هەواڵ
٣٠٠پارێزەر بڕوانامەی بەسەردا دابەشدەکرێت
ئاڕاستە: پشتیوان عەزیـز

ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧-١٢-٢٠١٧ بڕوانامە بەخشرا بەسەر(٣٠٠)پارێزەر کە بەشدارییان لە خولێکی یاسایی سێ ڕۆژە کردبوو کە لەلایەن رێکخراوی گەشەپێدانی ئەکادیمی سازکرابوو،سەرۆکی رێکخراوەکەش ڕایدەگەیەنێت: ئامانجمان بەھێزکردنی توانای پارێزەرانە.

بێستون حەمە ئەحمەد سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی ئەکادیمی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاڕاستە ڕایگەیاند: لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا خولێکی یاساییمان بۆ (٣٠٠)پارێزەر و تازە دەرچوانی ئەو بوارە کردەوە و لەلایەن سێ مامۆستای جیاوازەوە کە ڕاوێژکاری پارێزگار بوون و خاوەنی ئەزموونێکی زۆرن، تەورەکان پێشکەش دەکرا.

وتیشی: تەوەری خولەکەمان بە گشتی باسی سەرەتای چۆنێتی چونە نێو کاری دادگا دەکات و ئەو بابەتانە چین کە گرنگە پارێزەر ئاشنای بێت و تێیدا برەو بەکارەکەی بدات تاوەکو لەم ڕێگایەوە توانای باشتر بێت.

سەرۆکی رێکخراوی گەشەپێدانی ئەکادیمی ڕاشیگریاند:ئەمڕۆ کە کۆتایی خولەکە بوو بڕوانامەمان بەخشی بە سەرجەم بەشداربووان بەمەبەستی ئەوەی سیڤییەکانیان بەھێزتر بێت لە کاتێک ئەگەر ویستیان لە ناوەندێکی یاساییدا کار بکەن.

سەبارەت بە گرنگی خولەکە سۆما یاسین کە ماوەی چوار ساڵە پارێزەرە وتی:ئەم جۆرە خولانە بۆ ئێمە زۆر گرنگە و ئێمە سودێکی زۆرمان لێ وەرگرت چونکە ئەبێتە ھۆی نوێکردنەوەی بابەتەکان و زانیارییەکان بۆمان.

ئاماژەی بەوەشکرد: ئەوانەی بابەتەکانیان پێشکەش ئەکرد خاوەن ئەزمونێکی زۆر بوون ئێمە ئەتوانین سود لەوان وەربگرین و لە ناو دادگادا کاری پێ بکەین.

319 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/7/2017 6:31:25 PM
زیاتر ...