دۆسیە
كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان ویژدانی جیهانی هه‌ژاند
 ئاراسته‌:عه‌بدول نه‌جم

دوای ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌و چه‌ندین زوڵم و سته‌می تر كه‌ رژێمی به‌عس به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ عیراق ئه‌نجامیدان، له‌ رۆژێكی وه‌كو ئه‌مڕۆداو له‌ 31-3-1991 واتا (31) ساڵ پێش ئێستا، دانیشتوانی باشووری كوردستان بڕیارێكی هاوبه‌شیان دا.

بڕیاره‌كه‌ی دانیشتوانی كوردستانی باشوور ئه‌وه‌بوو كه‌ ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس بژین، چونكه‌ به‌عس و رژێمی دیكتاتۆری سه‌دام حسێن زوڵم و سته‌می زۆریان به‌رامبه‌ر ده‌كردن، هه‌ربۆیه‌ سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كان پێكه‌وه‌ كۆچیان كرد بۆ سه‌ر سنووره‌كان یان بۆناو وڵاتانی دراوسێ. ئه‌و رۆژه‌ش به‌ رۆژی كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كورد ناسرا.

له‌ به‌رامبه‌ریشدا وڵاتانی هاوپه‌یمان هێڵی دژه‌ فڕینیان بۆ رژێمی به‌عس دانا. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی كۆڕه‌و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی فراوانی له‌ جیهاندا دروستكردو ناشرینی و چه‌وساندنه‌وه‌كانی رژێمی به‌عسی ده‌رخست.

وێنه‌و ڤیدیۆكانی كۆڕه‌و كه‌ بڵاوكرانه‌وه‌ له‌و سه‌رده‌مه‌دا له‌ میدیا جیهانییه‌كان، هه‌ست و سۆزی‌ جیهانی هه‌ژاند. به‌وپێیه‌ی ده‌ریخست كه‌ كوردان به‌ گوڕوتینی زیاتره‌وه‌ له‌ راپه‌ڕین یه‌كگرتوو بوون و هێزی به‌عسیان په‌كخست و له‌هیچ شتێك ناسڵمنه‌وه‌.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ كۆڕه‌وه‌كه‌دا زیاتر له‌ دوو ملیۆن كورد خاكی خۆیان به‌جێهێشت و ژماره‌یه‌كی زۆری هاووڵاتیش شه‌هیدو بریندار بوون، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتی گه‌وره‌ی هه‌بوو، هه‌روه‌ك یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین رووداوی سیاسی له‌ مێژووی كورد دا، له‌به‌رئه‌وه‌ی بۆ هه‌میشه‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیان ره‌تكرده‌وه‌. به‌وپێیه‌ی كۆڕه‌و شانبه‌شانی راپه‌ڕین بوونه‌ دوو ناو و دوو ئازایه‌تی و شانازی بۆ كورد، كه‌ گه‌له‌كه‌مانی به‌ جیهان ناساند. هه‌روه‌ها كۆڕه‌و وای له‌ جیهان كرد چیتر چاو له‌و زوڵم و سته‌مه‌ی به‌عس به‌رامبه‌ر كورد دانه‌خه‌ن.

هه‌ر له‌دوای كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌، میدیاكانی جیهان به‌ خه‌مبارییه‌وه‌ باسی ئه‌و رووداوه‌یان ده‌كرد، ته‌نانه‌ت جۆرج بۆشی ئه‌وكاته‌ كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا بوو داوای له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی كردبوو سه‌ردانی ئاواره‌كانی سه‌ر سنوور بكات و ئه‌و وێنانه‌ی ئه‌و وه‌زیره‌ گرتبووی له‌ ته‌واوی میدیا جیهانییه‌كان بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ بۆ یه‌كه‌مجار بوو به‌و شێوه‌یه‌ میدیا جیهانییه‌كان گرنگی به‌ كورد بده‌ن.

سه‌رۆك مام جه‌لال ئه‌زموونی له‌ دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن و حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق هه‌بوو، ئه‌نجامی هه‌مووشی ده‌زانی كه‌ جگه‌ له‌ شه‌ڕێكی ترو چه‌وسانه‌وه‌یه‌كی تر هیچی تر نه‌بوو، هه‌ربۆیه‌ له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی كوردی چووه‌ به‌غداو وتی: من دژی گفتوگۆكردن بووم له‌گه‌ڵ ئێوه‌، به‌ڵام ناتوانین ته‌نیا وه‌كو پارتێكی سیاسی كاربكه‌ین، ئێمه‌ ئاواره‌مان زۆره‌و ده‌بێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكه‌ین. به‌ڵام بێ چاره‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ چونكه‌ رژێمی به‌عس هیچ شتێكی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد نه‌ده‌كرد.

كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ بووه‌ چه‌كێكی به‌هێز بۆ‌ ئاشنابوونی‌ گه‌لانی جیهان به‌ گه‌لێكی‌ بێ ناسنامه‌و به‌بیرهێنانه‌وه‌ی‌ گه‌لێكی‌ فه‌رامۆشكراو بوو بۆ دوژمنان.

وێڕای هه‌موو نه‌هامه‌تی و كاره‌ساته‌كانی، له‌هه‌مانكاتدا جووڵه‌یه‌كی به‌كۆمه‌ڵی گشتی و سه‌رتاسه‌ری نه‌ته‌وه‌یه‌ك بوو كه‌ زۆر ماناو ئاماژه‌ی گه‌وره‌ی تێدا بوو، زه‌كو (ره‌تكردنه‌وه‌ی زوڵم و سته‌م له‌لایه‌ن گه‌لێكه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ نه‌بوو له‌ژێر ده‌ستی رژێمێكی كۆكۆژدا درێژه‌ به‌ژیان بدات.. له‌نێوان دووانه‌ی نان و ئازادیدا، گه‌لی كوردستان ئازادی هه‌ڵبژاردو چوونه‌ده‌ره‌وه‌شی خۆده‌ربازكردن بوو له‌ كۆت و به‌ندی ده‌سه‌ڵاتێكی دژ به‌ ئازادی.. هه‌روه‌ها ریفراندۆمێكی سه‌رتاسه‌ری و میللی بوو كه‌ تیایدا گه‌لی كوردستان به‌ شێوازێكی نوێ واقیعێكی ده‌یان ساڵه‌ی سه‌پێنراوی ره‌تكرده‌وه‌، له‌هه‌مانكاتیشدا داوایه‌كی خۆڕسكانه‌ بوو بۆ دیاریكردنی مافی چاره‌نووسی خۆی.

له‌دوای كۆڕه‌وه‌ مه‌زنه‌كه‌ی كوردستان و له‌ به‌رواری 5ی نیسانی 1991 ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ژماره‌ 688ی ده‌ركرد، كه‌ تێیدا ئاماژه‌ی به‌و كرده‌وانه‌ی رژێمی به‌عس كردبوو كه‌ دژی عیراق به‌گشتی و كورد به‌تایبه‌تی كرابوو. به‌وهۆیه‌وه‌ ده‌ستی هاوكاری و فریاگوزاری بۆ هاووڵاتیانی كوردستان ده‌ستیپێكردو ئازادی بۆ كوردستان به‌رقه‌رار بوو. ئه‌م بڕیاره‌ش چه‌ند گرنگییه‌كی هه‌بوو، گرنگییه‌كان به‌ سێ شێوه‌ بوو هه‌م بۆ جیهان و عیراق و هه‌م بۆ كوردستانیش:

گرنگییه‌كه‌ی بۆ كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ بوو: (بووه‌ هۆی دیاریكردنی ناوچه‌ی ئارام له‌سه‌رووی هێڵی 36 بۆ هه‌رێمی كوردستان و پاراستنی گه‌له‌كه‌ی له‌ رژێمی سه‌دام. هه‌روه‌ها بوو به‌ هۆكارێكی یاریده‌ده‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ساڵی 1992 بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و زۆربه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كانی دواتریش).

گرنگییه‌كه‌ی بۆ عیراقیش به‌مشێوه‌یه‌ بوو: (بووه‌ هۆی ده‌رچوواندنی بڕیاری كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ساڵی 1996 له‌ژێر ناوی (رزگاركردنی عیراق)، له‌لایه‌می تره‌وه‌ بووه‌ هۆی یارمه‌تیدانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بۆ رووخاندنی رژێمی سه‌دام).

گرنگییه‌كه‌ی بۆ جیهانیش به‌مشێوه‌یه‌ بوو: (بنه‌مای ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی په‌سه‌ندكرا له‌ كاروباری نێوخۆیی وڵاتانێكی خاوه‌ن سیستمی سته‌مكار، هه‌روه‌ها له‌ حوزه‌یرانی 1991 رێككه‌وتننامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تی ئیمزاكرا بۆ پێدانی مافی ده‌ستێوه‌ردانی مرۆیی بۆ راگرتنی ئه‌و سته‌مكاریانه‌ی دژ به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كرێت له‌هه‌ر وڵاتێكدا. ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی له‌ كانوونی یه‌كه‌می 1991 نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕیارێكی په‌سه‌ند كرد كه‌ رێگه‌ی ده‌دا به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ چوارچێوه‌ی پڕۆسه‌ی ئاشتی ناوچه‌یی و جیهانی له‌سه‌ر داوای هه‌ر ده‌وڵه‌تێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری).

له‌ كۆتاییدا گرنگه‌ تیشك بخرێته‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ پێویستن له‌ ئێستاداو به‌ئیلهام وه‌رگرتن له‌ كۆڕه‌وه‌كه‌ی به‌هاری ساڵی 1991 بگیرێنه‌به‌ر، له‌وانه‌ش: (له‌لایه‌ك ئاگاداركردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌و راستییه‌ی كه‌ به‌زۆر پێكه‌وه‌لكاندنی گه‌لان پڕۆسه‌یه‌كی كاره‌ساتهێنه‌و گه‌لانی ئازادیخواز ده‌كاته‌ قوربانی ده‌ستی سته‌مكاران. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ زیندووكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌كه‌مان و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنی زلهێزان به‌لای دۆزی كورده‌وه‌ وه‌ك دۆزێكی سیاسی و ره‌وای گه‌لێك كه‌ شایانی مافێكی باشتری سیاسی بێت، له‌وه‌ی ئێستای. هه‌روه‌ها دابینكردنی مافی بڕیاردانی چاره‌نووس بۆ گه‌لی كوردستان و پێدانی هه‌لی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مافی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ بۆ گه‌لی كوردستان، ئه‌و گه‌له‌ی كه‌ به‌كرده‌وه‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانی سیاسی و ئایینی وه‌ك جوانترین نموونه‌ له‌م ناوچه‌یه‌دا به‌رجه‌سته‌ كردووه‌. له‌وانه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی قه‌باره‌ی ئه‌و قوربانییانه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستان پێشكه‌شیكردووه‌ له‌شه‌ڕی دژ به‌ رێكخراوی تیرۆرستیی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش. هه‌روه‌ها زه‌مینه‌سازكردن بۆ گفتوگۆی سیاسییانه‌ی هێمن له‌نێوان عیراق و هه‌رێمی كوردستاندا بۆ پێدانی مافی ریفراندۆم و سه‌رپشككردنی گه‌لی كوردستان له‌ دیاركردنی چاره‌نووسی خۆی).

 

295 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/2/2022 9:54:01 AM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو