هەواڵ
تاقیكردنه‌وه‌كانی (IELTS) له‌ هه‌رێمی كوردستان دوانه‌خراون
به‌شی هه‌واڵ
له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی دامه‌زراوه‌ی بریتش كانسڵ (British Council) ئاماده‌یی نیشاندا بۆ فراوانكردن و زیادكردنی هه‌لی تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) له‌ سێنته‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ك له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی نوانستی زمانی ئینگلیزی (IELTS) دڵنیایی درایه‌ سه‌رجه‌م كاندیدان و خوێندكاران، كه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له‌ سێنته‌ره‌كاندا له‌كات و ساتی دیاری كراوی خۆیدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هیچ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك دواناخرێت.
عه‌باس ئه‌كره‌م وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ لێدوانێكدا ڕایگه‌یاند، دوای ئه‌وه‌ی ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ڕیفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زمانی ئینگلیزی كێشه‌ی بۆ دروستبوه‌، ڕۆژی چوارشه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (١١/١٠/٢٠١٧) له‌دیوانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ستافی وه‌زاره‌ت و نوێنه‌ری بریتش كانسڵ (British Council)  بۆ تاوتوێكردنی تاقیكردنه‌وه‌كانی توانستی زمانی ئینگلیزی (IELTS) به‌ڕێوه‌چوو.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ڕایگه‌یاند: لهو‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا ڕه‌تكرایه‌وه‌ كه‌به‌هۆی ریفراندۆمی هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌كانی (IELTS) دروست بووبێت و ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ش دورن له‌ ڕاستییه‌وه‌، هه‌روه‌ك جه‌ختیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ سه‌رجه‌م تاقیكردنه‌وه‌كانی (IELTS) له‌و كات و شوێنانه‌ی ده‌ستنیشان كراون وه‌ك خۆی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و دڵنیایی كاندیدانی خوێندنی باڵا و خوێندكاران ده‌كه‌ین كه‌ هیچ واده‌یه‌كی تاقیكردنه‌وه‌كان دواناخراوه‌.
عه‌باس ئه‌كره‌م ڕاشیگه‌یاند هه‌ر له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌‌دا بڕیاردرا كه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو كۆبونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ له‌گه‌ڵ ستافی بریتش كانسڵ به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی فراوانكردن و زیادكردنی هه‌لی تاقیكردنه‌وه‌ی (IELTS) له‌ سێنته‌ره‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌بچێت، له‌م باره‌یه‌وه‌ دامه‌زراوه‌ی (British Council) ئاماده‌یی خۆی نیشان داوه‌ بۆ فروانكردنی زیاتری ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵاو توێژینه‌وه‌ی زانستی
142 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/12/2017 2:49:22 PM
زیاتر ...