و وتی:هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م باره‌ گرانه‌ش بۆ خه‌ڵکی، حکومه‌تی هه‌رێمه‌ که‌ ناتوانێت چاره‌که‌ مووچه‌ی کارمه‌ندانی خۆی بدات له‌کاتێکدا ٢٦ ساڵه‌ حکومه‌ته‌ ژێرخانی ئابوورییه‌که‌ی به‌رگه‌ی چه‌ند مانگێکی ئابووری سه‌ربه‌خۆی خۆی نه‌گرت و موفلیس بو.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد:له‌ئێستادا بازاڕی کاسبکاران ته‌نها ئه‌و چه‌ند رۆژه‌ هه‌یه‌ که‌ حکومه‌ت چارەکە‌ مووچه‌که‌ دابه‌ش ده‌کات.

ئابوریناس ئەزمەڕ ئەحمەد لەڕوانگەی ئابوورییەوە باسی لەوەکرد کە قەیران کاریگەری راستەوخۆی لە سەر لایەنی مادی دەبێت و وتی:بازاڕ راستەوخۆ دەوەستێت چونکە ھاوردە کردنی کاڵاش ناکرێت لەکاتێکدا خەڵک نەتوانێت شت بکڕێت.

ھاوڵاتییان ھۆشیاری ئابورییان زۆر کەمە و نەیانتوانیوە پلانیان ھەبێت

ئەو ئابوریناسە جەختی لە لایەنی ھۆشیاری تاکی کۆمەڵگا کردەوە و ئاماژەی بەوەکرد:ھاوڵاتییان ھۆشیاری ئابورییان زۆر کەمە و نەیانتوانیوە پلانیان ھەبێت بۆ کاتی ڕووبەروو بوونەوەیان بۆ حاڵەتی پێویست وەک نەخۆشی یان ھەر کارەساتێک یان وەک حاڵەتێکی لەم شێوەیە کەدروست بوونی قەیرانە.

دەبێت نزیکەی سێ یەکی ئەو داھاتەی دەستی دەکەوێت پاشەکەوتی بکات

وتیشی:مرۆڤ دەبێت دایم ئابورییانە بیر بکاتەوە و نزیکەی سێ یەکی ئەو داھاتەی دەستی دەکەوێت پاشەکەوتی بکات،ئەویش ئەتوانن لەڕێگەی بانکەکاندا ھەڵیبگرن یان لە بانکە بازرگانییەکان.

لە وڵاتانی دەرەوە ھاوڵاتییان پاشەکەوت دەکەن ھەرگیز بێ پارە نابن بەڵام لێرە وا نییە بۆیە بە زووی خەڵک پارەی پێ نامێنێت و ھەر بە ماوەیەکی کەم لە دروست بونی قەیران کاریگەرییەکەی دەرەکەوێت.ئەزمەڕ ئەحمەدی ئابوریناس وای وت.

کە قەیران دروست بوو تازە ناتوانرێت پلان دابنرێت

لەکۆتایی قسەکانیشیدا وتی:کە قەیران دروست بوو تازە ناتوانرێت پلان دابنرێت بەڵکو دەبێت پێشوەخت زەمینەسازی بکرێت و پلان ئامادەکرابێت.

قه‌یرانی دارایی هه‌رێمی کوردستان له‌کۆتایی مانگه‌کانی ساڵی ٢٠١٤ ه‌وه‌ به‌هۆی نه‌ناردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن حکومه‌تی ناوه‌ندیه‌وه‌ دروست بووە و بۆماوەی زیاتر لە سێ ساڵە درێژەی ھەیە

726 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/4/2018 5:19:05 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