وەرزش
بۆیەکەم جارە پرۆژەیەک لەسلێمانی دەکرێتەوە.
ئاڕاستە:پشتیوان عەزیـز

لەشاری سلێمانی لەناو پارکی ھەواری شار پرۆژەی پاسکیل سواری دەکرێتەوە و ڕۆژانە خەڵکی بۆ وەرزش کردن و فێربوون لە پاسکیل رووی تێدەکەن،ڕاھێنەری ئەو پرۆژەیەش ڕایدەگەیەنێت: یەکەمین پرۆژەیە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان،دەشڵێت:ئامانجمان بەکەلتورکردنی پاسکیل سوارییە و دەمانەوێت ھاوڵاتییان بۆ سەر ئیش و کاری ڕۆژانەشیان بەکاری بھێنن.

سۆزی دڵشاد ڕاھێنەر لە پرۆژەکە،کە بۆ ماوەی چەندین ساڵ یاریزانی عێراق بووە و خاوەنی ١٧ مەدالیایە لە ئاستی وڵاتانی عەرەبی و دوو مەدالیای ئاڵتوونییە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاڕاستە ڕایگەیاند: بیرۆکەی پرۆژەکەمان لەلایەن ھاورێیەکمەوە دروست بوو بە ئامانجی بە کەلتورکردنی پاسکیک سواری لە ناو خەڵکدا و ماوەی دوو مانگە ئەم پرۆژەیەمان دەست پێکردووە.

وتیشی:ئەمە یەکەم پرۆژەیە لە عێراق و لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە و خەڵکێکی زۆر روومان تێدەکەن بەتایبەتی ژنان و کچان زیاتر دێن چونکە شوێنەکەمان گونجاوە و ڕێگای تایبەتیمان بۆ پاسکیل سواری جیا کردۆتەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە ھەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان ھاتوچۆ.

سۆزی دلشاد باسی لەوەش کرد: ئەوانەشی کە پاسکیل سواری نازانن خۆمان فێریان ئەکەین و لە کاتژمێر(٣  تاوەکو ١١)ی شەو کراوەیە کە ھەر نیو کاتژمێرێک بەبڕی ٣٠٠٠ ھەزار دینارە و مانگانەش ئەتوانرێت بەشداری بکرێت،لەھەر تەمەنێک بن چونکە پاسکیلی جۆری جیاوازمان ھەیە بۆ تەمەنە جیاوازەکان.

زیاتر لەوبارەیەوە دواو وتی: لەپاڵ ئەوەی سودی جەستەیی ھەیە ئەشمانەوێت کەلتوری پاسکیل سواری وای لێبێت ھاوڵاتییان بۆ سەر ئیش و کاری ڕۆژانەشیان بەکاری بھێنن چونکە لە رووی ژینگەیشەوە سودی ھەیە و ژینگەیەکی خاوێنترمان بۆ دەستەبەر دەبێت.

ئەو ڕاھێنەرە لەسەر فراونتر کردنی پرۆژەکەیان روونیکردەوە: لەپلانماندا ھەیە لەچەند شوێنێکی تری سلێمانی و تەنانەت لە شارەکانی تری ھەرێمی کوردستانیش بیکەینەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پرۆژەکەمان.

1221 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/19/2017 2:48:43 PM
زیاتر ...