هونەر
یاتر لە۲۰ ساڵە نابینایەک کاری چنین دەکات
ئاڕاستە: ئیمان زەندی

سەبری حەمە نوری خەڵكی هەڵەبجەی شەهیدەو لەئێستادا ژیان لەقەزای شارەزور بەسەردەبات، هەرچەندە ماوەی زیاتر لە۲۰ ساڵە بینایی لەدەستداوە، بەڵام ئەو لەكاری چنین نەوەستاوە.


سەبری لەدایكبوی ساڵی۱۹۷۱ەو لەهەڵەبجەی شەهید چاوی بەدونیا هەڵهێناوە‌و لەساڵی ۱۹۸۸ەوە دەستی بەكاری چنین كردوە، لەبارەی سەرەتای كاری چنینەوە سەبری بۆ ئاڕاستەی ئاشکراکرد: یەكەمجار هەرنەشم دەزانی قولاپ بگرم، سەرەتا لەگەڵ چەند كچێك كە پورزاو ئامۆزا بوین بەبێتاقەتی دانیشتبوین شیشی چنینیان هێنابو بەڵام ئەوان لەپەیمانگای هونەرە جوانەكان بون لەمن گەورەتر بون، لەگەڵ ئەوان دەستم پێكرد ئەوان دەستیان لێهەڵگرت بەڵام من هەربەردەوام بوم.

ئەو بەهرەمەندە لەبارەی كاری چنین لەگەڵ نابیناییەكەی ئەوەی ئاشكراكرد كە سەرەتای کاری چنینی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ۱۹۸٨، بەڵام ئەو ڕایگەیاند کە لەساڵی ۱۹۹۳ بەتەواوەتی فێربوەو توانیویەتی كاری چنین بۆ خزم‌و دراوسێ‌و دەرەوەو ماڵەوە بكات هەر وەكو دیارە تائێستاش بەردەوامە.

سەبری زیاتر لەوبارەوە دوا: هیچ كەس فێری نەكردوم، بەڵام لەسەر شتی كۆن  كە بەخوری چنرابون هەڵم دەوەشاندنەوە‌و بۆ ماوەی دومانگ بەردەوام بوم تا وردە وردە سەرەتاییەكەی فێربوم سوپاس بۆ خودای گەورە ئەو بەهرەیەی پێبەخشیم، دواتر لەساڵی ۱۹۹۳ بەفەرمی دەستم پێكرد.

سەبری لەتەمەنی ۱٥-۱٦ ساڵی بینایی لەدەستداوە ئەو نەیویست هۆكارەكەی رونبكاتەوەو وتی: تاشەشی سەرەتاییم خوێندوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بینایم لەدەستدا نەمتوانی درێژە بەخوێندن بدەم ئەگەرنا ئێستا بڕوانامەی زانكۆم بەدەستهێنابو، چونكە هەمو ساڵێك بەیەكەمی قوتابخانەكەمان دەردەچوم.

هاوكات لەبارەی ئەوەی چۆن توانیویەتی بەردەوامی بدات بەكاری چنین ئەو بەنمونەوە رایگەیاند: گەر نابینا بیت تەنها دەبیت، كەسیش نەبێت قسەی لەگەڵ بكەیت ناڕەحەت‌و بێزارو بێتاقەت دەبیت، بۆ نمونە داهێنەرانی جیهان لەبێزاری‌و تەنیایی خۆیاندا فێری داهێنان بون‌و بون بەزانا منیش هەروەكو یەكێك لەوانە لەتەنیایی خۆم پەرەم بەكارەكەمداوە.

سەبری دەڵێت نزیكەی هەزار پارچەم كردوە بەشیش‌و قولاپ، هەروەها دەشڵێت گرفتم نیە هەر شتێك ناوی چنینی لێبێنیت لەسوژنەوە تابچوكترینیان كە زەنگیانەیە هەموی دەزانێت، بۆ فێربونیان ڕایگەیاند: وەكو وتم شتی كۆنم هەڵدەوەشاندەوەو هەروەها بەهەستی دەستیش، هەروەها هەندێكی بۆ چنیان دو كاتژمێرم پێدەچو دو رۆژو هەفتە بەپێی پارچەكان.

هەروەها لەبارەی ئەوەی كێ یارمەتیدەرتە لەبڵاوكردنەوەی پارچە چنراوەكانت ئەو بەهرەمەندە ئاشکرایکرد: خوشكەكانم‌و براژنەكانم، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی رەنگەكان خۆم دەچم دەیكڕم زۆرجار حەزم كردوە بۆ رەنگەكانیش راوێژ بەمنداڵێكی بچوك بكەم.

سەبری حەمە نوری پڕۆسەی هاوسەرگیری پێكنەهێناوەو دەشڵێت ئامادەییم تێدا نیە بۆ ئەو پڕۆسەیە هەر بیریشم لێنەكردوەتەوە.

وەلی باری دارایی ئەم خاتونە نابینایە مامناوەندە بەڵام ئاواتە خوازە كەسێك یاخود لایەنێك هەبێت پشتیوانی بكات، لەوبارەوە ڕوونیکردەوە: تائێستا سێجارە پێشانگام بۆ بكرێتەوە ئەویش سوپاسی بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری هونەری شارەزور دەكەم كە ئەم كارەی گرتە ئەستۆی.

لەبارەی ڕێکخراوی نابینایانیشەوە ئەو وتی: خۆم داوای یارمەتیم لێیان نەكردوە چونكە ئەركم گران نیەو پێویستیم پێیان نیە، بەڵام ئەوەی پێویستیم پێبێت پارەی خاوەن پێداویستیەكەیە ئەویش بەهۆی قەیرانەوە چەند مانگە دواكەوتوە.
وتیشی: هەتا لەژیاندا بم بەردەوام دەبم لەم كارە، چونكە ئەم كارە فێری خۆڕاگری كردوم، گەر ئەو كارە نەبوایە ئارامم نەبو چونكە سەرقاڵم دەكات، لەهەمانكاتدا زۆرمان بیستوە لەملاولا كە لەبێزاریدا زۆر كەس خۆیان كوشتوە.

548 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/16/2017 10:17:08 PM
زیاتر ...