هەواڵ
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: ئەركی بەغداو هەرێمە ئێزدییە رفێنراوەكان بدۆزنەوە
 ئاڕاستە

 جێگری سەرۆكی هەرێم لەساڵیادی جینۆسایدی ئێزدیەكان رایگەیاند: ئەركی حكومەتی عیراق و هەرێمە لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەو چارەنوسی رفێنراوەكان، هاریكار بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و پاراستنی سەروماڵیان و قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوییان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان لە هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكاندا پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاند: سەری رێزو نەوازش بۆ سەرجەم قوربانیانی ئەم كارەساتە مرۆییە دادەنەوێنم كە بە شێوەیەكی بێویژدانانە دوور لە بنەماكانی ئەخلاقی، ئایینی، مرۆڤایەتی، كەوتنە بەر هێرش و پەلاماری تیرۆرستانی داعش و بێ جیاوازی لەنێوان ژن و پیاو، گەنج و پیر، منداڵی ناو بێشكە، هەموویان كۆمەڵكوژ كران و شوێنە پیرۆز و مێژووییەكانیان لێ خاپوور كران و بەهەزارەها كچ و ژنیان لێ رفێنراو لە خاك و شوێنی خۆیان ئاوارەو دەربەدەر بوون.

جێگر سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەشڵێت: جینۆسایدكردنی برا ئێزدییەكان لەشەنگال هاوشێوەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی نەتەوەكەمان ئازارو برینەكانی دووبارە بەخشیەوە بە هەموو تاكێكی كورد، جێبەجێكردنی رێككەوتنامەی شەنگال گرنگە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ناوچەكە هیواخوازم زەمینەیەكی لەباری بۆ بڕەخسێ و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەركی سەرشانی حكومەتی عیراق و هەرێمە لە هەوڵەكانیان بەردەوام بن بۆ دۆزینەوەو چارەنوسی رفێنراوەكان، هاریكار بن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان و پاراستنی سەروماڵیان و قەرەبووكردنەوەی ماددی و مەعنەوییان.

راشیگەیاند: گرنگە رێكخراوە مەدەنییەكان بە تایبەت رێكخراوەكانی ژنان بەردەوام بن لەو چالاكییانەی كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی ئەو كاریگەرییە نەرێنییانەی كە لە دەروون و جەستەی هەر تاكێكیان دروست بووە لە بەرامبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی كە بەسەر كچ و ژنەكانیان داهاتووە.

115 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/3/2022 12:16:22 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو