هەواڵ
كۆسره‌ت ره‌سوڵ: یه‌كێتی له‌سه‌ر رێبازی مام درێژه‌ به‌خه‌بات ده‌دات
به‌شی هه‌واڵ
ئه‌مڕۆ 2017/10/12 كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌گای تایبه‌تی خۆی له‌ سلێمانی پێشوازیكرد له‌ حه‌مید ده‌روێش سكرتێری حزبی دیموكراتی پێشكه‌وتنخوازی كورد له‌ سوریاو وه‌فدێكی هاوڕێی كه‌ پێكهاتبوون له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه‌.
له‌ دیدارێكدا وه‌فدی میوان جارێكی تر به‌ناوی خۆیان و حزبی پێشكه‌وتنخوازی كورد له‌ سوریاو گه‌لی كورد له‌ رۆژئاواو پرسه‌و هاوخه‌می خۆیان به‌بۆنه‌ی كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لال رابه‌ری بزوتنه‌وه‌ی رزگاری خوازی كوردو سه‌رۆك كۆماری پێشوی عیراق گه‌یانده‌ جێگری سكرتێری گشتی و رایانگه‌یاند: به‌ له‌ده‌ستدانی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ له‌ دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان كه‌وت كه‌ هه‌رگیز بۆمان قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌.
له‌ به‌شێكی تری دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا به‌وردی باسیان له‌ هه‌لومه‌رجه‌ سیاسی كوردستانیان له‌هه‌ردوو به‌شی باشوور و رۆژئاوا كردو له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌وباوه‌ڕه‌دابوون كه‌ داهاتوویه‌كی پرشنگدار چاوه‌ڕوانی دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان ده‌كات به‌تایبه‌ت پاش ئه‌نجامدانی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ریفراندۆم له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و ناوچه‌ كوردستانیانه‌ی كه‌ كه‌وتونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێم.
له‌ به‌رامبه‌ردا جێگری سكرتێری گشتی ی.ن.ك سوپاسی وه‌فدی میوانی كرد بۆ ئه‌و سۆز و خۆشه‌ویستییه‌ی كه‌ به‌رامبه‌ر هه‌ڤاڵ مام جه‌لال هه‌یانه‌و دڵنیای كردنه‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستاو داهاتووشدا یه‌كێتی له‌سه‌ر رێبازی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال درێژه‌ به‌خه‌بات و تێكۆشانی خۆی ده‌دات هه‌تا به‌دیهێنانی ته‌واوی ئامانجه‌ نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان، هه‌روه‌ك ستایشی خه‌بات و تێكۆشانی حزبی دیموكراتی پێشكه‌وتنخوازی كورد له‌ سوریاو ته‌واوی هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌ تێكۆشه‌ره‌كانی رۆژئاوای كرد بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ مه‌زنانه‌ی له‌به‌رامبه‌ر تیرۆریستانی داعش و ته‌واوی دوژمنانی گه‌لی كورد به‌ده‌ستیان هێناوه‌.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا وه‌فدی میوان سوپاسی زۆری كۆسره‌ت ره‌سوڵیان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی لێیان كرا.

راگه‌یاندنی جێگری سكرتێری گشتی
418 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/12/2017 3:25:05 PM
زیاتر ...