هونەر
لەرێی قاچەکانەوە ژیانی ئاوارەییان پیشان دەدرێت.
 ئاڕاسته‌:به‌شى هه‌واڵ

 بۆ دووەم ڕۆژ لە گەلەری ئەمنەسورەکە بەھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شێوەکاری سلێمانی پیشانگەیەکی شێوەکاری جیاواز کراوەتەوە کە تابلۆی تەنھا قاچەکانی منداڵی تێدا کێشراوە،و شێوەکارەکەش ڕایدەگەیەنێت: ئامانجم دەرخستنی ژیانی منداڵە ئاوارەکانە لە ڕێی قاچەکانەوە،چونکە تەنھا روخسارەکان ناتوانن گوزارشت لە ژیانمان بکەن،بەڵکو قاچەکانیش نمونەیەکی زیندوون بۆ دەرخستی باری گوزەرانمان.

ھەرێم جەمال شێوەکارێکی شاری سلێمانییە و بۆ ماوەی (١٠)مانگ سەرقاڵی ئەنجامدانی پرۆژەیەکی ھونەری دەبێت بە ئامانجی پیشاندانی گوزەران و ژیانی منداڵانی ئاوارەی پارێزگای سلێمانی،وەک خۆی بۆ ئاڕاستە ڕایگەیاند: لەبەر ئەوەی خۆم منداڵیم بەئاوارەیی بەسەر بردووە بۆیە ویستم لە ڕێگەی پیشانگەیەکی ھونەری لە ژێر ناونیشانی(مناڵیم) ژیانی ئەو منداڵە ئاوارانە پیشاندەم.

ئەو شێوەکارە وتیشی: لە ماوەی ئەو(١٠)مانگە من ڕۆشتومەتە نێو ئاوارەکان و دوای ئەوەی یارمەتیـم لە خانەوادەکانیان وەرگرتووە وێنەی قاچی چەندین منداڵم گرتووە و دواتر بەشێوەی تابلۆ لەم پیشانگەیەدا خستومەتەڕوو.

روونیشی کردەوە: تابلۆی ئەو قاچانەی کە کێشاوێتی منداڵانی سوری و ئیزیدی و شەنگالی تێدایە کە ئاوارەی پارێزگای سلێمانین.

لە وڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی قاچەکانی ھەڵبژارد ھەرێم جەمال ئاماژەی بەوەکرد: تەنھا روخسارەکان ناتوانن گوزارشت لە ژیانمان بکەن،بەڵکو قاچەکانیش نمونەیەکی زیندوون بۆ دەرخستی باری گوزەرانمان،من کاتێک گوێم لەو منداڵانە دەگرت زۆر باسی ماندوو بوونی قاچەکانیان ئەکرد و بۆ ئیش و مەکتەب و زۆربەی کات جوڵەکانیان ھەر بە پێ بووە.

لەلایەکی ترەوە لە بۆکسێکدا چەندی جوتە گۆرەوی منداڵی ھەڵواسی بوو سەبارەت بەو کارەشی وتی: گۆرەوییەکان لە منداڵەکانم وەرگرتووە و دەیان فرۆشم بە مەبەستی گەڕانەوەی داھاتەکەی بۆ خۆیان.

463 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/3/2017 2:11:44 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو
  • 24 کاتژمێر
  • هەفتە
  • مانگ