دۆسیە
پشتیوانه‌كانى موقته‌دا سه‌در پێیانوایه‌ بارزانى گه‌نده‌ڵه‌
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

مایكڵ رۆبن دیپلۆماتكارى پێشووى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا و نووسه‌ر له‌ نوێترین شیكارى سیاسیدا كه‌ له‌ پێگه‌ى (نه‌یشناڵ ئینترێست) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ژێر ناونیشانى "پێویسته‌ ئه‌مریكا له‌دژى چاوترسێنكردنه‌كانى بارزانى بوه‌ستێته‌وه‌ له‌ عێراق" باس له‌و قه‌یرانه‌ سیاسییه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا له‌ عێراق هه‌یه‌ و رۆڵى خراپى خێزانى بارزانى ده‌خاته‌ڕوو كه‌ رێبه‌رى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌ن له‌ دۆخى سیاسى عێراقدا.

هێزه‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌ پشت په‌رده‌وه‌ سه‌رقاڵن به‌ بابه‌تى سیاسى

له‌ ده‌ستپێكى شكارییه‌كه‌دا مایكڵ رۆبن ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، "له‌ ساڵى 2018 كاتێك هه‌ڵبژاردن له‌ عێراق ئه‌نجامدرا هاوشێوه‌ى ئێستا چه‌ندین مانگى خایاند تاوه‌كو سه‌رۆكى په‌رله‌مان، سه‌رۆككۆمار و سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌ڵبژێردران. له‌ ئێستادا هێزه‌ سیاسییه‌كانى عێراق له‌ پشت په‌رده‌وه‌ سه‌رقاڵن به‌ بابه‌تى سیاسى، له‌كاتێكدا دیپلۆماتكاره‌كانى ئێران و ئه‌مریكا هه‌ریه‌كه‌و به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رقاڵى ئه‌وه‌ن ئه‌و كاندیدانه‌ ببه‌نه‌ پێشه‌وه‌ كه‌ هاوپه‌یمان و هاوسۆزى ئه‌وانن و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان رێده‌كه‌ن
".

هه‌ڵبژاردنى هه‌ر كه‌سێك جگه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ى بارزانى ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى بارزانى پشێوى له‌ سنوورى عێراقدا بنێته‌وه‌

له‌ به‌شێكى ترى شیكارییه‌كه‌یدا مایكڵ رۆبن ئاماژه‌ به‌ لاوازى ئیداره‌ى پێشووى ئه‌مریكا ده‌كات له‌ عێراق و ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌، "له‌كاتى قه‌یرانى پێكهێنانى حكومه‌تى نوێ له‌ ساڵى 2018 برێت مه‌كگۆرگ، نێرده‌ى تایبه‌تى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بوو له‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش. به‌هۆى ئه‌زموونى كاركردنى له‌ عێراق و په‌یوندییه‌ فراوانه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى عێراق سه‌رۆك تره‌مپ و مایك پۆمپه‌یۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌وكاتى ئه‌مریكا پشتیان پێبه‌ستبوو له‌ داڕشتنى سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌ عێراق. له‌و كاته‌دا ئه‌مریكییه‌كان، ئه‌وروپییه‌كان، عه‌ره‌ب و ئێرانییه‌كان سه‌رجه‌میان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌تواناترین و له‌ڕووسى سیاسییه‌وه‌ گونجاوترین كاندیده‌ بۆ پۆستى سه‌رۆككۆمارى عێراق، به‌ڵام مه‌كگۆرگ داواى له‌ كه‌ساسییه‌كانى عێراق كرد كه‌ فوئاد حسێن هه‌ڵبژێرن. ده‌ستكه‌وت و تواناكانى فوئاد حسێن زۆر سنووردار بوون و عێراقییه‌كانیش خۆیان كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌. به‌ وته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا بوونیان هه‌بووه‌، هۆكارى مه‌كگۆرگ بۆ داواكارییه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنى هه‌ر كه‌سێك جگه‌ له‌ پیاوه‌كه‌ى بارزانى ده‌بێته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى بارزانى پشێوى له‌ سنوورى عێراقدا بنێته‌وه‌. له‌ راستیدا ئه‌مه‌ خه‌م و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ نه‌بووه‌ له‌و كاته‌دا، چونكه‌ ساڵێك به‌رله‌وه‌ مه‌سعود بارزانى، هۆشیار زێبارى خاڵى و مه‌سرور بارزانى كوڕى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆییان له‌ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ئه‌نجامدا".

مایكڵ رۆبن باس له‌ ترسى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ خێزانى بارزانی ده‌كات

مایكڵ ڕۆبن له‌ درێژه‌ى شیكارییه‌كه‌یدا باس له‌ ترسى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ خێزانى بارزانیش ده‌كات و روونیده‌كاته‌وه‌، "بۆ ماوه‌ى نزیكه‌ى 20 ساڵ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێمه‌ رێگه‌یداوه‌ ئه‌و ترسه‌ى كه‌ له‌ ماڵى بارزانى هه‌یه‌تى ببێته‌ هۆكارى داڕشتنى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق. به‌شێك له‌ به‌رپرسانى رابردوو و ئێستاى حكومه‌تى ئه‌مریكا پێگه‌ى خۆیان له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ماڵى بارزانى به‌كارهێناوه‌ له‌به‌رامبه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان. چه‌ندین دیپلۆماتكار و به‌رپرسى سه‌ربازى ترى ئه‌مریكا له‌م كاره‌وه‌ تێوه‌گلاون كه‌ ده‌یڤێد پێترایۆس، فه‌رمانده‌ى هێزى 101ى ئاسمانى  یه‌كێكه‌ له‌وانه‌".

بارزانى داوایان لێده‌كات سه‌ردانى بكه‌ن له‌ كۆشكه‌كه‌یدا

به‌ وته‌ى مایكڵ رۆبن "له‌كاتێكدا كه‌ به‌رپرسه‌كانى ترى عێراق له‌ به‌غدا چاویان به‌ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت، به‌ڵام بارزانى داوایان لێده‌كات سه‌ردانى بكه‌ن له‌ كۆشكه‌كه‌یدا كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شاخه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ولێر. بابه‌ته‌كه‌ واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ بارزانى وایكردووه‌ ئه‌مریكییه‌كان حسابى بۆ بكه‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ ئاسووده‌كردنى ئیگۆ و هه‌ستى خۆبه‌به‌رپرس زانینى بارزانییه‌".

مایكڵ رۆبن له‌ درێژه‌ى شیكارییه‌كه‌یدا تیشك ده‌خاته‌ سه‌رئه‌وه‌شى، "ئه‌م جۆره‌ له‌ حساب كردن بۆ بارزانى سوود به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مریكا ناگه‌یه‌نێت. رووسییه‌كان سوود له‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینن. مه‌سعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى رێگه‌یان خۆش كردووه‌ بۆ ئۆپراسیۆنه‌كانى سوپاى پاسدارانى ئێران. مه‌سرور بارزانى، سه‌رۆكى حكومه‌تى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانیش له‌نێو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكادا به‌وه‌ ناوبانگى ده‌ركردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داواى مافى نیشته‌جێبوون ده‌كات له‌ ئه‌مریكییه‌كان بۆ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌ى و كه‌سه‌ نزیكه‌كانى له‌ ئه‌مریكا".

مه‌سرور بارزانىه‌نێو ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانى ئه‌مریكادا به‌وه‌ ناوبانگى ده‌ركردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ داواى مافى نیشته‌جێبوون ده‌كات

له‌ به‌شێكى ترى شیكارییه‌كه‌یدا مایكڵ رۆبن ئه‌وه‌شى باسكردووه‌، "ئه‌م جیاوازیكردنه‌ هیچ سه‌قامگیرییه‌كى هه‌رێمى دروستنه‌كردووه‌. دوو سه‌ده‌ له‌دواى كه‌وتنى رژێمه‌كه‌ى سه‌دام حسێن تاوه‌كو ئێستا عێراق پێویستى به‌ به‌هره‌ى نوێ هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنى. ده‌سڵاتخوازییه‌كانى ماڵى بارزانى و به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنه‌كانى ئه‌مریكا بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتخوازییه‌یان وایكردووه‌ ئه‌م به‌هره‌مه‌نییده‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌، چونكه‌ بووه‌ته‌ هۆكارى ئه‌وه‌ى وا ده‌ربكه‌وێته‌ كه‌ ته‌نیا بارزانییه‌كان تواناى ئه‌م كاره‌یان هه‌یه‌.  یه‌كێك له‌ نمونه‌كانى ئه‌م بابه‌ته‌ بریتییه‌ له‌و رووداوه‌ى كه‌ له‌سه‌ر سنوورى بیلارووسیا روویدا. له‌ مانگى تشرینى دووه‌مى 2021 چه‌ندین هاووڵاتى كورد چوونه‌ بیلارووسیا و زۆرێكیشیان له‌وێ مردن ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یانویست له‌وێوه‌ سنوورى پۆڵه‌ندا ببڕن و بچنه‌ ئه‌وروپا. ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ندین كورد له‌ كه‌ناڵى ئینگلیز خنكان ته‌نیا مانگێك له‌دواى رووداوى یه‌كه‌م. ئه‌مانه‌ له‌ شه‌ڕ رایاننه‌ده‌كرد، به‌ڵكو له‌ گه‌نده‌ڵییه‌كانى رژێمه‌كه‌ى بارزانى رایانده‌كرد.

ئه‌م خێزانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌نده‌ڵن كه‌ ته‌نانه‌ت پشتیوانه‌كانى موقته‌دا سه‌در پێیانوایه‌ بارزانى گه‌نده‌ڵه‌

ئه‌م خێزانه‌ ئه‌وه‌نده‌ گه‌نده‌ڵن كه‌ ته‌نانه‌ت پشتیوانه‌كانى موقته‌دا سه‌در كه‌ به‌وه‌ ناسراون زۆرینه‌ى كات له‌ گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ تێوه‌ده‌گلێن ره‌خنه‌ له‌ سه‌در ده‌گرن كه‌ هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ بارزانى پێكهێناوه‌، چونكه‌ پێیانوایه‌ بارزانى گه‌نده‌ڵه‌".

هه‌رگیز لایه‌نگره‌كانى بارزانى به‌ چاوێكى راستگۆییانه‌ سه‌یریان نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن مه‌زهه‌ب، كه‌سایه‌تى و سیاسى و چینه‌كانى ترى عێراقه‌وه‌

به‌شى كۆتایی شیكارییه‌كه‌ى مایكڵ رۆبن ته‌رخانكراوه‌ بۆ زیاتر ره‌خنه‌گرتن له‌ خێزانى بارزانى و ئه‌و نووسه‌ر ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له‌ گۆشه‌یه‌كى پێچه‌وانه‌وه‌ سه‌رى بابه‌ته‌كه‌بكه‌ین، ئه‌وه‌ روونه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2003ه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هه‌ر پشتیوانییه‌ك بۆ خێزانى بارزانى جا له‌ به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بووه‌ته‌ هۆكارى دروستكردنى ئارامى له‌ عێراق. له‌ كۆتایدا ئه‌مریكا به‌ به‌ختبوو كه‌ ساڵى 2018 پشتیوانییه‌ ژێربه‌ژێرییه‌كانى مه‌كگۆرگ بۆ بارزانى شكستیان هێنا، چونكه‌ مه‌حاڵبوو فوئاد حسێن بتوانێت عێراق به‌و هه‌موو قه‌یران و خۆپیشاندان و كێشانه‌ى دواى كوژرانى قاسم سلێمانى وبڵاوبووه‌نه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ڕێوه‌به‌رێت. هه‌رگیزیش نه‌یده‌توانى له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى عێراق به‌ره‌وپێشه‌وه‌ به‌رێت وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رهه‌م ساڵح ئه‌نجامیدا. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش زیاتر، هه‌رگیز لایه‌نگره‌كانى بارزانى به‌ چاوێكى راستگۆییانه‌ سه‌یریان نه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن مه‌زهه‌ب، كه‌سایه‌تى و سیاسى و چینه‌كانى ترى عێراقه‌وه‌".

179 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/19/2022 11:43:03 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو