دۆسیە
بۆچی سه‌در بڕیاره‌ قورسه‌كه‌ی جێبه‌جێكرد
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

لە دوو رۆژی رابردوودا فراكسیۆنی سەدر لە پەرلەمانی عێراق دەستیان لەكاركێشایەوە ، نوسه‌ران و چاودێرانی سیاسیش بۆچۆنی خۆیان و لێكدانه‌وه‌ی خۆیان بۆبریاره‌ قورسه‌كه‌ی موقته‌دا سه‌دری ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در خستۆته‌ڕوو ئامانجی ئه‌و بریاره‌ش ئاشكراده‌كه‌ن.

سەدر ئەو بڕیارەی بۆ دوو ئامانج داوە

نوسه‌رو چاودێر عەبدولواحێد محەمەد ده‌ڵێت"بە گرنگی دەزانم قسەیەك لەسەر دوا بڕیار  و ئاكامەكەی سه‌در بكەم، هەرچەندە بڕوام وایە، ئەمە دەرچونەكی لە ناكاو نەبوو بەلكو چاوەڕوان كراو بوو، بە حوكمی ئەوەی ئەو ئامانج و ئاواتەی ئەو  پیاوە كردبوویە وێردی سەر زمانی خۆی و وڕكی لێداگرتبوو نەهاتە دی، بێگومان بە وانەی ئەمجارە شەراكەتیشی لەگەڵدا كردبوون، ئەوەی مایەوە لەبەردەمی هەر ئەوەبوو كە ئەنجامیدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوەیان بەبێ بەرنامە نیە، لەوەندەش ناوەستێت هەر وا بەئاسانی گۆڕەپانەكە واڵا بكات، بۆ ئەوانەیتر تەراتێنی تێدا بكەن، بە خوێندنەوەی من سەدر ئەو بڕیارەی بۆ دوو ئامانج داوە، یەكەمیان، بە ركابەرەكانی بڵێت، ئەگەر من كۆسپم هەر وەكو ئێوە پێتان وایە  لەبەردەم كاروبارە سیاسیەكانی عێراق، دەی وا من دەرچوم بزانم ئێوە چیتان لە هەمبانە دایە و بەبێ من چتان پێدەكرێت بیكەن، دووەمیان رو لە جەماوەرەكەیەتی و عێراقە بەگشتی، پێشموایە هەر ئەوە مەبەستە بنەڕەتیەكەیەتی، لەوەدا دەیەوێت بڵێت من دەمویست ببمە فریاد رەستان بەو بەرنامەی رامان گەیاندبوو كە بریتیبوو لە حكومەتی زۆرینە، دەمانویست لەو بەش بەشۆكە سیاسیەی ساڵەهایە پێیەوە دەناڵێنن كە هەتا بینا قاقای نقومی نەداری و بێدادی بوونە رزگارتان بكەم و وڵات پاك بكەمەوە لە گەندەڵكارەكان، ئیتر بە تەواوی بحەسێنەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە زۆرینەی رەهامان نەبوو نەمانتوانی ئەوە بكەین، بۆیە ئەمجارە دەبێت  دەنگمان پێبدەن  تاوەكو ئەو ئامانجە بەدەست بێنین و مەجبوری  هیچ كەس و لایەنێكیش نەبین، ئەوە بەرنامەی سەدرە هەر ئەوەشی دەوێت جێبەجێی بكات".

ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگیدایه‌             

 ده‌شڵیت"بە كورتی و بە عێراقیانە ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی چوارچێوەی هەماهەنگیە، دەبێت خێرا و بە وردی و سەنگینینیەوە هەنگاو هەڵبهێنن، چونكە خەڵكی عێراق سەبریان خەریكە ببڕێت،  یا دەبێت  هەموو لایەك كۆبكەنەوە و حكومەتێكی نیشتمانی  پێكبهێنن، هەنگاوی كرداری و بە پەلە بۆ چاكسازی و خزمەتگوزاری خەڵك ئەنجام بدەن، بێگومان خەڵكی كوردستانیش رازی بكەن، بۆ ئەوەی هیچ فورسەتێك لەبەردەم سەدر و هاوبەشەكانی نەمێنێتەوە، تاوەكو بیكەنە پاساو  و بێنە سەر شەقامەكان، یا ئەوەتا ئەوانیش بڕیاری دەست لە كاركێشانەوە بدەن و ئیتر زەمینە بۆ هەڵبژاردنێكیتر فەراهەم بكەن، هەر چەندە یەقینم وایە بەوەش عێراق ناكەوێتە ژێر سایەی حكومەتێكی كاراو خزمەتگوزار كە  وەڵامدەرەوەی لایەنی كەمی  داخوازیەكانی عێراقیە بەشمەینەكان و خەڵكی كوردستانی غەدر لێكراو بێت، لێرەدا دەمەوێ بە جەنابی سەرۆك پاڤڵ و یەكێتی نشتمانی كوردستان بڵێم، ئەركەكانتان ئێستا قورستر بووە ، بە تایبەت لەو فەزا سیاسیە بێ ئەمانەی عێراق تێی كەوتوە، دەبێت هیچ سازشێك لەسەر داخوازیەكانی گەلی كوردستان بە تایبەت ماددەی 140ی ناوچە دابڕێنراوەكان و هێزی پێشمەرگە و  نەوت و گاز و ئەوانەیتر كە پێدراوی نەتەوەیی و نیشتمانی كۆمەڵانی خەڵكن نەكەن، لە بەرامبەر  هەندێك دەسكەوتی هەنوكەیی یان هاوشێوەی ئەو رێككەوتنە 13 خاڵیەی پێشتر  كرابوو، بەوە دەرگای دۆزەخ دەكرێتەوە نەیارەكانیش شكستیان دەبێتە سەركەوتن ئەگەر رێژەییش بێت .  

کێ کورسیەکانیان پڕ دەکاتەوە؟

 هاوڕی توفیقی شاره‌زای بواری هه‌ڵبژاردن ده‌ڵیت"  ئاشکرایە کە پەرلەمانتارەکانی سەدر بەسەر دەیان پارێزگای عێراقدا دابەشبوون . بەم شێوەیەش رکابەرەکانی باقی کورسیەکانی دەبەن! لە راستیدا بە گوێرەی مادەی ٤٩ برگەی پێنچەمی دەستور ،پێویستە پەرلەمان قانونێک دەربکات بۆ ڕیكخستنی جێگرتنەوەی پەرلەمانتار لە کاتەکانی دەستلەکارکێشانەوەو مردن و ئیقالەکردن ،بەڵام ئەم کارە نەکراوە.

بە گوێرەی برگەی پێنچەم لە مادەی ٩ ی قانونی هەڵبژاردنی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠٢٠ ،هەر پەرلەمانتارێکی دەرچوو پاش سوێندخواردن کە دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەهەر هۆیەک دەستی لە کاربکێشێتەوە، ئەوا لە هەمان ئەو بازنەی کە پێشووتر لێی کاندیدبوە ، لە ناو باقی کاندیدە دەرنەچوەکاندا لە سنوری هەمان ئەو بازنەیەدا، کێ زۆرترین پاشماوەی دەنگی هەبێت ئەوا سەردەکەوێیت.

رکابەرەکانی سه‌در باقی کورسیەکانی دەبەن

ئاشکرایە کە پەلەمانتارەکانی سەدر بەسەر دەیان پارێزگای عێراقدا دابەشبوون . بەم شێوەیەش رکابەرەکانی باقی کورسیەکانی دەبەن! لە راستیدا بە گوێرەی مادەی ٤٩ برگەی پێنچەمی دەستور ،پێویستە پەرلەمان قانونێک دەربکات بۆ ڕیكخستنی جێگرتنەوەی پەرلەمانتار لە کاتەکانی دەستلەکارکێشانەوەو مردن و ئیقالەکردن ،بەڵام ئەم کارە نەکراوە.

ئەم رووداوە پێشهاتێکی تازەیەو پێشووتر پێشینەی نەبوە. لەرووی سیاسی و جەماوەرییەوە بۆشایی دەنگی سەدر هەرگیز پڕناکرێتەوە ، راستە لەروانگەی ریککاری قانونیەوە، دەتوانرێ  کورسیە بەتاڵەکانی سەدر بە ئەندامی تازە پربکرێتەوە.

دەستلەکارکێشانەوەی بە کۆمەڵ  دەرگای چەند سینارۆیەک دەکاتەوە

 یەکەم؛ بە پراکتیکی هاوپەیمانی سێ قۆڵی هەڵوەشایەوە، سوننەو پارتی دیموکرات بۆ خۆیان  بە دوو قۆڵی مانەوە، هێشتا زانراو نیە چارەنوسی ئەم دوو هاوپەیمانیەش ،چی بەسەر دێت؟

دووەم: بتوانرێ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران هەڵببژردرێت .لەگەڵ بوونی ئۆپۆزیسۆنێکی میللی ، چونکە چیتر سەدر ئۆپۆزیسۆنی پەرلەمانی نیە، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی میللی شەقامە.

سێیەم؛ دووپاتکردنەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەمە لەگەڵ ئەو راستیە تاڵەی کە ئەم دەرمانە دەردی بەربەستی دوو لەسەر سێی پەکخەر تیمار ناکات . چونکە گریمانەی هاتنەپێشەوەی هەمان ئەم ئەنجامەی ئێستا  هەر هەیە.

 کۆمسیۆن وردەکاری جێگرتنەوەی پەرلەمانتارەکانی سەدر ئاشکرادەکات

بەڕێوەبەری گشتی لە فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، دەبێت ئەو کەسانە شوێنی پەرلەمانتارەکانی سەدر بگرنەوە کە لەدوای ئەوانەوە زۆرترین دەنگیان ھێناوە، بەڵام سەرنەکەوتن بۆ پەرلەمان.

ھیمان تەحسین بەگ دەشڵێت، پرۆسەکە ھیچ پەیوەندی نییە بەوەی کورد بێت یان عەرەب بێت سونە بێت یان شیعە بێت تەنھا بەپێی بازنەکانی ھەڵبژاردنە و ھەندێک بازنە ھەیە سەربەخۆکان دێنە شوێنیان و ھەندێک بازنە ھەیە ھاوپەیمانی فەتح و چوارچێوەی ھەماھەنگی.

 رونیشیکردەوە،" بەبۆچونی ئێمە سەرۆکی پەرلەمان بۆی نییە ئەو کورسیانە پڕ بکاتەوە،‌ لێرەدا (ئیستحقاقی ھەڵبژاردن) ھەیە کە بەپێی یاسا دیاریکراوە، لەھەر بازنەیەک بەھۆی دەستلەکارکێشانەوە یان بەھۆیەکی تر کە سوێندی یاساییان نەخوارد ڕاستەوخۆ ئەو کەسانە دێنە شوێنیان لەو دەنگانەی ئەوان کەمتریان ھێناوە، واتە سەرنەکەوتون بۆ پەرلەمان لەھەمان بازنە بەبێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئەو کەسە کێیە؟‌ سەربەخۆیە یان لە لیستی چوارچێوەی ھەماھەنگییە یان لە لیستێکی تر، ھیچ پەیوەندی بەوەوە نییە دەکەوێتەسەر ئەوەی ئەو کەسانە کێن کە ڕاستەوخۆ دێن لەدوای کاندیدەکانی ڕەوتی سەدر دێن".

بەھۆی کاریگەریی ئەو چەقبەستنە سیاسیەی کە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا ھاتووەتە ئاراوە و بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی دەوڵەتی توشی ئیفلیجی کردووە، سیناریۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەکێک لە بژاردەکان دادەنرێت و ماوەیەکە لە لایەن کوتلە سیاسییەکانەوە قسەوباسی لەبارەوە دەکرێت.

دوا  پێشھاتی سیاسی عێراق، ھۆشدارییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بوو، کاتێک داوای لە پەرلەمانتارەکانی کرد دەستلەکار بکێشنەوە.

188 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
6/15/2022 10:47:43 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو