زانست
کوردستان بوو بەخاوەن ڕۆبۆتی ئەلیکترۆنی
ئاڕاستە: ئیمان زەندی


گەنجێک بەناوی فەرەیدوون یاسین ناسراو بەفەریدوون گوڵپی توانی پلەی یەکەم لە(یەکەمین ڤیستیفاڵی تەکنەلۆجێ ڕۆبۆتێک لەکوردستان) لەلایەن رێکخراوى تێک ئای techeye لەژێر چاودێرى کونسڵى کۆریاى باشوور بەدەست بهێنێت. 
 
فەریدوون گۆڵپی لەدایکبوی هەورامانە بەڵام لەئێستادا نیشتەجێی شاری سلێمانییە، ئەو گەنجە دەرچوی زانکۆی زمانی ئینگلیزییەو بەڵام وەکو خۆی ئاماژەی پێدەکات بیرۆکەی ئەم پڕۆژەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر ئەوەش دەڵێت خولیای من بۆ ئەم کارە دەگەڕێتەوە بۆ حەزی منداڵیم.

گوڵپی لەگفتوگۆیەکی تایبەت بۆئاڕاستە لەبارەی ئەم پڕۆژەوە ڕایگەیاند: سەرەتاى بیرۆکەى ئەم پرۆژەیە(رۆبۆتە) دەگەرێتەوە بۆ ساڵێک لەمەوبەر، ئەم ئامێرە(رۆبۆتە) ناوى High  precision 3D) printing, plotting and  CNC machine) ئەم ئامێرە بەشێوەی رۆبۆتێک کار دەکات کە لەرێی کۆمپوتەرەوە کۆنترۆڵ دەکرێت و بەرنامەریژی بۆ دەکرێت بەهۆی سۆفتوێرێکی تایبەتەوە، هەروەها دەتواندرێت بۆ هەر سێ مەبەستی برین وهەلکۆڵین وپرێنتکردن بەکاربهێنرێت.

ڕاشیگەیاند: بەشداریکردنمان لەفیستیڤاڵێکى لەو شێوەیەدا کە لەسەرتاسەرى کوردستاندا تەنها ۲۷ پرۆژە قبوڵکرابوون کە توانیم پلەی یەکەم بەدەست بهێنم بەهاوکارى هاورێی بەڕێزم (مامۆستا هەڵگورد نەوزاد) کە هەوڵەکانمان چرترو خێراترکرد بۆ تەواوکردنى ئامێرەکە، لەکۆتاییدا هیوادارم بتوانین سوود بە کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان بگەیەنین لە رێگەى دروستکردنى ئەم ئامێرەوە.

فەرەیدوون هەورامی باس لەوەش دەکات بۆ ئاڕاستە کە ئەم ڕۆبۆتە دەتوانرێت بەسێ دوری و پلۆتکردن بەشیوەی دوو دوری بەکاربهێندرێت بەپێی ویستی بەکارهێنەر، ئەو لەبارەی پارچەکانەوە وتی: پارچە پێویستەکانی لەدەروەی کوردستان بۆم پەیدا کردوە.
 
کارەکانى ئەم ئامێری ڕۆبۆتە پێکدێت لەچی؟ ئەو گەنجە ئاشکرایکرد: 
ئەم ئامێرە دەتواندریت بۆ ٤ مەبەستی جیاواز و تایبەت بەکاربهێندرێت، بەشێوەیەک دیزاینکراوە کە دەتوانێت بەگۆرینی تەنها بەشێکی ئامێرەکە بەتەواوەتی وەک ئامێرێکیتر کاربکات لەگەڵ هێشتنەوەی تەواوی بەشەکانیتری بێ دەستکاری بکرێت (تەنها گۆرانکاری لەبەشێکی میکانیکیدا دەکرێت).

ئەو زیاتر دوا: دەتوانرێت وەک ٤ ئامێری سەربەخۆ کاری پێبکرێت بەم شێوەیەی خوارەوە 
١. ئامێری برینی سێ دووری: لەبەشی میکانیکی ئامێرەکەدا درێل بەکاردەهێندرێت ولەم کاتەشدا ئامێرەکە توانای برینی ئەم مادانەی هەیە بەشێوەی سێ دوری 
(تەختە، ئەکریلیک، پلاستیک، پی سی بی، ئەلەمنیۆم).
٢. ئامێری پرینتەری سێ دووری: لەبەشی میکانیکی ئامێرەکەدا(ئێکسترودەر) بەکاردەهێندرێت لەم کاتەشدا ئامێرەکە توانای پرێنتکردنی هەیە بەشێوەی سێ دووری بەماددەی پلاستیک و ئەی بی ئێس چەندین جۆر ماددەی تر.  
٣. ئامێری بڕین بەلەیزەر: لەبەشی میکانیکی ئامێرەکەدا لەیزەری لێ دەبسترێت وبەکاردەهیندرێت بۆ برین وهەلکۆلینی چەندین ماددە، جیاوازی لەگەڵ برین بەدرێل ئەوەیە کە بەخێراییەکی زیاتر کاردەکات و توانای برینی بەئاراستەی سێیەم زیاترە.
٤. ئامێری پلۆتەر: لەم بەشەدا پێنوسی تایبەتی بەکاردەهێندرێت بۆ نوسین و وینەکیشان بەشیوەیەکی تایبەتی، بۆ زۆر مەبەستی هونەری بەکاردەهیندرێت.

2076 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/21/2017 10:28:20 AM
زیاتر ...