دۆسیە
كۆنگره‌ ده‌توانێت دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی ئاسایی بكاته‌وه‌؟
ڕاپۆرتی:عه‌بدول نه‌جم

له‌دوای كۆچی سه‌رۆك مام جه‌لال وڕوداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ڕوبه‌ڕوی دۆخێكی نه‌خوازراو بۆته‌وه‌ به‌ شیوه‌یه‌ك ڕاجیاوازه‌كان زۆربون،هه‌ربۆیه‌ كادیرانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ڕێگای ئه‌م راپۆرته‌ی ئاراسته‌وه‌ داوا له‌ سه‌ركردایه‌تی حیزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن كێشه‌كانی كه‌هه‌یه‌ له‌ كۆنگره‌دا چاره‌سه‌ربكه‌ن و یه‌كێتی نه‌كه‌نه‌ قوربانی.

یەكێتی پێویستە بە زوترین كات كۆنگرە ببەستێت‌و چیتر خۆی  نەكاتە قوربانی
ژوان ئه‌حمه‌دی رۆژنامه‌نوسی و كادیری یه‌كێتی بۆئاڕاسته‌ ده‌ڵیت:یەكێتی پێویستە بە زوترین كات كۆنگرە ببەستێت‌و چیتر خۆی  نەكاتە قوربانی فۆبای كۆنگرە‌و لە كۆنگرەدا بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەبێت‌و هەرگیزیش ترس لە ئینشیقاق نەكاتە پاساوی نەبەستنی كۆنگرە.
ژوان ئه‌حمه‌د ده‌شڵێت:باشترە یەكێتی لە كۆنگرەی داهاتدا تێكەڵەیەك لە خوێنی نوێ‌و گەنج‌و بەشێك لە كەسانی بە ئەزمون بكاتە كاربەڕێوەبەری یەكێتی،بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ئیدی یەكێتی لە كۆنگرەدا بە پەیكەرەی رێكخراوەیی‌و شێواز‌و كاری ئۆرگانەكانیدا بچێتەوەو پەیكەرەی ئیداری یەكێتی بەم شێوە كلاسیكی یە نەهێڵێتەوەو‌و هەندێ لە ئۆرگانەكانیش نەهێڵێت كە تەنیا بارگرانین.
ئه‌و كادیره‌ی یه‌كێتی له‌ كۆتایشدا جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، جگە لەوەش گرنگە یەكێتی پەیكەرە‌و سیاسەتی رێكخستن‌و راگەیاندنی بەپێی سەردەمەكە دابڕێژێتەوە.

یه‌كێتی ده‌توانێت به‌ سوود وه‌گرتن له‌ بیرۆکه‌ی حزبیانه‌ی سه‌رۆک مام جه‌لال، هه‌نگاو به‌ره‌و کۆنگره‌یه‌ک بنێت

له‌ تیف حسینی توێژه‌ری كۆمه‌ڵ‌یه‌تی و كادیری یه‌كێتی بۆئاراسته‌ ڕایگه‌یاند:هه‌رێمی کوردستان له‌بارودۆخێکی هه‌ستیارو پڕ کێشه‌دایه‌، به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئاسۆیه‌کی چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه‌، له‌ناو ئه‌م بارودۆخه‌ خراپه‌دا بارودۆخی ناوخۆی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانیش، به‌ بڕوای من به‌جۆرێکه‌ که‌ کاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر دره‌نگ که‌وتن یان نه‌دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێک بۆ کێشه‌کانی خه‌ڵک بدۆزرێته‌وه‌، چونکه‌ یه‌کێتی هێزێکه‌ که‌ ئه‌گه‌ر له‌باری ئاسایی خۆیدا بێت، به‌ بڕیارێک زۆر له‌هاوکێشه‌کان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت.
له‌ تیف حسێن ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ده‌كات،له‌ئێستا پێموایه‌ یه‌کێتی ده‌توانێت به‌ گفتوگۆو را ور گرتن و سوود وه‌رگرتن له‌ ته‌جروبه‌کانی رابردووی به‌ سوود وه‌گرتن له‌ بیرۆکه‌و فکری حزبیانه‌ی سه‌رۆک مام جه‌لال، هه‌نگاو به‌ره‌و کۆنگره‌یه‌ک بنێت که‌ تێیدا هه‌م کێشه‌ناوخۆیه‌کان و هه‌م باری لاسه‌نگی یه‌کێتی به‌ره‌و چاره‌سه‌رو راست کردنه‌وه‌ ببات، کۆنگره‌ به‌ستن و چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی یه‌کێتی به‌ دروستکردنی کێشه‌ی تر بۆ ئه‌م حزبه‌ نابێت، ته‌ریککردن و ململانێی نێوان سه‌رکردایه‌تی پێش کۆنگره‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌نگاونان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان برینه‌کان قوڵتر ده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ من باوه‌ڕموایه‌ باشترین کارێک له‌ ئێستادا که‌ پێویسته‌ یه‌کێتی ئه‌نجامی بدات، سازدانی گفتوگۆی هه‌ڤاڵانه‌یه‌ که‌ بنه‌مامه‌ی رێبازی مام بێت، بۆئه‌وه‌ی ژینگه‌یه‌ک دروست ببێت که‌ بتوانرێت کۆنگره‌یه‌کی سه‌رکه‌وتوو ساز بکرێت، که‌ له‌ڕێی ئه‌مه‌شه‌وه‌ یه‌کێتی ده‌توانێت بچێته‌وه‌ سه‌ر شا رێی خۆی و خزمه‌تکاری خه‌ڵک بێت و بڕیارو کاری حزبایه‌تی وه‌ک له‌ ڕابردوودا خاوه‌نی سه‌روه‌رییه‌ بۆ داهاتووش ببێته‌ سه‌روه‌ری، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ست که‌وتی تاکه‌که‌سی زیاتر کێشه‌کان به‌ره‌و هێوربوونه‌وه‌ ده‌به‌ن، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بیرکردنه‌وه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت، زیانی گه‌وره‌ به‌ حزبه‌که‌ ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌ر زیانێکیش به‌ر یه‌کێتی بکه‌وێت گومانی تیا نییه‌ پێش هه‌موو که‌س به‌ر سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسه‌کانی ده‌که‌وێت، چونکه‌ وه‌ک مام هه‌میشه‌ ده‌یوت، بیرتان نه‌چێت مانه‌وه‌تان سه‌روه‌ریتان به‌نده‌ به‌ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌وه‌..

كۆنگرەیەكی شەفاف لە خوارەوە بۆ سەرەوە ھەڵبژاردنێكی بێگەرد ئه‌نجام بدرێت

عه‌باس محه‌مه‌دی كادیری یه‌كێتی له‌ خانه‌قینه‌وه‌ بۆئاراسته‌ ڕایگه‌یاند:كۆنگرەیەكی شەفاف لە خوارەوە بۆ سەرەوە ھەڵبژاردنێكی بێگەرد و بەدانانی كۆمەڵێك چاودێری بێ لاێەن بۆ بەرێوەبردنی پرۆسەكە كە بەشێوەیەك بێت چ كەسێك نەتوانێت دەست وەربداتە نێو ئەم پرۆسەیەو گۆڕینی ھەندێك لە بەندەكانی پەیڕەو بۆ ئاسانكار كردنی ھێنانە پێشەوەی كادری گەنج و بوێر و دانانی كۆمیتەی ھەڵسەنگاندنی كادر لەسەر بنەمای سزاو پاداشت و ڕێكخستنەوەی تەواوی ئۆرگانەكان لەسەر بنەمای ڕۆژو مۆدێرن.
عه‌باس محمه‌د ده‌شڵێت:چالاككردنەوەی ئەنجومەنی ناوەند وەك پەرلەمانی ناوخۆیی بۆ ئەوەی بەشێوەی كارا بتوانێت لەگەڵ سەردەم و پێشھاتەكان توانای گۆڕین و داڕشتن و زیادكردنی بەندەكانی پەیڕەوی ھەبێت.


جێگای باسه‌ یه‌كێتی نیشتمانی تا ئێستا سێ جار كۆنگره‌ی خۆی به‌ستوه‌ به‌ڵ‌م به‌ هۆكاری سیاسی و نائارامی دۆخی كوردستان و نه‌خۆش كه‌وتنی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ ساڵی 2012وه‌ نه‌توانراوه‌ كۆنگره‌ ببه‌سترێن له‌ ئێستاشدا به‌ هۆی ڕای جیاوازه‌ له‌ نێو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیدا كادیرانی ئه‌و حیزبه‌ تێكڕا داوای به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كه‌ن بۆده‌ربازبونی دۆخی ئێستای یه‌كێتی.
هه‌روه‌ها ئه‌نحومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتی له‌ دوا كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا داوای له‌ سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی كردوه‌ كه‌ له‌ 4 بۆ6مانگی داهاتو كۆنگره‌ ببه‌ستن،پاشان ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش له‌ دوا كۆبونه‌وه‌ی خۆیدا كاتی ئه‌نجامدانی كۆنگره‌ی دیاری كرد كه‌ ده‌بێت تا سه‌ره‌تای مانگی ئازاری 2018 كۆنگره‌ ئه‌نجام بدرێت.
374 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/17/2017 4:43:58 PM
زیاتر ...