دۆسیە
بەتەواوی نائومێد دەکرێن لە ئاست داواکارییەکانیان
ڕاپۆرت:پشتیوان عەزیـز

بەھۆی گرانی نرخی بەنزین و درێژە کێشانی بەو جۆرە،ناڕەزایەتی لەلایەن شۆفێران دروست دەکات و داوا دەکەن نرخەکەی کەم بکرێتەوە،سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوەسروشییەکانیش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: ئێمە ھیچمان پێ ناکرێت و بەنزین بەشێوەی بەبازرگانی کردن دەفرۆشرێت.

سەرباری ھەبوونی چەندین قەیران و دواکەوتنی موچە و پاشەکەوت کردنی،بۆ ماوەی چەند مانگێکیشە نرخی بەنزین بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە،کە ئەمەش نیگەرانی لای ھاوڵاتیان و شۆفێران دروست کردووە و داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن نرخەکەی کەم بکەنەوە بە شێوەیەک لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێت.

ئەیوب حەسەن کە پیاوێکی بەتەمەنە و ماوەی (٥)ساڵە کاری شۆفێری تاکسی دەکات بە ئاڕاستەی وت: گرانی نرخی بەنزین بۆ ئێمە زۆرتر کاریگەری ھەیە چونکە لە ئێستادا نەفەر زۆر کەم بووەتەوە،یان نرخێکی کەم ئەدەن بەکرێ،لەبەرامبەر ئەوەشدا لیترێک بەنزین بە (٨٠٠)دینار دەکڕم.

 ڕۆژی وا ھەیە تائێوارە سفتاح ناکەین

وتیشی: ڕۆژی وا ھەیە تائێوارە نەفەرمان دەست ناکەوێت(سفتاح ناکەین)بۆیە داواکارم لەلایەنە پەیوەندیدارەکان نرخەکەیمان بۆ کەم بکەنەوە.

ڕۆژانە ئەگەر شتێکم دەست نەکەوێت پێی ناژیم

"بەدرێژایی ئەمڕۆ (٥٠٠٠)دینارم دەرکردووە،ڕۆژانە ئەگەر شتێکم دەست نەکەوێت پێی ناژیم"ئەمە وتەی سەرکەوت محەمەدە کە ماوەی (١٠)ساڵە شۆفێرە و خێزاندارە و خاوەنی دوو مناڵە.

ئەو وتیشی: بەردەوام لەگەڵ شۆفێرەکانی ھاوڕێمدا باس لە خراپی بارودۆخەکە دەکەین بەوەی ئێش کەم بووەتەوە و نرخی بەنزینیش بەو گرانییە بۆمان دەری ناھێنێ،بەڵام کەسێک نییە گوێمان لێ بگرێت.

ھەر سەبارەت بەم پرسە دوێنێ ٢٨-١١-٢٠١٧ ژمارەیەک لە شۆفێرانی خاوەن تاکسی یاداشتێکیان کە واژۆی(٧٣٢)شۆفێری بۆ کۆکرابووەوە ئاڕاستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد و داوایان کرد نرخی یەک لیتر بەنزین کەم بکرێتەوە  بۆ (٥٠٠)دینار و کوالێتییەکەی بەرز بکرێتەوە.

بەنزین بەبازرگانی دەفرۆشرێت،حکومەتی ھەرێم یەک لیتر بەنزین نادات بە ھیچ لایەک

لەبەرامبەر ئە م داواکاری و ناڕەزایەتییانەی شۆفێران د.غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی ئاڕاستەی ڕاگەیاند ئەوان ھیچیان پێ ناکرێت و وتی: بەنزین بەبازرگانی دەفرۆشرێت،حکومەتی ھەرێم یەک لیتر بەنزین نادات بە ھیچ لایەک و پارێزگای سلێمانیش ھیچ بەنزینی بۆ نایەت بۆیە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە ھەرزانی بکەین.

ڕاشیگەیاند: دەبێت ڕوو بکەینە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چونکە ھیچمان لەبەر دەست نیە نە نەوت و نەگاز و نەبەنزین،ئێمەیش داوامان لەو وەزارەتە کردووە کێشەکانمان بۆ چارەسەر بکەن.

دەبێت داواکارییەکان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکرێت

د.غالب محەمەد ئەوەشی وت: دەبێت داواکارییەکان ئاڕاستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بکرێت نەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەر ئەوەی ئێمەیش وەک ئەوانین و کەوتوینەتە بەرەی ئەوانەوە،بەھیچ شێوەیەک ناتوانین گۆڕانکاری بە نرخەکان بکەین چونکە سوتەمەنی لەبەردەست ئێمەدا نییە.
397 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/29/2017 4:32:08 PM
زیاتر ...