دۆسیە
خۆڵبارین چیەو زیانەکانی چین؟
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

شەپۆلی خۆڵبارین زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی گرتوه‌تەوە، لەناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تائێستا نزیکی هەشت شەپۆلی خۆڵبارین رووی لە ناوچەکە کردووە، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیان و تەندروستی خەڵک هەبووە.

سەرەڕای چەندین کێشەو قەیران خۆڵبارینیش باری سەرشانی خەڵکی هێندەی تر قورس کردووە. بەشێکی زۆر لە قوتابخانە، فڕۆکەخانە، زانکۆ و پەیمانگاکان لەبەر چڕی خۆڵبارینەکە داخراون
.

کەمبارانی و گۆڕانی ژینگەیی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووە. عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لەژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوادایە، بەشێک لە رووبارەکانی وشکی کردووە، دیاردەی بە بیابانبوون بە ئاشکرا دەبینرێت، کەمی رێژەی درەخت و گرنگی نەدان بە پشتێنەی سەوز، کەموبووەنەی زەوی کشتوکاڵی و بەکارهێنانی بەشێک لە زەوییەکەی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەی نێشتەجێبوون کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لێکەوتوه‌تەوە، بەهۆی کەمی درەخت، بەربەست لەبەردەم خێرایی بادا نیەو خۆڕاگری خاک کەمبوه‌تەوە، بۆیە ئەگەری روودانی خۆڵبارین هەمیشە لە ئارادایە.

خۆڵبارینی مانگی پێشوو بووە هۆی مردنی کەسێک، (5 هەزار) کەس لە نەخۆشخانەکان چارەسەریان وەرگرت، دووبارە ئاسمانی زۆربەی پارێزگاکانی عێراق پرتەقاڵی بوه‌تەوە، باڵەخانەو ئۆتۆمبێلەکان خۆڵ دایپۆشیون، ناو ماڵەکانیش لەم شەپۆلی خۆڵبارینە پارێزراو نەبوون، سەرەڕای قوتابخانەو زانکۆ و فڕۆکەخانەکان، دەوامی فەرمی فەرمانگەکان لە بەشێکی وڵاتدا وەستاون، زۆربەی یەکە تەندروستییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ پێدانی چارەسەر، هۆشداری دراوە بە گەورە ساڵان و ئەوانەی کێشەی تەندروستیان لە دڵ و کۆئەندامی هەناسەدا هەیە خۆیان بپارێزن، تا ئەو کاتەی کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوەو کاریگەری شەپۆلەکە کەمدبێتەوە.

 خۆڵبارین دیاردەیەکی سروشتییە

 بایەکی پڕ لە گەردیلەی لم و خۆڵە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بە ئاڕاستەی با بڵاو دەبێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی لە ناوچە وشکەکاندا ئەم دیاردەیە بڵاوە، چونکە لەم ناوچانەدا چینێک لەسەر رووی خاکەکە هەیە رێگرە لە شێوانی رووی خاک و راماڵینی دەنکۆڵەکانی، هەندێ کات لەبەر هەندێ هۆی سروشتی وەک بارانی بەلێزمە یان چالاکییە مرۆییەکان رووی خاک دەشێوێت و دەبێتە هۆی روودانی خۆڵبارین
.

 

کاریگەرییە خراپەکانی خۆڵبارین

 

یه‌كه‌م: کاریگەری تەندروستی

خۆڵبارین راستەوخۆ کاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، هەندێکجار زیانەکانی دەبێتە هۆی مردنی پێشوەخت، بەهۆی ئەو نەخۆشیانەی کە لە خۆڵبارینەوە توشی مرۆڤ دەبێت. دەنکۆڵەکانی خاک لەرێگەی دەم و لوتەوە دەتوانن تا قوڵاییەکانی کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ بچن و زیان بەو کۆئەندامە بگەیەنن، ئەندامەکانی دەرەوەی جەستەش لە ئەنجامی بەرکەوتنیان بە خۆڵبارین گریمانەی توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی پێست و هەستیاری و وشکبونەوەی چاو هەیە، هەندێکجاریش خۆڵبارین هۆکارە بۆ تێکچونی تەندروستی دڵی مرۆڤ و بۆرییەکانی خوێن لەکاتێکدا گەردیلە زۆر وردەکانی خاک راستەوخۆ تێکەڵ بە سوڕی خوێنی مرۆڤ دەبێت.

 

دووه‌م: کاریگەری ژینگەیی

خۆڵبارین زیانێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵی دەگەیەنێت، بەشێکی زۆر لە روەک و گیاکان دادەپۆشێت، ڕێگر دەبێت لە گەشەو کرداری رۆشنە پێکهاتن، کرداری رۆشنە پێکهاتن بەباشی ئەنجام نەدرا واتە کەمبونەوەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین، ئەمەش زیانێکی زۆر لە ژینگە دەدات. خۆڵبارین جۆری ئاوی سەرزەوی تێکدەدات و ماددە خۆراکییەکانی کەمدەکاتەوە، هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەیی و زیادبوونی رووبەری بە بیابانبوون.

سییه‌م: کاریگەری ئابووری

لەبەر کەمبوونەوەی مەودای بینین رووداوی هاتوچۆ زیاد دەکات، زۆربەی دواکەوتنی گەشتە فڕۆکەوانییەکان زیانێکی زۆری ماددی دەگەیەنێت بە کۆمپانیاکانی گواستنەوە، دەبێتە هۆی داخورانی بەشێک لە پێکهاتەی باڵەخانەکان و دیمەنی سروشتی ناو شارەکان تێکدەدات، تێچووی چاککردنەوەو پاککردنەوەی دوای خۆڵبارین تێچویەکی زۆرە.

خۆڵبارین دیاردەیەکە بە ئاسانی ناتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، مەگەر بۆ رووبەری زۆر بچوک بەهەندێک ماددەی ئەندامی و پۆشینی گیایی و نەوتی رەش رێگری لە دروستبوونی بکرێت، بەڵام عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەرێکی فراوانەو سنوردارکردنی خۆڵبارین و رێگریکردن لیی کارێکی ئاسان نیە، بۆیە هۆشداری دان و پێدانی رێنمایی بۆ خۆپاراستن، هۆشیارکردنەوەی پێشوەختەی خەڵک لە زیانەکانی خۆڵبارین تاکە رێگاچارەی دروستە تا بتوانین کاریگەریەکانی کەمبکەینەوە.

 

 

289 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/18/2022 12:07:11 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو