دۆسیە
وەرزی سەرما و ماسی فرۆشتن لەڕاپۆرتێکی ئاڕاستەدا
ڕاپۆرت: پشتیوان عەزیـز

گەر بە شەقامی سی مەتری و ھەندێک لە شەقامەکانی تری شاری سلێمانیدا تێپەڕیت ژمارەیەکی زۆر لە دوکانی کاتی و ئۆتۆمبێلی ماسی فرۆشتنت بەرچاو دەکەوێت،ئەمەش لەگەڵ ھاتنی وەرزی سەرمادا و زیادکردنی کاری ماسی فرۆشتن کە ھۆگرێکی بەھێزە بە ئاو،ڕەنگە پرسیاری ئەوە دروست بکات بۆچی لەم کاتانەدا زیاد دەکات کە کارەکە لەسەرمادا سەخت ترە بەڵام وەک کڕیاران و فرۆشیارانی ماسی دەڵێن: ھەر لەگەڵ دەست پێکردنی وەرزی سەرمادا ماسی بەتام و چێژتر دەبێت و بەوھۆیەوە ڕەواجێکی زیاتر بۆخۆی پەیدا دەکات.

لە ڕاپۆرتێکی مەیدانی ماڵپەڕی ئاڕاستە لەگەڵ کڕیاران و فرۆشیارانی ماسی دا زانیاری زیاتر دەخەینەڕوو.

بەتەمەنم لەگەڵ ماسیدا بوومە

لەکاتێکدا سەلام محەمەد سەرقاڵی فرۆشتنی ماسی بوو لەلای ئۆتۆمبیلەکەی و لەگەڵ کێشان و چاک کردنی ماسی سەبارەت بە کارەکەی پرسیمان چەند ساڵە ئەم کارە دەکەی لە وڵامدا وتی: بەتەمەنم لەگەڵ ماسیدا بوومە،چونکە بۆ خۆم خەڵکی سەر دەریاچەی دەربەندیخانم و بەردەوام ڕاوە ماسیم کردووە.



لەئێستادا ماسی حەوز سەرفیاتی زۆرترە


ئەو وتیشی: بەڵام ئێستا من ماسی حەوز دەفرۆشم لەبەر ئەوەی ماسی بەحرەکە گرانە یەک کیلۆی (٧ بۆ ٨)ھەزار دینارە و خەڵکی کەمتر دەیکڕێت،بۆیە زیاتر ماسی حەوز کە لەجۆری کاربە نرخەکەی ھەرزانترە سەرفیاتی زۆرترە.

قازانجەکەی ئێمە تەنھا(١)ھەزار دینارە بۆ ھەر ماسییەک 

سەلام محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد: جۆرێکی تری ماسیمان لایە کە شەبەحی پێ ئەڵێن لە تورکیاوە ئەھێنرێت بەڵام ئەوەش سەرفیاتی کەمترە،زیاتر ماسی حەوز ئەکڕین کە نرخەکەی گونجاوە و بەھەمان نزخ دەیفرۆشینەوە بەڵام قازانجەکەی بۆ ئێمە تەنھا(١)ھەزار دینارە بۆ ھەر ماسییەک کە لەبری چاک کردن لە کڕیار وەری دەگرین.

ھەفتانە جارێک بۆ دووجار ماسی دەکڕین

کاروان ئەحمەد کە بۆ کڕینی ماسی ھاتبوو بە ئاڕاستەی وت: ھەفتانە جارێک بۆ دووجار ماسی دەکڕین چونکە چەندین سودی تەندروستی ھەیە و لە جۆرەکانی تری گۆشت بەتایبەت مریشک زۆر باشترە.

ئەو کڕیارە وتیشی: ماسی ئێستا زۆربەی حەوزە بەھۆی ئەوەی بەشێوەیەکی دەستکرد(مەصڵاحی)بەخێو دەکرێت ئەو ماسییەی دەیکڕین حەز ناکەم زۆر گەورە بێت چونکە خراپە وەک ماسی بەحر نیە کە سروشتی بێت.

لە وەرزی زستاندا رەواجی ماسی زیاتر دەبێت 

ھەر لە درێژەی ڕاپۆرتە مەیدانییەکەدا ھیوا حەسەنی تەمەن ٣٢ساڵ کە ماوەی (٣)ساڵە کاری ماسی فرۆشی دەکات زانیاری زیاتری لەسەر کارەکەی خستەروو،و روونیکردەوە: لە وەرزی زستاندا و لە کاتی سەرمادا رەواجی ماسی زیاتر دەبێت بەتایبەت لە ڕۆژانی پێنج شەممە و ھەینی دا خەڵکێکی زۆر روومان تێدەکەن.

وتیشی: ماسییەکانمان لە داقوق دەھێنرێن کە ماسی حەوزن لە جۆری کارب،وە نرخەکەشی گونجاوە لەگەڵ قەیرانی داراییەکەدا دەگونجێت چونکە ھەر کیلۆیەکی لە نێوان(٣٠٠٠ بۆ٣٥٠٠)دینارە.

ڕۆژانە کاتژمێر ٥:٠٠بەیانی تاوەکو ٧:٠٠ شەو کار دەکەم

ئەو ماشی فرۆشە باسی لە شێوازی کاری ڕۆژانەی کرد و وتی:لە ھەفتەکەدا زۆر جار(٥)ڕۆژ کاردەکەین و لە کاتژمێر٥:٠٠بەیانی دێینە دەرەوە تاوەکو ٧:٠٠شەو ناڕۆینەوە.




 لە کاتی سەرمادا ماسی تام و چێژێکی تایبەتی دەبێت

زانا محمەدیش کە سەرقاڵی کڕینی ماسی بوو لە ھیوا ئاماژەی بەوەکرد: ھەفتانە ماسی دەکڕین بەتایبەت لە کاتی سەرمادا چونکە بتام و چێژێکی تایبەتی دەبێت،وە باشتر وایە ماسییەکە لە نێوان (٢ بۆ ٣) کیلۆ بێت کە لەو کێشە بێت لە رووی خواردنەوە خۆشترە.
333 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/29/2017 2:33:27 PM
زیاتر ...