دۆسیە
له‌ڕووى ئاینى و یاساییه‌وه‌پێویسته‌ پیاو نه‌فه‌قه‌ى ژن بكێشێت نه‌ك داهاته‌كه‌شى قۆرخ بكات
ڕاپۆرت :چاوان حسام
قۆرخكردنى داهاتى ژن له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ سزاى خۆى هه‌یه‌ و پێویسته‌ ژنان و كۆمه‌ڵگاو پیاوانیش هۆشیار بكرێنه‌وه‌ له‌ مافه‌كانى ژنان ، له‌ڕووى ئاینى و یاسایشه‌وه‌ پێویسته‌ پیاو نه‌فه‌قه‌ى ژن بكێشێت نه‌ك داهاته‌كه‌ى قۆرخ بكات. 

نابێت پیاو داهاتى ژنه‌كه‌ى قۆرخ بكات 
له‌ڕووى ئاینیه‌وه‌ م.عەتا محمد پێنجوێنی ، جێگیری لێپرسراوی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان ، سه‌باره‌ت به‌ پرسى قۆركردنى داهاتى ژن به‌ ئاڕاسته‌ى ڕاگه‌یاند: هه‌ڵبه‌ته‌ ژن و مێرد هه‌ریه‌كه‌یان خاوه‌نى حه‌قێك و مافێى تایبه‌ت به‌خۆیانن ،داهاتێك كه‌ هى ژنه‌كه‌یه‌ مولزه‌م نیه‌ كه‌ بۆ ماڵه‌كى خه‌رج بكات به‌ڵام ده‌بێت داهاتى پیاو بۆ ماڵ و خێزانه‌كه‌ى خه‌رج بكرێت ، به‌ڵام له‌كاتى كه‌م ده‌ستى و كه‌م تواناى مێرده‌كه‌یدا ژن ده‌توانێت ده‌ستبارى مێرده‌كه‌ى بێت به‌ڵام ئه‌مه‌ش ماناى ئه‌وه‌نیه‌ كه‌ داهاتى ژنه‌كه‌ى قۆرخ بكات به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕاسته‌ نابێت ژن داهاتى مێرده‌كه‌ى قۆرخ بكات ئه‌گه‌رچى خۆشى موچه‌ خۆر بێت واته‌ موچه‌كه‌ى خۆى ته‌نها بۆ خۆى هه‌ڵبگرێت و له‌هه‌مان كاتیشدا مێرده‌كه‌ى هه‌موو پێداویستیه‌كانى ماڵ پڕبكاته‌وه‌ باشتره‌ هه‌ردوو لا هاوكارى یه‌كتربن . 

ژن ئازاده‌ له‌ خه‌رجكردنى داهاته‌كه‌ى... 
ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌ باسى له‌وه‌شكرد :له‌ ئێستادا جیاوازه‌ له‌ ساڵانى پێشوو زۆربه‌ى ژنان داهاتى خۆیان هه‌یه‌ و جا ئه‌گه‌ر ئه‌م داهاته‌ ماره‌یه‌كه‌ى بێت یان موچه‌ى خۆى بێت له‌ حاڵه‌ته‌دا ژن ئازاده‌ له‌ خه‌رجكردنى داهاته‌كه‌ى جا ئه‌گه‌ر بۆ هاوكارى كردنى كه‌س و كارى بێت یان پڕكردنه‌وه‌ى پێداویسیته‌كانى خۆى به‌ڵام ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ى ڕێزدا ڕاى هاوسه‌ره‌كه‌ى وه‌ربگرێت. 

قۆرخكردنى داهاتى ژن ناچێته‌ قاڵبى توند و تیژیه‌وه‌ به‌ڵكو به‌ نایه‌كسانى ناوده‌برێت... 
م. عه‌تا ده‌شڵێت: دوو جۆر لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ژنه‌كه‌ داهاته‌كه‌ى له‌بوارێكى نا مه‌شروعدا خه‌رج بكات ده‌كرێت له‌ڕۆحیه‌تى دڵسۆزیه‌وه‌ لێپرسینه‌وه‌ى لێبكات ئه‌مه‌ ئاساییه‌ ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێپرسینه‌وه‌كه‌ى بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ داهاته‌كه‌ى قۆرخ بكات و ڕێگرى بكات له‌ خه‌رج كردنى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پێداویستیه‌كانى یان هاوكارى كردنى كه‌س و كارى خۆى ، ئه‌م جۆره‌ لێپرسینه‌وه‌یه‌ پێى ده‌وترێت قۆرخكردنى داهاتى ژنه‌كه‌ ، ئه‌مه‌ ناچێته‌ قاڵبى توندو تیژى به‌ڵكو ئه‌مه‌ پێى ده‌وترێت نایه‌كسانى ، چونكه‌ ئه‌مه‌ ته‌نها سته‌مه‌ له‌ ژنه‌كه‌ى ده‌كات .


 قۆرخكردنى داهاتى ژن په‌یوه‌ندى به‌چیه‌وه‌ هه‌یه‌؟ 
له‌ڕوو یاساییه‌وه‌ ، لاوه‌ند فه‌ره‌یدون ئه‌حمه‌د پارێزه‌رى ڕاوێژكار ، پارێزه‌ر له‌ دادگاى سلێمانى له‌ دیدارێكدا به‌ ئاڕاسته‌ى ڕاگه‌یاند: یاسا فه‌رزى كردووه‌ كه‌ پیاوان نه‌فه‌قه‌ى ژنه‌كانیان بكشێشن ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژنه‌كه‌ خۆى خاوه‌نى داهات بێت ده‌توانێت هاوكارى مێرده‌كه‌ى بدات خۆشبه‌ختانه‌ له‌م ساڵانه‌ى دوایدا به‌هۆى پێشكه‌وتن و گۆڕانكارى ژنان ده‌توانن هاوكارى مێرده‌كانیان بن .

 ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ئه‌گه‌ر هاتوو داهاتى ژنێك له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌ردا گیرا ئه‌مه‌ ناچێته‌ قاڵبى توندو تیژیه‌وه‌ به‌ڵكو ده‌چێته‌ قاڵبى چه‌قبه‌ستوویه‌وه‌ و پیاو سالارى زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر خێزانه‌كه‌دا ، ئه‌مه‌ زیاتر په‌یوه‌ندى به‌ عه‌قڵیه‌تى ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ یه‌كێكه‌وه‌ بۆ یه‌كێكى تر له‌ كۆمه‌ڵێكه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵێ تر له‌ ناوچه‌یه‌كه‌وه‌ بۆ ناوچه‌یه‌كى تر جیاوازى هه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌وه‌ سه‌ر ئاستى هۆشیارى خێزانى و تاكه‌كان له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا. 
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا :له‌كاتى جیابوونه‌وه‌شدا ده‌بێت هه‌ردوولا ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر دیاركردنى ئه‌و موڵكانه‌ى هه‌یانه‌ و بیسه‌لمێنن كه‌ ئه‌و خاوه‌نى موڵكه‌ یان سه‌یاره‌ یان هه‌رشتێكى تر كه‌ كڕیویانه‌. 
له‌ كۆتایشدا ووتى :تا ئێستا دۆسیه‌یى له‌م جۆره‌ نه‌بووه‌ به‌ڵام له‌ژێر ناوى تردا هه‌بووه‌ بۆ نمونه‌ ده‌كرێت پیاوه‌كه‌ به‌ ناوى گوێڕایه‌ڵ نه‌بوون و نه‌گونجان و بێ سه‌ر وبه‌ر داواى جیابوونه‌وه‌ بكات نه‌ك ڕاسته‌وخۆ ، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه‌ حاڵه‌ته‌ و نه‌بووه‌ به‌ دیارده‌ . له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ چ جۆره‌ سزایه‌ك ده‌یانگرێته‌وه‌ ؟
 هاوكات ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد :یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توند و تیژى دژى ژنان دوو جۆر سزاى هه‌یه‌ ئه‌وانیش به‌ندكردن و غه‌رامه‌كردنى ئه‌و پیاوانه‌یه‌ كه‌ توندو تیژى به‌رامبه‌ر ژنه‌كانیان ده‌كه‌ن. 
چالاكوانى مه‌ده‌نى:بێگومان ئه‌م دیارده‌یه‌ بوونى هه‌یه‌ و قۆخكردنى داهاتى ژن له‌ لایه‌ن پیاوه‌وه‌ سزاى خۆى هه‌یه‌. 
له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه‌ ، كنێر عه‌بدوڵا ،نوسه‌ر و سه‌رنوسه‌ى گۆڤارى ته‌وار و چالاكوانى مه‌ده‌نى له‌ لێدوانێكى تایبه‌تدا به‌ ئاڕاسته‌ى ڕاگه‌یاند: ئه‌مه‌ بێگومان له‌ ئێستادا ئه‌م دیارده‌یه‌ بوونى هه‌یه‌ و كاتێك دووكه‌س ژیان پێكه‌وه‌ده‌هێن له‌و خێزانه‌دا ئه‌رك و ماف هه‌یه‌ ،باشتره‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز ئه‌گه‌ر داهاتى سه‌ربه‌خۆى خۆیان هه‌بوو هاوبه‌شى بكه‌ن له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ماڵدا ،به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ داهاتى ژنه‌كه‌ى قۆرخكرد بێگومان سزاى خۆى هه‌یه‌ بێگومان به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ڕاسته‌. 
قۆرخكردنى داهاتى ژن ده‌چێته‌ قاڵبى توند و تیژیه‌وه‌
 كنێر عه‌بدوڵا پى َى وایه‌ كه‌ قۆرخكردنى داهاتى ژن له‌لایه‌ن مێرده‌وه‌ ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ى توندو تیژییه‌وه‌ ، ووتیشى: هه‌موو زۆره‌ ملێكردنێك به‌بێ ویستى به‌رامبه‌ر ده‌چێته‌ قاڵبى توندو تیژییه‌وه‌ ، چه‌ند ژنه‌كه‌ به‌شداربێت له‌هاوبه‌شى كردنى داهاته‌كه‌ى بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌كانى خێزانه‌كه‌ى ده‌بێت مافى ئازادیش بێت له‌خه‌رجكردنى داهاته‌كه‌ى مافه‌كه‌ى زه‌وت نه‌كرێت. 


پێویسته‌ پیاوان هۆشیار بكرێنه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر مافه‌كانى ئافره‌ت
 سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م پرسه‌ ئه‌و سه‌رنوسه‌ره‌ى گۆڤارى ته‌وار ڕایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك ڕێكخراوه‌كانى ژنان به‌ به‌رده‌وامى هۆشیارى بڵاو ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ڵام به‌ته‌نها ژن به‌رپرس نیه‌ له‌ هۆشیاربوونه‌وه‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ش گرنگه‌ كۆمه‌ڵگاو پیاوان هۆشیاربكرێنه‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وانه‌ پیاوانن كه‌ پێشێلكارى به‌رامبه‌ر ئافره‌ت ده‌كه‌ن و مه‌سه‌له‌ى ژن مه‌سه‌له‌ى كۆمه‌ڵگا و ژن و پیاویشه‌ .

 ئه‌ركى ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى هۆشیاركردنه‌وه‌ و فشارخستنه‌ سه‌رده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌
 كنێر عه‌بدووڵا له‌ درێژه‌ى قسه‌كانیدا تیشكى خسته‌سه‌ر ئه‌ركى ڕێكخراوه‌كان و ووتى: ته‌نها دوو ئه‌ركیان له‌سه‌ره‌ یه‌كه‌م بڵاوكردنه‌وه‌ى هۆشیاریه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا ، دووه‌م فشارخستنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى یاسادانانه‌ بۆ گۆڕینى یاساكان یان خستنه‌ڕووى پڕۆژه‌ى یاسا ،هه‌روه‌ها به‌درێژایى مێژوو ڕێكخراوه‌كان كاریان كردووه‌ به‌ڵام به‌ته‌نها ڕێكخراوه‌كان ناتوانن گۆڕانكارى بكه‌ن ، ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پیاو سالارى كۆمه‌ڵگاوه‌ هۆشیارى كۆمه‌ڵگاوه‌ له‌ دواجاردا ئه‌وه‌ باڵانسێكى نا دادپه‌روه‌ریه‌ كه‌ پیاوێك داهاتى ژنه‌كه‌ى قۆرخ بكات به‌ پێچه‌وانشه‌وه‌ هه‌یه‌ . 
ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ ساڵانه‌ چه‌نده‌ها حاڵه‌تى توندو تیژیمان هه‌یه‌ كه‌به‌رامبه‌ر ژنان ده‌كرێت ، به‌ڵام هه‌ندێك توند و تیژى هه‌یه‌ كه‌به‌شێوه‌كى ناڕاسته‌وخۆ ده‌كرێن یه‌كێكیش له‌وانه‌ قۆرخكردنى داهاتى ژنه‌ له‌لایه‌ن پیاوانه‌وه‌ ده‌كرێت به‌م حاڵه‌ته‌ بڵێین توندوتیژى ناڕاستوخۆ چونكه‌ هه‌ر زۆره‌ملێكردنێك به‌بێ ویستى به‌رامبه‌ر ده‌چێته‌ قاڵبى توندو تیژییه‌وه‌ . 

بە پێی نوێترین ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە ٩ مانگی سەرەتاى ئەمساڵدا ٣٨ ئافرەت کوژراون و ٥٨ ئافرەتیش خۆیان کوشتووە، ١٦٦ ئافرەت سوتاون و ٨٥ ئافرەتیش خۆیان سوتاندووە ، لە ساڵانی ٢٠١٢ بۆ مانگی 9 ى ٢٠١٧، تێکڕا ٢٧٠ ژن کوژراون و ٣١٤ ژنیش خۆیان کوشتووە و لەو ماوەیەدا ١٠١ ئافرەت دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر و حەوت هەزار و ٢٢ ئافرەتیش سکاڵایان تۆمارکردووە. ئەوەی جێگه‌ى ئاماژه‌یه‌ سەرباری هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی ژنان، ڕێژەی ژن کوشتن لە ساڵی ٢٠١٦دا بەراورد بە ساڵی ٢٠١٢ هیچ جیاوازییەکی نییە، لە هەر دوو ساڵەکەدا ٤٦ ژن کوژراون.
309 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/27/2017 12:06:58 PM
زیاتر ...