دۆسیە
ئه‌زموونی قوباد تاڵەبانی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو ‌و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا
 ئاڕاستە
ئه‌زموونی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو ‌و گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ریخستووه‌"
قوباد تاڵه‌بانی سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت

په‌رله‌مانتاران و چاودێرانی سیاسی ده‌ستنیشانكردنی قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ‌ و پڕبایه‌خ وه‌سف ده‌كه‌ن ‌و وپێیانوایه‌، ئه‌زموونی هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو و گفتوگۆكانی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر بودجه‌ی هه‌رێم، ده‌ریخستووه‌ كه‌ قوباد تاڵه‌بانی له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووه‌.
ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كه‌ن، پێكهێنانی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان هانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌دات زیاتر روو له‌ سندوقه‌كانی ده‌نگدان بكه‌ن، بۆ سه‌رخستنی ئه‌و لیسته‌ و نوێنه‌رانی كورد له‌ به‌غدا.

بڕیارێكی دروست
ئه‌ڵماس فازڵ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاندووه‌: ده‌ستنیشانكردنی قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان بڕیارێكی دروست و له‌ جێگای خۆی بوو، چونكه‌ هه‌موو كاتێك له‌ سه‌ر رێگا و رێچكه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌ڕوات.
وتیشی: "له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ دیبلۆماسی و سیاسه‌تی قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك هێمنی و له‌سه‌رخۆیی وایكردووه‌ هه‌میشه‌ سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبهێنێت، وه‌ك بینیمان له‌ گفتوگۆی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ئه‌نجامدرا، چۆن سه‌ركه‌وتوو بوو و توانی قه‌ناعه‌ت به‌لایه‌نی عێراقی بكات كه‌ بودجه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت، ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پشوو درێژیی قوباد تاڵه‌بانییه‌ له‌ گفتوگۆكان‌ و پێداگیریی له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانی شایسته‌ داراییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان.

یه‌كڕیزی و هاوپه‌یمانی
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ راشیگه‌یاند: به‌هۆی جیاوازی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوودا، یه‌كڕیزی لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان زۆر گرنگه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و یه‌كڕیزی و هاوپه‌یمانییه‌ نه‌بێت ده‌نگێكی زۆر به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات، بۆیه‌ هاوپه‌یمانی نێوان یه‌كێتی ‌و گۆڕان بۆ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ و ئارامی و سه‌قامگیری گرنگ ‌و پێویسته‌، هاوكات واده‌كات له‌ داهاتوودا هاوپه‌یمانێتییه‌كی به‌هێزتر له‌ به‌غدا دروست بكرێت، له‌ پێناو به‌رگریكردن له‌و پرسانه‌ی بۆ كورد چاره‌نووسسازه‌.
لایخۆیه‌وه‌، عه‌بدولناسر ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاندووه‌: هاوپه‌یمانی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، هه‌نگاوێكی گرنگ و پێویست بوو بۆ ئه‌م قۆناغه‌، باشتر بوو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌ له‌ نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان فراوانتربوایه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ یه‌ك ده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كان واده‌كات پارێزگاری له‌ پێگه‌ی خۆمان له‌ به‌غدا بكه‌ین.

سه‌ركه‌وتنی وه‌فدی هه‌رێم
وتیشی: "جگه‌ له‌ گرنگی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌، هاوكات ده‌ستنیشانكردنی قوباد تاڵه‌بانی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ واده‌كات سه‌ركه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بێت، به‌تایبه‌تی له‌ رابردوودا ئه‌زموونمان هه‌یه‌ كه‌ قوباد تاڵه‌بانی رۆڵی به‌رچاوی بینیوه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تیی لیستی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی 2018ی په‌رله‌مانی كوردستاندا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌ر بۆ دڵنیابوون له‌ سه‌ركه‌وتنی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی كوردستان گفتوگۆكانی نێوان وه‌فدی هه‌رێم و به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تی قوباد تاڵه‌بانی به‌نموونه‌ ده‌هێنینه‌وه‌، ئه‌و گفتوگۆیانه‌ وایكردووه‌ وه‌فدی هه‌رێم سه‌ركه‌وتن به‌ ده‌ستبهێنێت و كێشه‌ ئابووری و داراییه‌كان تاڕاده‌یه‌كی باش چاره‌سه‌ر بكات، كه‌ دواجار لێبڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم كۆتایی هات، ئه‌وانه‌ هه‌مووی به‌ هه‌وڵ و هیمه‌تی قوباد تاڵه‌بانی و وه‌فده‌ یاوه‌ره‌كه‌ی بوون.

پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی كوردستان
هاوكات، د.نادر نانه‌كه‌لی چاودێری سیاسی‌ و مامۆستای زانكۆ ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی كراوه‌ بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی كوردستان هه‌نگاوێكی زۆر باشه‌، به‌تایبه‌تی ده‌بینین لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك حزب و لایه‌نی سیاسی كراوه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌دا ده‌نگه‌كان به‌ فیڕۆ نه‌چێت ‌و پڕۆسه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان ته‌واو بێت".
وتیشی: "له‌ هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی رابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌ 2014 و په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 2018 قوباد تاڵه‌بانی رۆڵێكی به‌رچاوی هه‌بوو له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا ئێمه‌ پێمانوایه‌ قوباد تاڵه‌بانی پیاوی ده‌وڵه‌ته‌ و واقیعیانه‌ له‌ بارودۆخه‌كه‌ ده‌ڕوانێت، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌ گوێره‌ی بارودۆخه‌كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكات".
پێشیوابوو: بۆ ئه‌وه‌ی لیستی هاوپه‌یمانیی كوردستان و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌گشتی به‌رامبه‌ر به‌غدا سه‌ركه‌وتن و كورسی زیاتر به‌ ده‌ستبهێنن، پێویسته‌ خه‌ڵكی هانبده‌ن بێنه‌ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان، چونكه‌ له‌م كاتانه‌دا به‌ هۆی كۆمه‌ڵێك قه‌یران ‌و بوونی كێشه‌ی خزمه‌تگوزاریی، خه‌ڵكی پێویستیان به‌ هاندانی زیاتره‌ تا به‌شداری له‌و پڕۆسه‌یه‌دا بكه‌ن.

سەرچاوە : کوردستانی نوێ
1460 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/23/2021 3:04:40 PM
زیاتر ...
زۆرترین خوێندراو