دۆسیە
هه‌ڵبژرادنه‌كانی گۆڕان ئومێدیان بۆگۆڕانخوازان دروستكردوه‌؟
ڕاپۆرتی ‌:عه‌بدول نه‌جم
بزوتنەوەی گۆڕان 25ی ته‌مموز رێكخەری گشتی و خانەی راپەراندن و رۆژی شەممەش جڤاتی گشتی هەڵبژار،له‌دوای هه‌ڵبژرادنه‌كانی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ كاردانه‌وه‌ی ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆی گۆڕانی به‌دوایدا خۆیدا هێنا و ده‌ڵێن، هەڵبژاردنەكان دوبارە بێئومێدیەكی تری لای جەماوەری گۆڕانخواز دروستكردەوە.

هەڵبژاردنەكان دوبارە بێئومێدیەكی تری لای جەماوەری گۆڕانخواز دروستكردەوە
ئەندامی خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی گۆڕان (حاكم شێخ لەتیف)، له‌لاپه‌ره‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك نوسیویه‌تی: دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا خەڵكانێكی زۆر هاوسۆزیەكی بێسنوریان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دەربڕی، بەڵام بەداخەوە هەڵبژاردنەكان دوبارە بێئومێدیەكی تری لای جەماوەری گۆڕانخواز دروستكردەوە.
 
حاكم شێخ لەتیف ده‌شڵێت: لەیەكەم هەنگاوی دوای مەرگی رێكخەری دامەزرێنەر و وەك شكاندنێكی راستەوخۆی پەیامەكەشی، هەڵبژاردنەكە پڕبو لە دەستەگەری و رێككەوتن (بەبەڵگەوە) بۆ دەرچواندنی پاسەوانی كۆن بۆ خانەی راپەڕاندن (یان مەكتەبی سیاسی)، بەتەواوەتی گەنجەكانیان دورخستەوە یان ناچاریانكردن پاشەكشە بكەن .

بەگەنجەكانی گۆڕان دەڵێم خۆتان هەڵمەخڵەتێنن
حاكم لەتیف ئاشكراشی كردووه‌: پاسەوانی كۆن كە دەیانوت بۆ پارەو دەسەڵات نەهاتوینەتە دەرەوە، سەلماندیان وانیەو دەبێت لە بێشكەوە بۆ قەبر ئەندامی مەكتەبی سیاسی بن . جگە لەڕێكخەری گشتی كە ئاساییە بۆ یەكێك لەكۆنەكان بێت، دەبوایە هیچ نەبێت چوار كەس یان سێ كەس لەخانەی راپەڕاندن بۆ گەنجەكان بێت، بەگەنجەكانیش دەڵێم خۆتان هەڵمەخڵەتێنن پلەو پایەتان هەرچییەك بێت، چەند بەگۆڕانەوە ماندوبن هەموتان لای ئەوان كارمەندن و ئەوان خاوەندار .


پرسی گۆڕان گۆڕا بۆپرسی سیاسی ناوخۆی وتەکەتول وپۆست
بورهان عه‌بدولڕه‌حمان كادری پێشكه‌وتوی یه‌كێتی ده‌ڵێت ، پرسی گۆڕان لەپرسی خەڵک وشەقامەوە گۆڕا بۆپرسی سیاسی ناوخۆی وتەکەتول وپۆست، لێرەشەوە چووبۆ تێکۆشەری دێرین وگەنجی نوێ ...گەنجە،نوێیەکانیش بوون بەودووسێ بەش، اسلامیەکان وگەنجانی توڕەی شەقام ئەمەش کەووتە شەپۆلدان ودواجار کۆنە پیرە یەکێتیەکان وگەنجە بێ ئەزموونە ئیسلامیەکان وگەنجی سەرشەقامی ناو،بزوتنەوەی گۆڕان لەخانەی ڕاپەڕاندن وڕێکخەرەی گشتی دا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە، پیرە یەکێتیەکان گەنجەبێ ئەزمونەکانی گۆڕانیان وەدەرناو خستیانە لاڕێی ڕێگای چاوەڕوانی گۆڕانه‌وه‌.

گۆڕان لەتەمەنی گەنجیدا مووی سەری سپی بوو 
ئه‌و كادیره‌ی یه‌كێتیی ده‌شلێت:ئەم قۆناغەی گۆڕان سەخت دەبێت خاوەن کارتە سپیەکانی گۆڕان دێنەقسەو ڕووبەڕوی خاوەن کارتەکانی پیرە یەکێتیەکان دەبنه‌وه‌، ڕاگەیاندنەکان پاڵەوانی نوێی ناو هەناوی گۆڕان بەمۆدێلێکی تر بەرهەم دێنن وئەم ماوەیەش بەوانەوە خەریک دەبینه‌وه‌،جارێکی ترگەنجەکانی گۆڕان بێ ئومێد دەبنەوە لە سەردەستی خودی ئەوبزوتنەوەیەی ئومێدیان پێبوونائومێدبوونی گەنجانی گەورەترین مەترسی ئەم قوناغەدەبێت بو دەسەڵاتی کوردی بەگشتی وگۆڕان بەتایبەتی ،ژنانی ناوگۆڕان لەژنانی ناوحیزبەکانی تریان خراپتربەسەرهات. بەبەراورد بەیەکێتی کۆنەساڵ ،یەکێتی زۆر ژن دۆستترە وهەندێک جار ژن لەیەکێتیدا لەباڵای باڵادایە.كه‌واته‌ گۆڕان لەتەمەنی گەنجیدا مووی سەری سپی بوو،جەستەی سست دەبێت وئیرادەی گۆڕان خوازان دەخاتە بەردەم ئیسلامیەکانه‌وه‌.

ئەمڕۆ كاك نەوشیروان گەورەتر بوو
به‌لام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ڕۆژنامه‌نوس شادمان مەلا حەسەن  ده‌ڵێت:لەوەتەی كاك نەوشیروان چۆتە شاری خامۆشان. قسە زۆر لەسەر دوای ئەو دەكرا . خۆشم زۆرجار دلە راوكێم بوو .بەلام ئەمڕۆ گەورەیی ئەم پیاوە بە یەكجاری دەركەوت ، كاتێ بەرپرسیارەتی حزبەكەی دابەش كرایەوە نە كوڕێكی نە برایەكی لەگەل نەبوو ، ئەوجا سەڵماندی لەمەشیان چەند ئەخلاقێكی بەرزی هەبووە ، چونكە لەم رۆژهەڵاتە دەوڵەت و حزب زۆرینەی هەرە زۆری بە بنەمالە كراوە، لە حزبەكانی تر باوكەكان هەموو شەڕەكەیان بۆ كوڕەكانیانە كە هێشتا خۆیان ماون .

ئەگەر گۆڕان نەبوایە ئەم گەنجانە هیچیان ئەم شوێنانەیان پێ نەدەدرا
ئه‌و ڕۆژنامه‌نوسه‌ ده‌شڵێت: گلەیی زۆر كرا لەسەر ئەوەی گەنج لەم خانەیەدا نیە . ئەمەشیان هەتا ڕادەیەك ناهەقیە ئەمانە زۆربەیان پۆست و پارەیان كاتی خۆی جێهێشت دوای ئەوە كێ بەقەد گۆڕان گەنجی هێنا پێش و لە پۆستە گرنگەكانی دانا . وەزیرەكانی حكومەتی هەرێم و بەغدا و ئەندام پەرلەمانەكانیان لە هەولێر و بەغدا بەدلنیایەوە گەنجی لێهاتوون بەلام ئەگەر گۆڕان نەبوایە ئەم گەنجانە هیچیان ئەم شوێنانەیان پێ نەدەدرا . درود بۆگیانی پاكی كاك نەوشیروان راستگۆترین سەركردەی سیاسی ئەم وڵاتە . پیرۆزبایش لە كاك عمر دەكەم ,چونكە پیاوێكی زۆر پاكە .

هێندەی فرسەخێکی ماوە گۆڕان ببێت بە یەکێتی دوو

شوان محمدی نوسه‌رو چاودێریش له‌ وتارێكدا ده‌ڵێت: ئەوەی رۆژی سێ شەممە ٢٥ تەموز لە هەڵبژاردنەکانی گۆڕاندا روویاندا دەمانگەیەنێتە ئەو راستیەی کە هێندەی فرسەخێکی ماوە گۆڕان ببێت بە یەکێتی دوو، ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا روویدا تەنها مانۆرێکی کۆنە یەکێتییەکان و دیاردەیەکی نا دیموکراسی ئەو دەستبژێرە نەبوو، بەڵکو شکستی نوخبەی هەڵسوڕاوە گەنجەکانی نێو بزووتنەوەکەو ژنانی ئەو بزووتنەوەیەیە، دەتوانین لە ئەنجامیشدا بڵێن: شکستە بۆ سەرجەم گۆڕان بە کۆنە یەکێتییەکان و نوخبە نوێکەوە، کادیرێکی یەکێتی کە نیوەی تەمەنی خۆی لە نێو ئەو حیزبەدا بەسەربردێت، ناکرێت هەروا زوو شێوەی بیرکردنەوەو ستایڵی کارکردنی بگۆڕدرێت و، دەستبەرداری دەستەبەندی و مانۆری رێکخراوەیی و رێککەوتنی پێشوەختی نا دیموکراسی لەسەر پۆستەکان ببێت، ئەوان بەو شێوەیە پەروردەبوون، زەحمەتە بگۆردرێن، بەڵام دیوی سەرەکی گرفتەکە لە گەنجەکان و ژنانی بزووتنەوەی گۆڕاندایە کە نەیانتوانی بە گرووپ کاربکەن و وەک جەمسەرێکی تری بەهێزی نێو بزووتنەوەکە دەربکەون.



گەنجەکانی گۆڕان ناتوانن پێکەوە بە گرووپ کار بکەن
شوان محه‌مه‌د ده‌ڵێت لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦ دا ئەو دەمەی کاک نەوشیروان لەدوای چارەسەر گەڕابووە کوردستان، بۆ هەواڵ پرسین لە باری تەندروستی سەردانم کرد، زیاتر لە کاتژمێرێک پێکەوە دانیشتین، دەستپێکی قسەکانی لەسەر گەنجەکانی گۆڕان بوو کە  بە گلەیی و رەخنەی دەستیپێکرد کە " ناتوانن پێکەوە بە گرووپ کار بکەن"، ئەوەی رۆژی هەڵبژاردنەکانی گۆڕان لە ٢٥ تەموزدا روویداو،  یەک تاکە گەنج و، یەک ژن نەیانتوانی سەربکەون بۆ خانەی راپەڕاندن، ئەنجامی ئەو پەرت و بڵاویەی گەنجان و ژنانی ئەو حیزبە بوو کە هەر زوو رێکخەرەکەیان تێبینی لەسەری هەبوو، گەنجانی گۆڕان، یان بڵێن نەوەی دووەمی گۆڕان کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە بەرپرسی کۆنی یەکێتی نەبوون و لە گۆڕاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرت، بەدرێژای ئەو چەند ساڵەی دروستبوونی گۆران لە هەڵوەریندان و بەدەیان گەنجی خوێندەوارو ئاکتیڤیان ئێستا لەدەرەوەی بزووتنەوەکەن، ژمارەیەکی کەم لەو گەنجانە لەلایەن بەرپرسە کۆنەکانی یەکێتیەوە تەنگیان پێهەڵچنراوە تا ریزەکانی گۆڕان جێبهێڵن، بەڵکو بەهۆی یەکتر قبووڵ نەکردنەوە، هەر لەلایەن گەنجەکانی گۆڕان خۆیانەوە ناچار کراون ریزەکانی نێو بزووتنەوەکە جێبهێڵن.

ژنانی گۆڕان نەیاتوانییوە لە شوێنی بڕیاری نێو بزووتنەوەکەدا شوێن و پێگەیان هەبێت
ئه‌و نوسه‌ باس له‌وه‌شده‌كات :ژنانی گۆڕان کە بەدەیان چالاکوانی بەئەزموونی کۆنی یەکێتی و نوێی تێدا گردبۆتەوە، ئەوانیش نەیاتوانییوە لە شوێنی بڕیاری نێو بزووتنەوەکەدا وەک گرووپێکی خاوەن کاریگەر شوێن و پێگەیان هەبێت،نەرێتێکی تری نێو بزووتنەوەی گۆڕان کە لەمەیاندا هەردوو نەوە بەشدارن، نەوە کۆنە یەکێتییەکەو نەوە گەنجەکە، بڕوانەبوون بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەترسن لە پرۆسەی هەڵبژاردن کە ئەنجامێکی باش بەدەستنەهێنن و " بشکێن" لە کاتێکدا دیموکراسیەت بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک کوردستاندا پشوو درێژی و خۆڕاگری دەوێت، لەنێو دیموکراسیەتدا " تاک" بە تەنها ئامانج نییە، بەڵکو بەرەوپێشبردن و پەرەسەندنی دیموکراسیش ئامانجە، دیموکراسی پرۆسەیەکی رەها نییە رێژەکان وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵکو ئەوەی ئەمڕۆ کەمایەتییە، سبەی دەبێتە زۆربە، گرنگ بەشداریکردنە لە پرۆسەکەدا، چونکە تەنها لەو ڕێگایەوە دۆخەکە دەگۆڕدرێت، نەک لە دوورەوە تەماشکردن.
سەرکردایەتی گۆڕان پرۆسەیەکی نادیموکراسی ئەنجامدا
له‌كۆتایدا شوان محه‌مه‌د ده‌شلێت:دەستەی سەرکردایەتی گۆڕان پرۆسەیەکی نادیموکراسی ئەنجامدا، ئەو پرۆسەیە هێندەی نزیکی کردوونەتەوە لەو رێگایانەی دەیانباتەوە سەر یەکێتی، نیو هێندە نزیکی نەکردوونەتەوە لە گۆڕانێک کە وەک هێزێکی دیموکراسی نوێ خۆی نمایش بکات، هەر بۆیە گۆڕان لەبەردەم دووڕیانێکدایە کە بە ئێستاشەوە هیچ دوورنییە ببێتە هێزێک کە ‌هێدی هێدی ببێتە هاوشێوەی یەکێتی و، لێوان لێو بێت لە گرووپی خاوەن بەرژەوەندی بچووک بچووک، هەروەها هیچ دوورنییە کە قۆناغ بە قۆناغ لە ساڵانی داهاتوودا لە بنەماڵەیی نزیک بێتەوە بەتایبەتی لە ئێستادا نەتوانراوە بەتەواوی ئەو توولە رێگایانە بگیرێت کە ئەو بزووتنەوەیە دەباتەوە نێو فەزای بنەماڵەیی.
652 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/26/2017 1:15:06 PM
زیاتر ...