دۆسیە
له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس عیراقیه‌كان رزگاریان نه‌بوو له‌ ئازارو مه‌ینه‌تی
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

 ئه‌مڕۆ 19 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر له‌ناوبردنی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو و رزگاركردنی هاووڵاتییان له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌.

 له‌ 20-3-2003، ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی یه‌كه‌م گورزی ئاسمانیان له‌ عیراق وه‌شاند به‌مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو و رزگاركردنی هاووڵاتییان له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و رژێمه‌ دیكتاتۆره‌، له‌ رۆژی 9-4-2003 به‌غدا له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانان به‌ته‌واوی كۆنتڕۆڵكراو په‌یكه‌ری سه‌دام حوسێنی دیكتاتۆر له‌ پایته‌ختی عیراق روخێنرا كه‌ ئه‌وه‌ش وه‌ك خه‌ون وابوو بۆ عیراقییه‌كان.

ئه‌مڕۆ 19 ساڵ تێپه‌ڕ ده‌بێت به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا، هه‌رچه‌نده‌ له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسیش عیراقیه‌كان رزگاریان نه‌بوو له‌ ئازارو مه‌ینه‌تی چونكه‌ شه‌ڕی تائفی و كرده‌وه‌ی تیرۆرستی سه‌ریهه‌ڵداو له‌م دواییه‌شدا هێرشی تیرۆرستانی داعش كه‌ به‌ هه‌زاران رۆڵه‌ی ئه‌م وڵاته‌ شه‌هیدبوون.

رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ئازاری سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی عیراقیدا به‌تایبه‌ت كورد كه‌ له‌ 16-3-1988 كیمیابارانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی كردو 5000 رۆڵه‌ی ئه‌و شاره‌ی شه‌هیدكرد، هه‌روه‌ها شاڵاوی ئه‌نفالیش یه‌كێكی تر بوو له‌ كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی رژێمی به‌عس كه‌ تێیدا 182 هه‌زار هاووڵاتی كوردی بێ تاوان، بێ سه‌رو شوێن كران و ئێستا رۆژ به‌رۆژ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵ له‌ عیراق ده‌دۆزرێنه‌وه‌ كه‌ كوردی تیا زینده‌ به‌چاڵكراون.

له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ دانیشتوانی باشوری عیراق كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بن له‌ ساڵی 1991 راپه‌ڕینێكیان ده‌ستپێكرد، به‌ڵام حزبی به‌عسی له‌ناوچوو به‌ توندترین شێوه‌و به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی زۆری لێ كوشتن و ته‌نانه‌ت به‌شێكیان زینده‌ به‌چاڵكران.

له‌و رۆژه‌ی كه‌ ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی یه‌كه‌م گورزی ئاسمانیان وه‌شاند بۆ ماوه‌ی 21 رۆژ ئه‌و شه‌ڕوپێكدادانه‌ به‌رده‌وامبوو به‌ڵام دوای ئه‌وه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێكی زۆر له‌ سه‌ربازانی سوپای عیراق روبه‌ڕوی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی نه‌بوونه‌وه‌و چه‌كیان فڕێدا، له‌ خاڵی سنوری سه‌فوان-وه‌ كه‌ له‌ نێوان وڵاتی عیراق و كوه‌یت-ه‌، له‌ڕێگه‌ی وشكانی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی هاتنه‌ ناو خاكی عیراقه‌وه‌، به‌پێی هه‌والی ئاژانسه‌كان دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا چوه‌ ناو به‌غدای پایته‌ختی عیراقه‌وه‌ شه‌ڕوپێكدادانی سوپای عیراق و ئه‌مریكا ده‌ستیپێكردبوو، هه‌روه‌ها به‌وهۆیه‌وه‌ به‌ده‌یان سه‌رباز گیانیان له‌ ده‌ستدا، به‌ڵام دواجار ئه‌مریكا كۆتایی به‌ رژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن هێنا.

پێش هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌غدا ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی داوایان له‌ سه‌دام حسێن ئه‌مینداری گشتی حزبی به‌عس و سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی عیراق كرد كه‌ ده‌ست له‌ ده‌سه‌ڵات هه‌ڵبگرێت و عیراق جێبێهڵێت، به‌ڵام سه‌دام حسێن به‌ داواكه‌ رازی نه‌بوو هه‌ربۆیه‌ ئه‌مریكا بڕیاریدا كه‌ له‌ سه‌عاتی سفردا هێرش بكاته‌ سه‌ر عیراق و كۆتایی به‌ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام و داروده‌سته‌كه‌ی بهێنێت.

دوای له‌ناوبردنی رژێمی به‌عس، عیراقییه‌كان پێیان وابوو كه‌ چیتر روبه‌ڕوی مه‌ینه‌تی و ئازار نابنه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌وكاته‌دا به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی گروپی تیرۆرستی قاعیده‌، كرده‌وه‌ی تیرۆرستی و شه‌هیدبوونی ده‌یان هاووڵاتی عیراقییه‌كانی دڵته‌نگ كرده‌وه‌، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ شه‌ڕی تائیفی به‌شێكی تربوو له‌ نه‌هامه‌تییه‌كانی عیراقییه‌كان، هه‌روه‌ها له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی 2014 رێكخراوی تیرۆرستی داعش سه‌ریهه‌ڵدا كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ سه‌دان سه‌ربازو هاووڵاتی شه‌هیدبوون.

سه‌دام حسێن كێبوو؟

سه‌دام حسین عبد المجید تكریتی، سه‌ر به‌عه‌شیره‌تی (البیجات) بووه‌ له‌ 28-4-1937 له‌ گوندی (العوجه‌) كه‌ 23كم له‌ شاری تكریت-ه‌وه‌ دووره‌ له‌ دایكبووه‌، كه‌سێكی زۆردارو زاڵم بووه‌ هیچ به‌زه‌ییه‌ك له‌ دڵیدا نه‌بووه‌، ته‌نانه‌ت چه‌ند ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌كه‌شی كوشتووه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ (حسین كامل حسن المجید)  مێردی كچه‌كه‌ی بووه‌.

كوڕه‌كانی سه‌دام...

سه‌دام دوو كوڕی هه‌بوو عوده‌ی و قوسه‌ی، ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ی باوكیان دڕنده‌و زۆرداربوون و زوڵم و زۆردارییه‌كی زۆریان له‌ هاووڵاتیانی عیراق كرد، له‌دوای روخانی رژێمی به‌عس و ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانانی هاتنه‌ ناو خاكی عیراقه‌وه‌ سه‌دام و كوڕه‌كانی خۆیان حه‌شاردا به‌ڵام ئه‌وه‌یان بۆ نه‌چۆیه‌ سه‌رو تاهه‌تایه‌، ماوه‌یه‌كی زۆری نه‌خایاندو شوێنی كوڕه‌كانی سه‌دام ئاشكرابوون.

عوده‌ی و قوسه‌ی له‌شاری موسڵ له‌خانویه‌كی گه‌وره‌دا خۆیان حه‌شاردابوو، له‌ مانگی 12ی ساڵی 2003 دوای ئاشكرابوونی شوێنه‌كه‌یان له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌ هێرشكرایه‌ سه‌ریان، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بون خۆیان بده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌و بۆ ماوه‌ی 6 سه‌عات روبه‌ڕوی سوپای ئه‌مریكا بونه‌وه‌و دواتر تونرا هه‌ردوكیان بكوژرێن، هه‌روه‌ها وێنه‌ی ته‌رمه‌كانیان بڵاوكرانه‌وه‌و له‌هه‌مانكاتیشدا كوڕێكی قوسه‌ی ته‌مه‌ن 14 ساڵان كه‌ یاوه‌ری باوكی ده‌كرد به‌هه‌مان شێوه‌ كوژرا.

 ئۆپه‌راسیۆنی به‌یانی سور / عملیه‌ الفجر الاحمر

سه‌دام حسێن به‌هه‌مان شێوه‌ی كوڕه‌كانی خۆی حه‌شاردا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستگیرنه‌كرێت و دادگایی نه‌كرێت، چونكه‌ زۆڵم و زۆردارییه‌كانی زۆر له‌وه‌ش زیاترن كه‌ باس ده‌كرێن، له‌مانگی 12ی ساڵی 2003دا دوای ئه‌وه‌ی شوێنه‌كه‌ی ئاشكرابوو، له‌ ئۆپه‌راسیۆنێكدا كه‌ ناونرا ئۆپه‌راسیۆنی به‌یانی سور (عملیه‌ الفجر الاحمر) هێزه‌كانی سوپای ئه‌مریكا هێرشیان كرده‌ سه‌ری توانیان ده‌ستگیری بكه‌ن.

سه‌دام حسێن ماوه‌ی چه‌ند مانگ خۆی له‌ چاڵێكدا شاردبوه‌وه‌و له‌كاتی ده‌ستگیركردنیدا وێنه‌كانی بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ ریش و سمێڵێكی درێژو قژێكی درێژی هێشتبوه‌وه‌ و جیاوازبوو له‌و سه‌دامه‌ی كه‌ به‌نیازبوو بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌سه‌ر كورسی حوكمڕانی بمێنێته‌وه‌.

دوای ده‌ستگیركردنی سه‌دام حسێن دادگایی كراو بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌رچوو له‌ ساڵی 2006دا بڕیاره‌كه‌ به‌سه‌ریدا سه‌پێنرا.

رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال

دوای روخانی رژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2005 مام جه‌لال وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆك كۆماری عیراق كه‌ كورد بوو هه‌ڵبژێردرا، سه‌رۆك مام جه‌لال رۆڵێكی به‌رچاوی گێڕا بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی عیراقییه‌كان و هه‌موو هه‌وڵێكی خۆیدا بۆ خزمه‌تكردنی عیراقییه‌كان بێ جیاوازی تا ئه‌و كاته‌ی نه‌خۆشكه‌وتوو سه‌فه‌ری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی كرد ئیدی ناخۆشییه‌كان سه‌ریان هه‌ڵدا.

سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی عیراق رۆڵی سه‌رۆك مام جه‌لال به‌رزده‌نرخێنن و ده‌ڵێن كه‌ به‌ڕێزیان تاكه‌ كه‌س بووه‌ توانیویه‌تی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان پێكه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌، سیاسه‌تی خوالێخوشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال هیچ كه‌سێك ناتوانێت دووباره‌ی بكاته‌وه‌، به‌زانایی و زیره‌كی خۆی عیراقییه‌كانی وه‌ك برا كۆكردبوه‌وه‌ هه‌ربۆیه‌ له‌ ئێستادا عیراق پێویستیه‌كی زۆری به‌كه‌سێكی وه‌ك مام جه‌لال هه‌یه‌و سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانیش گه‌واهی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، چونكه‌ فره‌ نه‌ته‌وه‌ و فره‌ مه‌زهه‌به‌.

 دوای روخانی سه‌دام چی به‌دیهات؟

له‌سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا، عیراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئابلوقه‌ی ئابوری له‌سه‌ربوو له‌ڕووی بواری ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ زۆر دواكه‌وتوو بوو، هه‌روه‌ها له‌ به‌غدای پایته‌خت موبایل و ئینته‌رنێت و ته‌نانه‌ت سه‌ته‌لایت قه‌ده‌غه‌بوون، عیراق پێی نایه‌ قۆناغێكی نوێوه‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ بونیان نه‌بوو سه‌رجه‌م عیراقییه‌كان پێی ئاشنابوون و ئێستا له‌گه‌ڵ جیهاندا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌ڕۆن، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكی گه‌روه‌بوو چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت و كۆتایی نه‌هاته‌یه‌ به‌ ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام ئه‌وا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ خه‌ون ده‌بوون.

 دووباره‌بونه‌وه‌ی شه‌ڕو پێكدادان له‌ عیراق به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان جیاوازتر.....

له‌ساڵی 2014 دا دووباره‌ عیراقییه‌كان روبه‌ڕوی نه‌هامه‌تی بوونه‌وه‌، له‌ رۆژی 9-6-2014، گروپی تیرۆرستی داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر شاری موسڵ و توانی ئه‌وه‌ شاره‌ داگیر بكات و به‌ده‌یان سه‌ربازی سوپای عیراقی شه‌هیدكرد، به‌وه‌شه‌وه‌ رانه‌وه‌ستا به‌ڵكو هێرشه‌كانی چڕكرده‌وه‌ توانی چه‌ند شارێكی تریش له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین داگیر بكات.

شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش له‌و كاته‌وه‌ به‌رده‌وامه‌و تائێستا به‌ سه‌دان سه‌رباز و هاووڵاتی شه‌هیدكراون و تیرۆرستانی داعش به‌ دڕنده‌ترین شێوه‌ ئازاری هاووڵاتیانیان داوه‌ دیارترینشیان كۆمه‌ڵكوژی سپایكه‌رو جینۆسایدی كوردانی ئێزیدییه‌.

تیرۆرستانی داعش له‌ دوای داگیركردنی پارێزگای نه‌ینه‌واو چه‌ند شارێكی پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین هێرشیان كرده‌ سه‌ر شه‌نگال و توانیان به‌ ده‌یان هاووڵاتی كوردی ئێزدی شه‌هید بكه‌ن و به‌سه‌دان هاووڵاتیش بفڕێنن و بێ سه‌روشوێنیان بكه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ داعش به‌رده‌وامه‌ له‌ هێرێشكردنه‌ سه‌ر سنوره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ به‌و په‌ڕی وره‌ به‌رزییه‌وه‌ روبه‌ڕویان ده‌بنه‌وه‌ شكست به‌ هێرشه‌كانیان ده‌هێنن و له‌و شه‌ڕانه‌شدا زیاتر له‌ یه‌ك هه‌زار پێشمه‌رگه‌ شه‌هیدبوون و چونه‌ته‌ ریزی شه‌هیدانی نه‌مرانه‌وه‌.

له‌ ماوه‌ی رابردوودا حكومه‌تی عیراق بڕیاریدا هێرش بكاته‌ سه‌ر پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین و بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك شه‌ڕوپێكدادان به‌رده‌وامبوو هه‌روه‌ها بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكیش ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ دواكه‌وت به‌هۆی ئه‌وه‌ی گروپی تیرۆرستی داعش شاری تكریت كه‌ سه‌نته‌ری پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌ بۆمبڕێژیكردبوو، دواجار له‌ رۆژی 31-3-2015، حه‌یده‌ر عه‌بادی كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و شاره‌ی راگه‌یاند.

 ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵ راگه‌یه‌نرا

مانگی 10ی 2016 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی موسڵی راگه‌یاندوپاش ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی كه‌م تیرۆرستان له‌ شاره‌كه‌ ده‌ركران، به‌ڵام ئاسه‌واری كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی تیرۆرستان له‌سه‌ر شاره‌كه‌ ماوه‌و كه‌م خێزان هه‌یه‌ كه‌ تیرۆرستان زیانیان پێ نه‌گه‌یاندبن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دوای خۆیان شارێكی كاولیان بۆ هێزه‌ عیراقییه‌كان جێهێشت.

209 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/9/2022 11:36:15 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو