دۆسیە
خه‌وى ناخۆش ده‌بێته‌هۆى چی؟
ڕاپۆرتی: ئیمان زه‌ندى
خه‌و بینین له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكى تر ده‌گۆڕێت, به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ لێره‌دایه‌ كه‌ بۆچى مرۆڤ خه‌و ده‌بینێت؟ ئایا شاره‌زایانى بوارى لێكدانه‌وه‌ى خه‌و چى له‌باره‌ى خه‌و بینینه‌وه‌ ده‌ڵێن؟ هه‌روه‌ها ده‌رونناسان له‌باره‌ى كاریگه‌رییه‌كانى خه‌و بینینى مرۆڤ له‌ڕوى ده‌رونییه‌وه‌ چیمان بۆ ئاشكرا ده‌كه‌ن؟ ئایا دینى ئیسلام چى له‌م باره‌وه‌ ده‌ڵێن؟ مرۆڤ چۆن به‌ره‌نگارى حاڵه‌ته‌ نائاساییه‌كانى ببێته‌وه‌؟ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه‌ خوێنه‌رى ئه‌م ڕاپۆرته‌ى ماڵپه‌ڕى ئاڕاسته‌ بن.
ژنان زیاتر گرنگى به‌خه‌و لێكدانه‌وه‌ ده‌ده‌ن یاخود پیاوان؟
ژنان زیاتر گرنگى به‌لێكدانه‌وه‌ى خه‌ون ده‌ده‌ن وه‌ك له‌پیاوان, چونكه‌ ژنان زیاتر بیر له‌و شتانه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و نایانه‌وێت له‌مێشكیاندا بمێنێته‌وه‌.
سیما عه‌لى ته‌مه‌ن 24 ساڵ له‌باره‌ى خه‌و بینینه‌وه‌و ته‌فسیركردنى خه‌و بۆ ماڵپه‌ڕى ئاڕاسته‌ وتى: من وه‌كو خۆم زۆر بیر له‌خه‌و ناكه‌مه‌وه‌ به‌ڵام ترسیشم هه‌یه‌ له‌هاتنه‌دى به‌س دواتر زو به‌زو له‌بیرى ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ى كار له‌سه‌ر ده‌رونم نه‌كات.
سیما وه‌كو خۆى تیشكى ده‌خاته‌سه‌ر تاڕاده‌یه‌ك بڕواى به‌لێكدانه‌وه‌ى خه‌ون هه‌یه‌ ئه‌ویش لاى كه‌سی شاره‌زا له‌و بواره‌, ده‌شڵێت خه‌ڵكى بۆ زانینى ماناى خه‌وه‌كانیان هه‌نا بۆ كتێب ده‌به‌ن یان كه‌سى شاره‌زا له‌و بواره‌, له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌و ڕایگه‌یاند: من زیاتر بۆ ماناى خه‌ونه‌كان بڕوام به‌كتێبى (ئیبن سیرین) هه‌یه‌, ئه‌وانه‌ى له‌ئێستادا ته‌فسیرى خه‌و ده‌كه‌ن بڕوام پێیان نیه‌ ته‌نها بڕوام به‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌پێى كتێبى كۆن لێكى ده‌ده‌نه‌وه‌, ئه‌وانه‌شى كه‌ له‌بازاڕ ده‌یفرۆشن له‌و بڕوایه‌ نیم ڕاستبن.
پیاوان به‌ڕاده‌یه‌كى كه‌م گرنگى به‌ته‌فسیرى خه‌و ده‌ده‌ن, "چونكه‌ كات بۆ ئه‌و جۆره‌ بابه‌تانه‌ دانانێن"
پیاوان به‌ڕاده‌یه‌كى زۆر كه‌م گرنگى به‌لێكدانه‌وه‌ى خه‌ون ده‌ده‌ن, به‌ڵام له‌هه‌مان كاتتدا بۆ ته‌فسیركردنى خه‌و زیاتر پیاوانن ده‌یكه‌ن.
داریان هه‌ورامى له‌باره‌ى ته‌فسیرى خه‌و ئاشكرایكرد: هه‌مو خه‌و لێكدانه‌وه‌یه‌ك ڕاست نیه‌, به‌ڵام هه‌مو خه‌ونێكى كاریگه‌ر واتاى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌.
ڕاشیگه‌یاند: هه‌مو لێكدانه‌وه‌یه‌كى خه‌و له‌لایه‌ن كه‌سانى شاره‌زاى ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه‌ ڕاست نیه‌, چونكه‌ ئه‌و زانیاریانه‌ى زه‌مانى زوو نه‌ماون تا به‌كارى بهێنن, كوردى خۆمان زیاتر زۆربه‌ى كات گوێ له‌قسه‌ى پێشینان ئه‌گرێت, زۆربه‌ى ئه‌و په‌رتوكانه‌ش كه‌وا باس له‌لێكدانه‌وه‌ى خه‌ون ده‌كه‌ن قسه‌ى پیاوه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانى زه‌مانى زوه‌ بۆنمونه‌ به‌ته‌نها یه‌ك ڕوداوى خه‌و بینین لێكدانه‌وه‌كه‌ى له‌كتێبێكدا نوسیوه‌.
جه‌ختیشیكرده‌وه‌:  ژنان زۆربه‌ى كات په‌نا بۆ ئه‌و كارانه‌ ده‌بات, چونكه‌ زیاتر هه‌ستیارترن و وردتره‌و زیاتر گرنگى به‌ژیانى خۆى ده‌دات چونكه‌ زۆربه‌ى كات له‌شوێنى دوباره‌ داده‌نیشێت بیر له‌و شتانه‌ ده‌كاته‌وه‌, به‌ڵام پیاوان زۆر كات بۆ ئه‌و بابه‌تانه‌ دانانێن هه‌ندێكیشیان بڕوایان پێى نیه‌.
دكتۆرێكى ده‌رونى "خه‌و بینین كار له‌سه‌ر ده‌رونى مرۆڤ ده‌كات"
خه‌و بینین چ خه‌وى خۆش بێت یاخود خه‌وى ناخۆش كار ده‌كاته‌سه‌ر ده‌رونى مرۆڤ, چونكه‌ خه‌وى ناخۆش مرۆڤ توشى حاڵه‌تى ده‌رونى ده‌كات, خه‌وى خۆشیش چاره‌سه‌رى حاڵه‌تى ده‌رونى ده‌كات.
ده‌رونناسێك به‌دو شێواز ته‌فسیرى خه‌و بینین ڕونده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت شێوازێكیان ته‌فسیرى فرۆیده‌ كه‌ تاساڵى 2007 كار به‌م ته‌فسیره‌ كراوه‌, شێوازى دوه‌میان توێژینه‌وه‌ى نوێى زانایانه‌ كه‌ تائێستاش كارى پێده‌كرێت.
ده‌رونناس دكتۆر دانیاڵ سه‌عید له‌باره‌ى ته‌فسیرى فرۆیده‌وه‌ بۆ خه‌و بینین بۆ ئاڕاسته‌ى ڕاگه‌یاند: هه‌تاوه‌كو 2007 له‌سه‌ر ته‌فسیرى فرۆید ده‌ڕۆیشتین كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ئه‌و ڕێگا مه‌له‌كیه‌یى یان ئه‌و ڕێگا شاهانه‌یه‌یى ده‌گه‌ینه‌ نه‌ست وعه‌قڵى باتنى كه‌سه‌كان, واته‌ بزانین عه‌قڵى باتنى كه‌سه‌كان چى تێدایه‌ پێویسته‌ بزانین خه‌وه‌كان له‌باره‌ى چیه‌وه‌ن؟ چۆن خه‌و ده‌بینێت ئه‌و كاره‌كته‌رانه‌ى له‌خه‌وه‌كه‌دا هه‌ن چین؟ بۆنمونه‌ كه‌سێك یاریزانه‌ خه‌و به‌وه‌رزشه‌وان وتۆپ ودوگۆڵى ده‌بینێت یان كاسبه‌ زیاتر خه‌و به‌پاره‌وه‌ ده‌بینێت ...هتد, ئه‌مه‌ تاساڵى 2007 ئێمه‌ له‌سه‌ر ئه‌م ته‌فسیره‌ ده‌رۆیشتین.
ئه‌و ده‌رونناسه‌ له‌باره‌ى شێوازى دوه‌میشه‌وه‌ ڕایگه‌یاند: له‌ساڵى 2007 توێژینه‌وه‌یه‌كى مه‌یدانى گه‌وره‌ كرا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى خه‌وبینین بۆچى ڕوده‌دات؟ دواى ئه‌وه‌ كۆمه‌ڵێك زانا هاتن گه‌شتن به‌و ده‌ره‌نجامه‌ى كه‌ خه‌و بینین زیاتر په‌یوه‌ندى به‌پێكهاته‌ى مێشكى كه‌سه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌, ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ له‌ناو مێشكى كه‌سه‌كه‌ كۆمه‌ڵێك سیگناڵ هه‌یه‌ كه‌ ڕۆژانه‌ ئه‌و كه‌سه‌ چى كردوه‌ هه‌موى به‌سیگناڵ له‌ناو مێشكیدا لێده‌درێته‌وه‌ ئه‌م سیگناڵانه‌ له‌ناوچه‌یه‌كى دیاریكراودا له‌ناو مێشكدا كه‌ تایبه‌ته‌ به‌وبینینه‌وه‌, گه‌ر بێتو ئه‌م سیگناڵانه‌ سیناریۆیه‌ك دروست نه‌كه‌ن ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ببێته‌هۆى ئه‌وه‌ى مێشكى كه‌سه‌كه‌ بته‌قێت, وه‌كو میكانزمه‌ به‌رگرییه‌ك دێت سیناریۆیه‌ك دروست ده‌كات هه‌ندێك له‌و سیگناڵانه‌ له‌ناو مێشكدا سه‌رقاڵ ده‌بن به‌م سیناریۆیه‌وه‌, ئه‌مه‌ش ته‌فسیرى نوێى خه‌و بینینه‌.
