کۆمەڵایەتی
پێوه‌ره‌كانی‌ ئیسلام بۆ به‌شوودانی‌ كچان
ئاڕاسته‌:چاوان حسام
مامۆستایه‌كی‌ ئاینی‌ ده‌ڵێت :له‌ڕووی‌ ئاینیه‌وه‌ ته‌مه‌نی‌ كچ بۆ شووكردن دیاری‌ نه‌كراوه‌ به‌لاَم له‌ دادگانیشدا ڕێگه‌ به‌ شووكردنی‌ كچی‌ خوار 18 ساڵ ده‌درێت به‌مه‌رجێك وه‌لی‌ ئه‌مری‌ هه‌بێت.
م.عەتا محمد پێنجوێنی ، جێگیری لێپرسراوی لقی سلێمانی یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان له‌ لێدوانێكی‌ تایبه‌تدا بۆ ئاڕاسته‌ ڕایگه‌یاند: له‌ ئیسلامدا بۆ به‌شوودانی‌ كچ ڕه‌چاوی‌ چه‌ند خاڵێك ده‌كرێت ئه‌ویش له‌ڕووی‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ گونجاو بێت واته‌ توانای‌ ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت ببێت به‌ دایك و ماڵبه‌ڕێوه‌به‌رێت .
م.عەتا محمد ووتیشی‌: ڕه‌نگه‌ پێگه‌شتنی‌ كچ   له‌ شوێنێكه‌وه‌ بۆ شوێنێكی‌ تر جیاوازبێت ، ڕه‌نگه‌ له‌ هه‌ندێك شوێن كچه‌كه‌ له‌ سه‌رو 20 ساڵیشه‌وه‌ گونجاو نه‌بێت  ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك شوێن له‌خوار 20 ساڵه‌وه‌ گونجاو بێت .
ئه‌و مامۆستا ئاینیه‌ باسی‌ له‌وه‌شكرد: له‌ ئیسلامدا ته‌مه‌ن دیاری‌ نه‌كراوه‌ به‌لاَم به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌ ده‌بێت ئه‌و كچه‌ ئامانجی‌ شوككردنی‌ بزانێت ده‌بێت ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ ئه‌و كچه‌ ده‌ده‌ن به‌شوو دڵنیان بن له‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م كچه‌ توانای‌ ماڵبه‌ڕێوه‌بردن و بوون به‌ دایكی‌ هه‌بێت .
ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شدا: "باشتره‌ كچ له‌  ته‌مه‌نی‌ سه‌ر و 15 ه‌وه‌  بدرێت به‌شوو ، به‌لاَم له‌ هه‌مان كاتیشدا لێره‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ یاساش ڕێگه‌ ده‌دات به‌ كچی‌ خوار 18 ساڵ شووبكات و هه‌ر له‌ دادگاكانیشدا گرێبه‌ستی‌ هاوسه‌رگیری‌ بۆ كچه‌كه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن  به‌ مه‌رجێك وه‌لی‌ ئه‌مری‌ هه‌بێت" .
جێگه‌ی‌ ئاماژه‌یه‌ ساڵانه‌ له‌هه‌فته‌ی‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ توندو تیژی‌ ژناندا ڕێكخراوه‌كانی‌ ژنان دژی‌ زوو به‌شوودانی‌ كچان چه‌ندین چالاكی‌ جیاجیا به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن له‌ كاتێكدا كه‌ ساڵانه‌ به‌هه‌زاران كچی‌ خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ده‌درێت به‌شوو.
1045 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/26/2017 4:41:50 PM
زیاتر ...