دۆسیە
یه‌كێتی و پارتی ده‌توانن په‌رله‌مانی كوردستان كارابكه‌نه‌وه‌؟
ڕاپۆرتی عه‌بدول نه‌جم

نزیكه‌ی‌ دوو ساڵه‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان په‌كخراوه‌، له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان هه‌وڵدرا بۆ كاراكردنه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام تائێستا سه‌رجه‌میان بێ ئه‌نجام بوون ،له‌ كۆبونه‌وه‌ی30 ته‌مموزی‌ ئه‌مساڵ ئه‌نجومه‌نی‌ باڵای‌ ریفراندۆم كۆبوویه‌وه‌و بڕیاریدا په‌رله‌مان له‌ماوه‌ی‌ دوو هه‌فته‌دا كارابكرێته‌وه‌.

لایه‌نه‌كان له‌سه‌ركاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بۆئاڕاسته‌ ئاشكرای ده‌كه‌ن پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌بێت ڕێككه‌وتنی سیاسی هه‌بێت پاشان په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه‌ ،گه‌ر گۆڕانیش نه‌یه‌ته‌ پێش بۆكۆبونه‌وه‌ ئاوا قۆناخێكی نوێ قسه‌ی له‌سه‌ رده‌كرێت.

پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پرسه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ئابوریه‌كان ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت
سه‌باره‌ت به‌ كارانه‌كردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان كه‌ بڕیاری لێدرابوو،مونیره‌ عوسمان ئه‌ندام په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ لێداوانێكی تایبه‌تدا بۆئاڕاسته‌ ڕایگه‌یاند:پێش كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان پرسه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و كێشه‌ئابوریه‌كان ده‌بێت چاره‌سه‌ربكرێت ئه‌و كات بیرله‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێته‌وه‌.



سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پارتی دیموكرات داوای كۆبونه‌وه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆران كردوه‌ به‌لام گۆڕان تا ئێستا وه‌لأمی پارتی نه‌داوه‌ته‌وه‌،مونیره‌ عوسمان ووتی:ڕاگه‌یه‌ندراوی كۆتایی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان وه‌لأمێكه‌ بۆهه‌موو لایه‌نه‌سیاسیه‌كان كه‌ درگای والاكردوه‌ بۆكۆبونه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئێمه‌ین چاوه‌ڕیی هه‌نگاوی پارتی ده‌كه‌ین تا گفتوگۆ له‌سه‌ر پرسه‌كان بكه‌ین و چاره‌سه‌ریان بكه‌ین.

پارتی و لایه‌نه‌كان بی گۆڕان ده‌توانن په‌رله‌مان كارابكه‌نه‌وه‌
له‌ئه‌گه‌ری نه‌هاتنه‌ پێشه‌وه‌ی گۆراندا ئه‌گه‌رهه‌یه‌هه‌نگاویك هه‌بێت بۆكاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بێ گۆران،ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌ی گۆران ووتی:هه‌موو هێزێك ئازاده‌ چۆن هه‌نگاو ده‌نێت به‌لأم پارتی و لایه‌نه‌كان بی گۆڕان ناتوانن په‌رله‌مان كارابكه‌نه‌وه‌ و زۆر ئه‌سته‌مه‌،ئه‌گه‌ر پارتی دیموكرات بیتوانیا بێ گۆڕان په‌رله‌مان كارابكاته‌وه‌ ئه‌وا دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌نا به‌لأم پارتی خۆشی ده‌زانێت بێ گۆران نیسابی یاسایی بۆته‌واو ناكرێت.

ده‌بێت لایه‌نه‌كان شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن به‌رانبه‌ر یه‌كتر ڕابگرن
دكتۆر شوان قه‌ڵادزه‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت بۆئاڕاسته‌ سه‌باره‌ت به‌ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان رایگه‌یاند:ده‌بێت لایه‌نه‌كان شه‌ڕی ڕاگه‌یاندن به‌رانبه‌ر یه‌كتر ڕابگرن و له‌سه‌رمێزی دیالۆك كێشه‌كان بخرێته‌ ڕوو چاره‌سه‌ری بكه‌ن نه‌ك له‌ ڕێگای فه‌یسبوك و ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ وه‌لامی نابه‌جێی یه‌كتر بده‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌كات.



پارتی و یه‌كێتی هه‌موبیانویه‌كیان بڕیوه‌ بۆكاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ده‌شڵێت:پارتی و یه‌كێتی هه‌موبیانویه‌كیان بڕیوه‌ بۆكاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و هیچ مه‌رجێك نه‌خراوه‌ته‌ ڕوو هه‌ربۆیه‌ پێویسته‌ براده‌رانی گۆرانیش به‌ نوسراوی ڕه‌سمی وه‌ڵامی پارتی بده‌نه‌وه‌ و كۆببنه‌وه‌ تا كێشه‌كان زیاتر قوڵ ترنه‌بنه‌وه‌،وه‌ده‌بێت لایه‌نه‌كان جه‌ماوه‌ر ئاشت بكه‌نه‌وه‌ و چاككردنی بژێوه‌ی خه‌ڵكیش پێش هه‌ركارێكی تره‌ كه‌ دێته‌ پیش .
له‌ كۆتایدا شوان قه‌ڵادزه‌یی وتیشی:له‌ دۆخێكداین لایه‌نه‌كان متمانه‌یان به‌یه‌كتر نه‌ماوه‌ و به‌رده‌وام له‌ ڕاگه‌یاندوه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریه‌كتر كه‌ ئه‌وه‌ش دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزترده‌كات و كێشه‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی تردا ده‌به‌ن،هیواداریشین لایه‌نه‌كان له‌به‌ربه‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌وڵه‌كانیان چر بكه‌نه‌وه‌ و دۆخه‌كه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆدۆخی ئاسایی و ئاشتی وته‌بایی تا كار له‌ كار نه‌ترازاوه‌.


زۆرێک لەلایەنەکان هەوڵدەدەن هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی کوردستان کارا بکەنەوە، ئەگەر گۆڕان قایل نەبوو بە کاراکردنەوەی بێمەرج، پارتی، یەکێتی، یەکگرتوو ، پێکهاتە و حیزبەکانی دیکە بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمان کارا دەکەنەوە و دەرکردنی یاسای گشتپرسی ئەولەویەتی کاری پارلەمان دەبێت. 

یەک مانگە پارتی بە رەسمی داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە گفتوگۆ بکەین
ئومێد خۆشناو ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستانیش  ڕایگه‌یاندوه‌، یەک مانگە پارتی بە رەسمی داوای لە بزووتنەوەی گۆڕان کردووە گفتوگۆ بکەین، کەچی ئەوان لە راگەیێندراوێکدا لەدوای کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی وەڵامیان داینەوە، ئێمە بە راگەیێندراو ناگەینە دەرەنجام ، چاوەڕێ دەکەین کۆببینەوە، بەشێوازی دیکەیش و بەبێ گۆران پەرلەمان کارادەبێتەوە، چاوەڕوانی ئێمەیش سنووری هەیە لەبارەی وەڵامی بزووتنەوەی گۆڕانه‌وه‌ چونكه‌ پارتی له‌ رۆژی 17-7-2017 به‌ڕه‌سمی پەیوەندی بە گۆڕانەوە کردوه‌ وڕایگه‌یاندوه‌ ئیدی کاتی ئەوەیە پێکەوە دابنیشن.



گلۆپی سەوزی بۆ گۆڕان پێکردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە
جێگای باسه‌،پارتی دەڵێت نەرمی نواندنی بەرامبەر گۆڕان بۆ سەرخستنی گشتپرسییە، کە بڕیارە لە 25ی مانگی داهاتوو ئەنجامبدرێ. ئەو حیزبە ئێستا گلۆپی سەوزی بۆ گۆڕان پێکردووە بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە. بەرپرسانی پارتیش دەڵێن ، کۆتایی هەفتەی داهاتوو دوا وادەیە بۆ گۆڕان، گەر نەیەتە پێش دەرگای پەرلەمان بەبێ گۆڕانیش دەکرێتەوە.

319 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/17/2017 10:03:22 AM
زیاتر ...