وەرزش
لەسلێمانی گرنگیدان بەوەرزشکردن ڕووی لەزیادبوونە
ئاڕاستە:پشتیوان عەزیـز

کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی کە کۆمەڵەیەکی خۆبەخشانەیە و ھەفتانە گەشتێکی وەرزشی بۆ سەر شاخەجیاوازەکانی کوردستان ڕێک دەخات،بەئامانجی بەکەلتورکردنی وەرزشی شاخەوانی و ماڵپەڕی ئاڕاستەش بەبەشداری کردنی لەم گەشتەیان سود و زانیاری زیاتر لەسەر ئەم وەرزشە دەخاتەڕوو.

فاتیح صاڵح سەرپەرشتیار لە کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی بە ئاڕاستەی ڕاگەیاند: ئێمە کۆمەڵەیەکی خۆبەخشین ھەفتانە ڕۆژانی ھەینی گەشتێکی شاخەوانی بۆ ئارەزوومەندانی وەرزشی شاخەوانی رێکدەخەین کە ھەر جارە و بۆ ناوچەیەکی جیاواز دەبێت.

وتیشی: ئامانجمان بەکەلتورکردنی وەرزشی شاخەوانییە ئەمەش شتێکی زۆر کۆن نییە و ئەزمونی ئێمەیش بۆ ماوەی سێ ساڵە دەچێت کە لەدوای ئێمەیش چەندین گروپی تر دروست بون وەک لە کۆیە و ھەڵەبجە و ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی.

سەبارەت بە پێشوازی کردنی ئەم وەرزشە لەلایەن ھاوڵاتییانەوە ئەوسەرپەرشتیارە ئاماژەی بەوەشکرد: خۆشبەختانە خەڵکێکی زۆر یەت و کاتێک لە رێی پەیجەکەمانەوە ئاگاداری بڵاو ئەکەینەوە ھاوڵاتییان ناو تۆمار ئەکەن کە ھەر گەشتێکی وەرزشیمان لە٦٠ کەس کەمتر نییە تەنانەت گەشتووە بە ٢٠٠ کەسیش.

روونیشی کردەوە: لەھەردوو رەگەز بەشداری دەکەن لەھەموو تەمەنێکی تێدایە کە سەروی(١٨) ساڵی تێپەڕاندبێت و لەکاتی گەشتەکانمانیشماندا تەنھا پارە بۆ کرێ پاس وەردەگیرێت،و ھەرچەندە بێ بەرامبەر ماندوو ئەبین بەڵام لەپێناو تەندروستی ھاوڵاتییان دڵخۆش ئەبین بەم کارەمان.

لای خۆیشییەوە سازگار نوری بەرێوەبەری کارگێری مەڵبەندی تەندروستی عەلی ناجی وەک بەشداربووییەک وتی: لەکاتی وەرزشکردنەکەماندا سەرباری بەھێزبوونی ماسولکەکانی لەشمان لە ڕووی دەرونیشەوە زۆر ئارام ئەبینەوە.

بەشدار بوویەکی تر کە تەمەنی ٤٩ ساڵ بوو،وە پیشەی مامۆستا بوو بەناوی پەروین کەریم ئاماژەی بەوەکرد: زۆر دڵخۆش ئەبین بەم وەرزشەمان و لەرووی تەندروستیشەوە زۆر سودی لێ دەبینم،لەکاتێکدا نەخۆشم بەم ڕێورۆیشتنەم کاریگەری باشی لەسەر نەخۆشییەکەم دروست کردووە

779 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/17/2017 10:05:16 PM
زیاتر ...