خه‌و بینین تاچه‌ند كاریگه‌رى له‌سه‌ر مێشكى كه‌سه‌كان جێده‌هێڵێت؟ ئه‌و ده‌روناسه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت كاریگه‌رییه‌كى زۆر جێده‌هێڵێت چ خه‌وى باش بێت یاخود خراپ: چونكه‌ كه‌سێكت هه‌یه‌ له‌ڕوى ده‌رونه‌وه‌ خه‌مۆكه‌و خه‌وى ناخۆش ده‌بینێت زۆرجار ئه‌شكه‌نجه‌ ده‌درێت ئیهانه‌ ده‌كرێت, بۆنمونه‌ حاڵه‌تم هه‌بوه‌ شڵه‌ژانى ده‌رونى هه‌بوه‌ خه‌وى ناخۆشى دیوه‌ ده‌ڵێت دكتۆر له‌خه‌ومدا ده‌مخنكێنن له‌شوێنى به‌رز فڕێمده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌ یان كه‌سێك به‌دوامه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ شڵه‌ژانه‌كه‌ى زیاتر ده‌كات.
ئایا ئه‌و كه‌سه‌ى شڵه‌ژانى ده‌رونى هه‌یه‌ خه‌وى خۆش ببینێت ده‌بێته‌هۆى باشتربونى ده‌رونى؟ ئه‌و وتى: به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه‌, چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ رۆژى داهاتو گه‌شبینتر ده‌بێت ئه‌و حاڵه‌ته‌ى بیرده‌چێته‌وه‌.
له‌باره‌ى ڕێنمایی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى خه‌وى ناخۆش ده‌بینن دكتۆر دانیاڵ ڕایگه‌یاند: نابێت كه‌سێك ڕاستى ژیانى خۆى له‌سه‌ر ئه‌ساسى خه‌و بینین بنیاد بنێت, بۆنمونه‌ نابێت خه‌وت بینیوه‌ رقت له‌كه‌سێك بوه‌ بێت له‌ڕاستیشدا ڕقت لێیبێته‌وه‌, دوه‌میش ئه‌وه‌یه‌ مرۆڤ هه‌تا ڕێكوپێك بخه‌وێت خه‌وى باش ده‌بینێت, هۆكاره‌كانى خه‌وى ناخۆش ئه‌مانه‌ن (جێى نه‌گونجاو, نانخواردنى زۆر پێش خه‌و, سه‌رماو گه‌رما, تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان مانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ, خه‌وى پچڕ پچڕ).
شاره‌زایه‌كى بوارى ته‌فسیرى خه‌و ده‌ڵێت "خه‌ڵكى زۆر گرنگى به‌لێكدانه‌وه‌ى خه‌ون ده‌ده‌ن, ته‌نانه‌ت عه‌ره‌بیش بۆ لێكدانه‌وه‌ى خه‌و پرسیارم لێده‌كه‌ن"
خه‌وتن بریتیه‌ له‌ئاشتبونه‌وه‌ى مرۆڤ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌ى خۆى, واته‌ ڕێكخستنه‌وه‌ى هه‌مو ئه‌ندامه‌كانى له‌شه‌و حه‌وانه‌وه‌یان.
شاره‌زایه‌كى بوارى ته‌فسیرى خه‌و له‌باره‌ى خه‌و بینینه‌وه‌ ده‌ڵێت خه‌و چه‌ند جۆرێكى هه‌یه‌, خه‌یاڵ وڕاسته‌قینه‌(روئیا)و جنۆكه‌و شه‌یتانه‌كان(حلم), ته‌نها مرۆڤ نیه‌ خه‌و ده‌بینێت به‌ڵكو هه‌ندێك له‌ئاژه‌ڵانیش خه‌و ده‌بینێت. هه‌روه‌ها هه‌مو كه‌سێك خه‌و به‌ڕه‌نگاوڕه‌نگ(مله‌وه‌ن) نابینێت هه‌یه‌ به‌ره‌شوسپى خه‌و ده‌بینێت.
فه‌رهام نادر ناوى خوازراوى شاره‌زایه‌كى بوارى ته‌فسیرى خه‌وه‌ له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك تاچه‌ند گرنگى به‌ته‌فسیرى خه‌و ده‌ده‌ن؟ ئه‌و بۆ ئاڕاسته‌ى ئاشكراكرد: له‌ڕاستیدا خه‌ڵك زۆر گرنگى به‌ته‌فسیرى خه‌و ده‌ده‌ن, هه‌رگیز ئه‌م گرنگیه‌ش كه‌م ناكات چونكه‌ كاتێك خه‌و ئه‌بینرێت كار له‌و كه‌سه‌ ده‌كات چ خه‌وه‌كه‌ باش بێت یاخود خراپ هه‌وڵ ده‌دات ماناكه‌ى بزانێت, خۆى له‌ڕاستیدا مێشك وده‌رونى مرۆڤ كار له‌خه‌و ده‌كه‌ن بۆنمونه‌ ده‌ڵێن كه‌سێك نه‌خۆشى ده‌رونى هه‌یه‌ ئه‌و كه‌سه‌ هه‌میشه‌ خه‌وى ناخۆش وكابوس ده‌بینێت, یان كه‌سێك توشى كێشه‌یه‌ك ده‌بێت خه‌وه‌كانیشى ناخۆش ده‌بن.
وتیشى: بۆنمونه‌ كچێك كوڕێكى خۆشده‌وێت ئه‌و خه‌و ده‌بینێت كه‌ جلى بوكێنى پۆشیوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ خۆشى ده‌وێت واته‌ بیركردنه‌وه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر خه‌وه‌كانى ئه‌م كه‌سه‌ ئه‌م خه‌وانه‌ش به‌به‌تاڵ هه‌ژمار ده‌كرێت واته‌ مانا نابه‌خشن. 
ئه‌و شاره‌زایه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ له‌رۆحانیه‌تا نه‌خۆشى ده‌رونى بونى نیه‌ ئه‌و ده‌ڵێت  ده‌رون له‌لایه‌ن جنۆكه‌وه‌ ده‌شێوێنرێت هه‌ر ئه‌وه‌ش وا ده‌كات ئه‌و كه‌سه‌ خه‌ونى ناخۆش ببینێت,"چونكه‌ بینه‌رى خه‌و كاتێك هه‌ڵده‌ستێت هه‌ست به‌ماندویه‌تى ده‌كات له‌جیاتى ئه‌وه‌ى ماندویه‌تى شكابێت".
ڕایگه‌یاند: خه‌ویشمان هه‌یه‌ ڕاست و دروسته‌ واته‌ هه‌رچى ببینێت وه‌كو خۆى ڕوده‌ده‌ن ئه‌مه‌ روئیایه‌ كه‌ قه‌رینه‌كان كاریگه‌رییان هه‌یه‌, قه‌رین چیه‌؟ كاتێك مرۆڤ له‌دایك ده‌بێت له‌سه‌ر شانى ده‌بێت تا ئه‌و كاته‌ى ده‌مرێت.
هه‌روه‌ها له‌باره‌ى ته‌فسیرى ناوكتێبه‌كانه‌وه‌ فه‌رهام ڕایگه‌یاند: لێكدانه‌وه‌ى خه‌و موڵكى كه‌س نیه‌, كتێب زۆرن بینه‌رى زۆرێك له‌موفه‌سیره‌كانم كردوه‌ وه‌كو ابن سیرین ئیمام جه‌عفه‌رى سادق...هتد, به‌ڵام پشت به‌ستن به‌كتێب كارێكى باش نیه‌ چونكه‌ ته‌فسیره‌كان جیاوازن لێكدانه‌وه‌كان به‌پێى سه‌رده‌مى خۆیانكراوه‌, من له‌سه‌ر كتێب خه‌ون لێكناده‌مه‌وه‌ به‌ڕاى خۆم ده‌یڵێم چونكه‌ خه‌و نه‌زانسته‌ نه‌فه‌لسه‌فه‌ ته‌نها پێشبینییه‌.
دینى ئیسلام چى له‌باره‌ى خه‌وبینینه‌وه‌ ده‌ڵێت؟
مامۆستا موحسین مه‌حمود وتارخوێنى مزگه‌ت له‌وباره‌به‌وه‌ وتى: خه‌وى باش دروسته‌ بگێڕدرێته‌وه‌ بۆ كه‌سى شاره‌زا بۆئه‌وه‌ى به‌ڕاستى خه‌وه‌كه‌ت بۆ لێكبداته‌وه‌.
ڕاشیگه‌یاند: به‌ڵام خه‌وى خراپ دروست نییه‌ بۆ كه‌س بگێڕدرێته‌وه‌، به‌ڵكو په‌نا ده‌گرێت به‌خواى گه‌وره‌ له‌زیان وزه‌ره‌رى.
818 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/14/2017 10:28:01 AM
زیاتر ...